"له‌سه‌ر دۆسیه‌ی یادکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، هونه‌رمه‌ندان دوابه‌دوای یه‌کتر رونکردنه‌وه‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه"، ئەم دەربڕینە، ناونیشانی کورتیلە ڕێپۆرتاژێکی ڕۆژنامەی (هاوڵاتی)یە لە پاش ڕوونکردنەوە  تایبەتیەکەی عەدنان کەریم و دیاری قەرەداغیدا.  
دیاری دەنووسێ:" بە‌ڕێزانم زۆرن که‌ سامانى بێ هاوتایى وڵاتیان له‌گیرفان ناوه‌، زۆرێک له‌(سیاسیى و کاربه‌ده‌ست و بازرگانى جه‌نگ و به‌ڵینده‌ره‌ حیزبییه‌کان) ئه‌وه‌ منى هونه‌رمه‌ند نیم به‌شدارى ئه‌و تاڵانییه‌ بم.” چونکە بە قسەی دیاری:" ئەو بڕە پارەیە بۆ کلیپەکە بووە نەک بۆ گیرفانم."  
ڕوونکردنەوەکەی عەدنان کەریم قەباعەتتر.     
کەسانی دیکەش بێنە جواب، لەم روونکردنەوانە باشتر دەرنابڕن. 
 
بەڵام ئەگەر کەسێک ئەم مەلەفەی ئاشکرانەکردایە، زۆر کەس نەیدەزانی کە کرێی گۆرانییەکی نەوتراو چوار دەفتەر دۆلارە. زۆر جار دەڵێن کرێێ سەرۆککۆماری عێراق  لە ئۆباما زیاترە. بەڵام دەرکەوت کە کرێی گۆرانییەکی نەوتراو  یان کلیپکراوی هونەرمەندە دەستنەڕۆیشتووەکانی کورد چەند  لە گۆرانییەکانی (بیۆن سێ) و (لەیدی گاگا) زیاترە.  لە ئاهەنگێکی مایکل جاکسۆن و مادۆنادا لە سوید، بەندە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیم دا بوو بۆ بلیتی هەر یەکێکیان تا لە نزیکەوە گوێم لە دەنگی ئەو دوو زاتە گەورەیە بێت. بە ٣٠ دۆلاریش بلیت دەستکەوت،  بەلام کەمێک دوورتر لە گۆرانیبێژەکانەوە شوێنت بەردەکەوت.    
 
دەرکەوتنی ناوی ئەم دوو گۆرانیبێژەی کورد و لیستێکی درێژ لە ناوی دی، پێشتریش لیستی ژنە نەقیب و بەرپرسە سەربازییەکانی کە خانەنشین کرابوون،  دەریدەخات کە  حەپەلۆشکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا هیچ  موچڕکەیەک لای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان پێکناهێنێت. جاران دەیانوت، لای کابرا زەلامکوشتن و ئاوخواردنەوەی  وەکو یەک وایە. ئێستاش لە بندیواردا دانیشتن و مەعاشوەرگرتن، داناییە. گۆرانینەوتن و پارەوەرگرتن، کارێکی زۆر ئاساییە.  سرودێک  بۆ هەڵەبجە و شیوەن بۆ نیشتیمان و ئەنفال، ناکرێ خود بەخود ڤاکسینی دژە وەرگرتنی نەخۆشی دەفتەرە دۆلارت پێببەخشێت.    
 
بە بڕوای من لە گەڵ ئەم لیستە نوییەدا، زەڕڕەیەک جیاوازی لە نێوان باوکە گەورەکانی سیاسەت و باوکەکانی شیعرو گۆرانیدا نەماوەتەوە. ئاخر زۆرن ئەوانەی دەڵێن: مەگەر ئێمە بۆ لە شاخ بووین، حەقممان نییە سەیارەیەک و پۆستێکمان هەبێت. گۆرانیبێژی کوردیش دەڵێ: مەگەر پارەی کلیپەکەم کێ بیدات.  
لەم شایی و لۆغانی گۆرانینەگوتن و پارەوەرگرتنەدا، هەستدەکرێت ناکرێت تەنها دەسەلاتی کوردی جێی ڕەخنە بێت. بە بڕوای من لە ئێستادا ئێمە لە دۆخێکداین کە سەرتاپای کۆمەلگا گەندەڵکراوە و بووەتە بەشێک لە بونیادێکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانەوەی گەندەڵی. بۆیەش هۆنینەوەی شیعر و شانامەی هونەر و هونەرمەندان و حەکایەتی کەس سێدێمان ناکڕێت، هیچ شتێک نییە جگە لە بەلگەیەکی سووک و هەرزان بۆ داتاشینی ئەم نۆشکردنەی دەفتەرە دۆلارەکان. 
(رینێ ژیرارد) لە کتێبی "قۆچی قوربانی"دا  بەسەرهاتێکی جوانی ناو مەسیحییەت دەگێڕێتەوە. ژیرارد دەنووسێ:" کاتێک فەریسیی و پیاوە داناکانیان هاتنە لای مەسیح  لەگەڵ ژنێکدا کە بە تاوانی خیانەتی زەوجی (یاخود بێوەفابوون لە نەبردنەسەری پەیمانی هاوسەریدا) تاوانبار کرا بوو، ژنەکەیان لە بەردەم مەسیحدا ڕاگرت و وتییان: مامۆستا ! ئەم ژنە بە سەر تاوانەکەوە گیراوە و بە پێێ یاسای موسا سزاکەی بەردبارانکردنە.  ئێوە دەڵێن چی؟ بەڵام مەسیح چەمایەوە و بە پەنجە لە سەر زەوی دەستیکرد بە نیگارکێشان. کاتێک پرسیارەکەیان چەند بارە کردەوە، مەسیح سەری بەرزکردەوە و وتی: کێ لە ئێوە لە گوناح بێبەرییە با یەکەمین بەرد بوەشێنێت. دیسانەوە چەمایەوە و دەستیکردەوە بە نیگارکێشان. کاتێک وەڵامەکەی مەسیحیان بیست، یەک لە دوای یەک و لە پێش هەموویانەوە بە تەمەنەکەیان شوینەکەی جێهیشت و بە تەنها مەسیح و ژنەکە مانەوە. مەسیح سەری بەرزکردەوە و بە ژنەکەی وت: چییان لێهات! کەسێک نەبوو سزای تۆ بدات!. ژنەکە لە وەڵامدا وتی: نا گەورەم. مەسیح وتی: منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ و کارێکی وا دووبارە مەکەرەوە.  
 بۆ ژیرارد، یەکەمین بەرد جێگایەکی گرنگ لە هەموو پرۆسەی دادگایی و کاریگەرییە نەفسییەکانی زەبر و زەنگ و لاسایکردنەوەی ئەوانی دیدا داگیردەکات.  
 لە ئێستادا هیچ ڕێگرییەکی ئەخلاقی ، سیاسی، ئایدیۆلۆژی، ئاینی ، ئینسانی، حەیوانی لە کۆمەلگای کوردستاندا نەماوە تا  یەکەمین نەء بە رووی ئەم دزییە ئاشکرایەدا بووترێت. کەس یەکەمین نەء ناڵێت. ئەگینا دۆخی کۆمەلگای کوردستان بەم رۆژەگارە  نەدەگەیشت. لە کەبابچییەکەوە کە وەسڵ بۆ فەرمانبەرێکی دەرەجە هەشت دەکات تا پارەکەی وەربگرێتەوە لە حوکمەت، بۆ سایەقێک کە هیچ گرفتێک لەوەدا نابینێت کە ماڵ و منداڵ بخاتە ناو ماشێنی دائیرەوە و بیانبات بۆ سەیران، لە سەرنووسەری بەناوبانگترین ڕۆژنامەوە کە کرێ لە کەنالێکی ئاسمانییەوە وەردەگرێت کە بە پارەی دزراوی خەلکی کوردستان دامەزراوە، سەرتاپای کۆمەلگا بووەتە بەشێک لە دزی گەورە و بچووک تا هەر یەکە و بەشی خۆی بەرکەوێت. دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەوەی کەس پێی نەلێت تۆ دزیت، داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە بێن و لەم دزییە  ئاشکراو نهێنییەدا بەشدار بن. بە بڕوای من  ئەم لیستە و لیستەکانی دی کە دادەبەزێنرێن هیچ شتێک نییە جگە لە حەقایەتی دزییەک کە دزە گەورەکان  بە  بچکۆلەکانی دەڵێن: ئەم بێئەقڵییەتان لە چییە، ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی کۆمەلگا یانی چی، مەگەر هەموومان لە کەشتییەکدا نین. هاوکات دەسەڵات لە ڕێی بەدزکردنی هەموو ئەندامەکانی کۆمەلگاوە دەیەوێ کارخانەی بەرهەمهێنانەوەی بێدادی و نائومێدی بە هەموو مەکینەکانیەوە بخاتەکار،  ئەویش لە رێی نیشاندانی ئەو ناوانەوەی کە دەکرێ لای بەشێک لە هاوڵاتییان جێگای ڕێز و ستایش بن. ئاخر ئەگەر ئەمە ڕووخسارە جوانەکانی کۆمەڵگایە کاتێک نقەیان  لێوە نایەت لە بەرانبەر کارێکی نەکردوو دا کە کرییەکەیان بە زیادەوە وەرگرتووە، هاوڵاتییەکی سادەی داماو دەبێ چی بڵێت؟  
ئەم حەکایەتە و هاوشێوەکانی ، پرسیاری گۆڕانی کۆمەڵگا و دامەزراندنی کۆمەلگایەکی عەدالەتخواز هێندەی تر دەکاتە پرسیارێکی دوورە دەست. ئاخر لە ئێستادا ئینسان ڕووبەڕووی دەسەلاتێکی دز و تاڵانچیی نییە، بەڵکو دزی و بەتاڵانبردنی کۆمەلگا کراوەتە کولتورێکی کۆمەڵایەتی و ئەو کاتانە ئەم کردەوەیە بە دزی لە قەلەمدەدرێت کە دزی گەورە بە شوێن مەرامێکی دیکەی تایبەتییەوەیە ڕوو بە کۆمەلگا. ئەگینا هەر یەکە و لە سووچی خۆیەوە خەریکی حەپەلووشکردنی سەروەتی ئەم مەملەکەتەیە. هەریەکە و بە حەکایەت و عوزری خۆی.    
 
چەند ساڵێک لەمەوبەر و لە نیوەشەوێکی درەنگدا دەگەمە فڕۆکەخانەی دیمەشق. پێشتر لە ڕێی کۆمەڵێک هاوڕێی خۆمەوە ئەو ئاگادارییەم پێدرابوو کە بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان لە ڕێی دیمەشقەوە، پێویستە چەندین تاکدۆلاریم پێبێت تا بە کارمەندان و سەربازانی فرۆکەخانە بدرێت و کارئاسانیم بۆ بکرێت.  
کاتێک دەگەمە ئەوێ، هەر سەرباز و بەرپرسی ئاسایشی فرۆکەخانە بوو، جانتای کەسێکی هەڵدەگرت و پاسپۆرتەکەیان بۆ مۆردەکرد و بەڕێدەکران. منێكی شەرمن و دوو خانمی بە تەمەنی ئەلمانی لە سوچێکی سەرەکەدا وەستا بووین. سەرەیەک کە کەسی تیا نەبوو ئێمە نەبێت. کەس نەیدەوت کەرتان بە چەند. بەوەی دوا فرۆکەی شەو بووین، هەستدەکرا هەم بەرپرسە سەربازییەکان و سەربازەکانییش بانگییان نەدەکردین بۆ بەر پەنجەرەی کۆنترۆڵ و پێکەنینییان بە ئێمە دەهات.  من فشارێکم بۆ خۆم هێنا و سەربازێکم بانگکرد. ١٠ دۆلارییەکم هات بەدەستەوە و خستمە ناو لەپی دەستییەوە. تا ناو تاکسییەکانی بەر فرۆکەخانە، جانتاکەم بە شانی ئەفسەرێکی سوورییەوە بوو. 
 لە فرۆکەخانەی دیمەشقدا، لە نیوەشەوێکی درەنگدا ، منی هاوڵاتی نیشتەجێێ سوید، بوومە شەریکی سیستەمێکی گەندەڵی مشەخۆری بەرتیلخۆر.  
دەڵێن: لە گەڕەکی گاورانی سلێمانیدا،  کۆمەڵێک کە پیاوێکییان پێ بووە، مەسیح لە کلێساکەی گاوران بانگدەکەنە دەرەوە و و پێێدەڵێن ئەمە دەسەلاتی کوردییە و بە تاوانی فەرهودکردنی نان و ئاوی خەلکی دەبێ بەردباران بکرێت، جەنابتان دەڵێن چی. دەڵێن مەسیح چەماوەتەوە و ڕوویکردۆتە  مەحشەرەکە و وتوویەتی: کێ تا ئێستا لە فەرهودکردنی نان وئاوی خەلکیدا بەشدار نەبووە، با یەکەمین بەرد بوەشینێت. بینیویانە مەسیح دووبارە چەماوەتەوە و بە دەست خەریکی نیگارکێشان بووە لە سەر زەویەکەی بەردەمی.  دەڵێن کاتێک مەسیح سەری بەرزکردۆتەوە، هیچ کەسێکی بەدەورەوە نەبووە.  
دیمەنێکی وا، لەمڕۆدا زۆر ئەفسووناوی نایەتە پێشچاو.  بۆ راستی و دروستی حەکایەتەکە، دەکرێ ئێوەش بچنە بەردەم کلێساکە و مەسیح بانگ بکەنە دەرەوە. بزانن خۆی چیتان پێدەڵێت. 
 

٢٢ی جانیوەری ٢٠١٥