بە بیرم دێ کاتێک یەکەم جار لە ئەوروپاوە گەڕامەوە بۆ کوردستان، هیچ شتێک بە قەد ماڵی منداڵیم تووشی شۆکی نەکردم. هەر لەو ماڵەدا، دەیەها شەو چەندین میوان و منداڵ خەوتوون و کەسیشمان پێمانوانەبووە جێگا تەسک بووە. بەڵام کاتێک وەک گەورەساڵێک تەماشای هەمان ماڵ و ژوورەکانی دەکەم، هەستدەکەم ناکرێت ئەو ڕەشە خێزان و میوانانە لەوێدا توانیبێتیان دابنیشن نەک بخەون.
کە دەچیتە سەردانی (جیهانی ئەسترید لیندگرێن) لە ڤیمەربی سوید، لە شوێنێکدا ڤیلای بچووک دروستکراوە و منداڵان بە کەماڵی ئیستراحەت لە پەنجەرەوە دەچنە ژوور و لە دەرگاوە دێنەدەر. بۆ ئێمەی گەورەساڵان، ڤیلاکان لە یاری لێگۆ دەچن. تۆ دەتوانیت دەست بخەیتەسەر سەربان و هەموو ماڵەکە هەڵبگریت. ئەوەی کە دوو هەستی جیاواز لای دوو تەماشاچی بچووک و گەورە دەخوڵقێنێ، گۆشەنیگای سەرنجدانە. سەرنجدانێکی گەورەساڵانە لە هەمان رووبەرو قەوارە و هاوکاتیش سەرنجدانێکی دیکە لە هەمان دیمەن بە چاوەکانی منداڵییەوە. 
 
بچووک یان گەورەکردنەوەی جیهانەکان
نموونەکانی سەرەوە، ئەم پرۆسەیەمان بە هەردوو ئاڕاستەکەدا نیشاندەدەن. لە لایەکەوە شوێنێک دەبینین زۆر گەورە بووە و ئێستا پێتوایە وا نییە، لە لایەکی دیکەوە بە پێچەوانەوە ماڵێک دەبینی بچکۆلەیە و  کە چی بۆ کەسانی دی گۆڕەپانێکە.
ئینسان لە ژیانی ڕۆژانەیدا دەکرێ هەمان پرۆسە هەست پێبکات و بێئەوەی بتوانێت زۆر لە سەری بوەستێت. بەڵام کاری من لەم کورتیلە وتارەدا وەستانە لە بەرانبەر ئەم پرۆسەی بچووک یان گەورەکردنەوەی جیهاندا، ئەویش لە پەیوەند پرسیارێکی زیندووی وەک نەدانی مەعاشدا لە ئیستای کوردستاندا. 
 
 من و ئەوروپا
یەکێک لەو پرسیارانەی کە هەمیشە وەک کۆچبەرێک ڕووبەڕووتدەبێتەوە ، پرسیاری ئەوەیە: ئێرەت پێخۆشە یان نا؟ بە جیا لە مەغزا جۆراوجۆرەکانی پشتی پرسیار، وەلامی ئەم پرسیارە بۆ من هیچ کاتێک ناکرێ بە ئا یاخود نا وەلام بدرێتەوە. من لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا، دەمەوێ بچمە وێزەی لایەنێکی  بچووککردنەوەی دنیای خۆم لە ئەوروپادا. 
ئەوروپا بۆ من کۆمەڵێک دەرگا دەخاتە سەر پشت و کۆمەڵێکی دیکەشم لە سەر دادەخات. ئەمە دەکرێ وەڵامی من بێت لە بەرانبەر پرسیاری: ئێرەت پێخۆشە یاخود نا؟ کورد واتەنی، وەڵامی ئەم پرسیارە لەوە دەچێت بڵێی، هیچ بە دەستەوە. 
من لە نیشتیمانی یەکەممدا، وەک هاوڵاتییەک و ئەکتیڤیستێکی سیاسی کۆمەڵێک خەونم هەبوون کە زۆر گەورە بوون. خەونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانی نێوان نێرومێ، هەڵگرتنی ستەمی میللی لەسەر خەڵکی کورد، هاوپشتی لەگەڵ خەلکانی دیکە کە هەمان چارەنووسی وەک ئێمەی هەیە. هیچ کامێک لەم خەونانە لە نیشتیمانی یەکەمدا، تا ئەو کاتەی من لەوی بووم، ئیمکانی بەدیهاتنییان نەبوو.  لە ئەوروپادا ئەو خەون و پرسیارانەی ئەوێم لێرە ون نابن، بەڵام بە پێی ڕۆژ و رەوتی ڕووداوەکانی کۆمەلگای نوێم، هەمیشە لە پلەی یەکەمدا نامێننەوە. نە لەبەر پاشگەزبوونەوەی من لەو ئیدیاڵانە، بەلکو مەشغەڵەکانی کۆمەلگای نوێ پرسیاری دیکە دێنێتە پێش. یەکێک لەو پرسیارانەی کە قەبارەی ئەم خەونە سیاسی و ئینسانیانەی دی بچووکدەکاتەوە، ڕاسیزمی کۆمەڵگای نوێیە.
 
راسیزم و بچووککردنەوەی دونیا
بێنە بەرچاو، خەون و مەراقە ئینسانی و سیاسیەکانی ئینسانێک بەرابەری و یەکسانی حورمەتی ئینسان و نەخوێندنەوەی شوناسە دەستکردە قەومی و ئاینی و کولتورییەکان بێت و لە پڕێکدا دەستبەرداری هەموو ئەمانە ببیت و هەموو تێکۆشانت ببێتە ئەوەی کە دەبێ بجەنگی بۆ ئەوەی کە وەک کەسێکی سەر ڕەش قبوڵ بکرێیت. واتا بە کۆمەڵگاو دەوروبەر بڵێیت  کە من وەک کەسێک کە ڕەنگی قژم ڕەشە دەکرێ هەمان مافم هەبێت وەک ئەوانە دیکە کە سەریان ڕەش نییە. 
ئایا ئەمە بچوککردنەوەی خەونەکان نییە؟
ئەمە هێنانەخوارەوەی ئاستی تەوەقوعەکانی ئینسان نییە ؟
ئەمە بێگوومان بەو مانایا نییە کە ئینسانی کۆچبەر لە ئەوروپا هیچ شتێک ناکات بە جیا لە دەرگیربوون لەگەڵ پرسیارەکانی راسیزمی کۆمەلگای نوێدا و هێز و بزووتنەوە ئینساندۆستەکانی کۆمەڵگا پەنابەرانیان بە جێهێشتووە بۆ هێزەڕاسیستەکان. بەلکو ئەمە بە مانای  کاریگەریی پرسیاری ڕاسیزمە کە چۆن ئینسان دووچاری مەراقە هەتا بڵێی بێ مانا و بچووکەکان دەکات کە دەکرێ نیگاکانی ئینسان لە زۆر مەسائیلی گەورەتری کۆمەلگا بدزێت.  لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نییە کە خەباتکردن دژی هەموو ئەو نا عەدالەتیانەی دیکە لە یەکتری دابڕاون و ئینسان دەکرێ بە شێوازی بەش بەش و پچڕ پچڕ خەبات بکات، بەلکو کاریگەرییە سایکۆلۆژیەکانی ڕاسیزم ئینسان دەخاتە دۆخێکەوە کە خەون و مەراقەکانی خۆی  دەخاتە ناو گوتاریكی تا ڕادەیەک بچووکترەوە. ئیتر پرسیاری یەکسانی و بەرابەری بۆ هەموان دەبێتە، بۆ هەموان بە هەموو ئەو کەسانەیشەوە کە لە کونج و کەلەبەرەکانی دیکەی دنیاوە هاتوون. ئیتر گەڕان بە دوای کاردا و چاوەڕوانییەکان لەوەدا نییە کە تۆ پێتوابێ سەیری توانایی و لێهاتوویەکانت بکرێت ، بەلکو مەراق دەبێتە ئەوەی کە ناو و ئاماژەکانی رەنگی قژ و زمان جیگایەکی زیاتر لای خاوەنکار داگیرنەکات.
بەلام ئەم هەموو بگرەو بەردەیەی من لەم وتارەدا بۆ ئەوە نەبوو کە حەکایەتی سەرڕەشبوونی خۆم بگێڕمەوە، بەلکو بۆ ئەوە بوو کە سەرنجێک لە پرسیاری نەدانی مەعاش و کاریگەرییەکانی بدەم لە ئیستای کۆمەلگای کوردستاندا. کە بە بڕوای من هەمان ڕۆڵی هەیە لە بچووککردنەوەی پێشبینی و خەونەکانی ئینسانی کورددا لە کوردستان. 
نەدانی مەعاش، ئینسانی ئێمە لە هەموو خەوناکانی دادەتەکێنێت و زمانی لێدەسەنێتەوە و سەرتاپای ئەو داخوازیانەی کە تا بەر لە نەدانی مەعاش وێردی سەر زاری هاوڵاتیانی کۆمەلگایە  بچووکدەکاتەوە بۆ: مەعاش کەی دێت.
ئاخر ئینسان لەگەڵ پرسیاری نەدانی مەعاشدا رووبەڕووی مەرگ دەکرێتەوە. تا چەند رۆژی تر دەکرێ کرێێ ماڵ نەدرێت و خۆراک بۆ ماڵ و مندال نەکڕدرێت. نەدانی مەعاش یانی ئەکتیڤکردنی هاوکیشەی جەنگ لە پێناوی مانەوەدا، هەڵبژاردنی  تاکتیک و ستراتیژی تایبەتییە بۆ بەدەستهێنانی نانی بەیانیی. پرسیاری گەندەڵی چی لێدێت، دۆسیەی کاوە گەرمیانی بە کوێ دەگات، حوکمەت بۆ تەشکیل نابێت، پارەی نەوت بۆ کوێ دەچێت، ئەم هەموو پرسیارانە بە مەراقی مەعاش دەگۆڕدرێنەوە و ئینسان دەستبەرداری هەموو پرسیارەکانی دیکە دەبێت.
لە ئاستە دیارەکەیدا، پرسیاری نەدانی مەعاش ، ئاماژەی تەنگژەکانی نێوان دەسەلاتی بەغداد و هەولێرە. ئەمە ئەو حەکایەتە ڕەسمییەیە کە دەبیستریت. بەڵام لە ئاستە تایبەتییەکەیدا، هەر کێشيیەکی تایبەتیش لە نێوان هێزەکانی دەرگیر لەم ئەزمەیەدا هەبێت، نەدانی مەعاش بەرەکەتێکە و دەسەڵاتی سیاسی گەورەترین قازانجی لێدەکات. ئاخر بەر لە نەدانی مەعاش هاوڵاتی کورد دەیەها پرسیار و داخوازی سیاسی و جدی هەیە و دەسەڵات ناچاردەکات لە بەرانبەریاندا هەڵوێستوەربگرێت. بەڵام لەگەڵ ئەزمەی نەدانی مەعاشدا، هاوڵاتییەکی دیکە دێتە پیش کە تاکە مەراقی مەعاشە و هیچ پرسیارێکی دیکە شک نابات. ئا ڵێرەوەیە کە مەعاش دەبێتە ئەو کەرەستەیەی کە خەونە گەورەکان لە ناوەڕۆکی خۆیان دادەتەکێنێت و ئینسان دەرگیری پرسیارێک دەکات کە لە راستیدا دەبێ لە جێی نەبوان بێت. ئەوەی کە لە بەرانبەر کاری کردوودا ئینسان دەبێ کرێکەی وەربگرێت یەکێک لە هەرە مافە سادەکانی ئینسان و پرسیارێکی هەتا بڵێی بێمانایە بلێی: کوا کرێ یان مەعاش بە تایبەتی کاتێک خاوەنکار دەوڵەتە.  ئەمە یەکێک لە لایەنە گرنگ و شاراوەکانی پشتی نەدانی مەعاشە کە خەونە گەورەکانی ئینسانی ئێمە بچووکدەکاتەوە و سەرقاڵی پرسیارێکی هەتا بڵێی سەخیفی دەکات. سەرنجڕاکێش لەم پرسیارەدا ئەوەیە کە بەرەکانی دەرگیر لەم جەنگی دان و نەدانی مەعاشەدا، بە تایبەت لەلایەن دەسەلاتی کوردییەوە، پرسیاری ناچارکردنی بەغداد بۆ دانی مەعاش بە دەستکەوتێکی گەورەی سیاسی بۆ خۆیان لە قەلەم دەدەن و وەک سەرکەوتنێکی گەورەش چاوی لێ دەکەن.  بەڵام دۆراوی ڕاستەقینە، ئەو کەسانەن کە دەبێ مەعاشییان بدرێتێ. یانی ئەو کەسانەی کە دەبێ چەپلەی بردنەوەی ئەم جەنگە سیاسییە بۆ سەرکردەکانی خۆیان لێبدەن. بە کوردییەکەی، ئەو کەسەی کە مەعاشی بڕاوە و بڕیارە مەعاشەکەی بدرێتەوە، ئەو دۆڕاوەیە کە خەونە گەورەکانی دیکەی پێفرۆشرا تا خەونێکی سادە و سەخیفی پێبکڕێتەوە کە وەرگرتنی مەعاشە. 
بە سویدی پەندێک هەیە کە دەڵێ: شێری برسی باشتر ڕاودەکات. ئەگەر وەزیفەی نەدانی مەعاش برسیکردنی شێرەکانی کۆمەڵگای لێبکەوێتەوە کە هاوڵاتیانە، ئەوا نەدانی مەعاش نەک ڕاوکەرێکی باشتر بەرهەمدەهێنێ، بەلکو  لە ڕاوکردنی خەونە گەورەکانی ئەواندا، نێچیرێکی دەستەموو دەخاتە بەردەمی دەسەڵاتی سیاسی. 

20140310