بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی گوگل، هەشت وڵات لە جیهاندا زیاتر عەوداڵی گەڕان بەشوێن زانیارییەکانی سێکس و دیمەنە پۆرنۆگرافییەکانەوەن. لەو هەشت وڵاتە، ٦ دانەیان دەکەونە خۆرهەڵاتی ناوەراستەوە.  
پاکستان لە پلەی یەکەم و میسر لە پلەی دووەمدا دێت. ئێران پێنجەمین وڵاتە و  عەرەبستانی سعودی لە پلەی حەوتەمدا و  تورکیا حەیاتەکەی ئۆردۆغانیش هەشتەمین وڵاتە.  
نەبەز گۆران، کە : "بەیانییان لە خەو هەڵدەستێت و دەیەوێت تەماشایەكی ماڵپەرە كوردییەكان بكات تا بزانێت لە ناوخۆی كوردستاندا چ باسە.   كە دەكەویتە گەڕان بە ناو سایتەکاندا، تووشی شۆك دەێیت، ئاخر لەبری زانیاری سیاسی و هونەری و كلتوری، زانیاری جەستەی ژنانی دونیای دەرەوە بەشێكی زۆری ماڵپەرەكانی داگیركردووە!"( ١) 
 
بە وتەی نەبەز گۆران: "هەر كەسێك خوێنەری ماڵپەرە كوردییەكان بێت، دەزانێت بۆ نموونە: (كیم كارداشیان) شەو لە كۆی دەخەوێت! پێڵاوە تازەكانی چۆنن! سوراوەكەی بایی چەندە! ئەمانە و دەیان زانیاری بێ‌ كەڵكی لەم جۆرە، وەك ژەهر دەرخواردی نەوەیەك دەدرێت."  
من ناچارم بە شێکی زۆری وتەکانی نەبەز گۆران بهێنمەوە بۆ ئەوەی سەرنجەکانم لە پەیوەند بە بابەتەکەدا ڕۆشنتر بێت. بۆ نەبەز گۆران کە بە چاویلکەیەکی تایبەتیی سیاسییەوە لە سمتی کارداشییان دەڕوانێ، ئەوە دوو تایپی تایبەتی مێدیایە کە ئەم کارانە دەکەن، " تایپە سێبەرەكە، مەبەست سێبەری حزبییە، بە مەبەست دەیكات، تایپەكەی دیكەش، بۆ لایك دەیكات و بە نیازە لە رێگای ئەم جۆرە هەواڵانەوە، خۆی دەرخات! " پەیامی سەرەکیش بە قسەی نەبەز گۆران:" بۆ دروستكردنی نەوەیەكی خاڵی لە هوشیاریە" 
 
لەمڕۆدا هێچ لێکۆڵینەوەیەکی گەورە پێویست ناکات بۆ دەرخستنی ئەو ڕاستییە تاڵەی کە لە مەملەکەتەکانی ئایندا چۆن حەڵال  و حەرام و سنوورەکانییان کۆمەلگای هەڵڵوشییوە و  جێگایەک بۆ ئارەزووە سێکسییەکان نەماوەتەوە و خەلکی بۆ تێرکردنی ئەم ئارەزووە ئینسانییەی خۆی، ناچارە بەسەر نێتەوە، خۆی بەتاڵبکاتەوە. باشە ئەگەر نێت ئەم ئازادییەی فەراهام نەکردایە، ئەم ئارەزووە ئینسانییە خەفەکراوە لە کوێوە دەرفەتی هاتنەدەرەوەی بۆ بڕەخسایە. لە ئێستادا دیمەنی کپکردنی ئەم ئارەزووە و تێرکردنی لەلایەن داعشەوە لە ریگای زواجی نیکاحەوە، دڕندانەترین پیاوکوژەکانی سەدەی خوڵقاندووە. داعش لە پێش گوگلەوە درکی بە توانا لە بننەهاتووەکانی سێکس کردووە و لە سیاسەتی خۆیدا جیگای بۆ کردۆتەوە.  
مەبەستی سەرەکی من لەم کورتیلە وتارە، سەرنجدانێکە لە جێگا و ڕێگای سمتی کارداشییان و مێردکردنی سومەییە خەششاب لە شوێنێکی دیکەوە کە نەبەز گۆران و زۆر لە کەسانی دیکە ناتوانن بیبینن. یان ڕاستر بۆ ئەوەی ببینرێت دەبێ چاویلکەیەکی دیکەی تێڕوانینت لە چاودا بێت. من بە شوێن ئەوەوە نیم  کە لەبەرانبەر ڕەنگزەردی  منداڵێکدا هەواڵی دوا دیمەنی دڵنیا قەرەداغی ببینم کە بێ ماکیاج چۆنە. ئەمانە بێزەوقی دەستەی بەڕیوەبردنی سایت و  ڕۆژنامەکان دەردەخات .   
 ئاخر گەورەترین و بە ئیعتیبارتین رۆژنامەکانی دنیا و لاپەرەی سایتەکانییان، لەم هەوالانە بێبەری نین و ناشکرێت تەنها تێزی گێلکردن  و بەلارێدابردنی جەماوەر تاکە وەڵامی ئەم پرسیارە بێت.   
مەترسی ئەم جۆرە تێڕوانینە سیاسییە بۆ وێنە پۆرنۆگرافییەکان کە بە بڕوای من ناوهێنانێکی دروست نییە بۆ ئەو هەواڵانەی لە کوردوستان و مێدیاکانیدا بڵاودەکرێنەوە لەسەر ئەستێرەکانی سینەما و گۆرانی کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە تەنوورەی کورت و شان و مل ڕووتکردنێکی زیاترەوە دەردەکەون لە چاو کوردوستاندا،  مەترسی ئەوەیە کە ئینسان بێئاگا دەچیتە ناو سەنگەری داعشەکانی ئەخلاق و پەیوەستدەبێت بەو کۆڕالە دەنگبەرزەی پیاوانی ئاینی کوردوستانەوە کە پێیوایە تەنوورە و جەستەی ئافرەت هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی کۆمەلگان و هاکا ئاسمانمان بەسەردا ڕووخا. تێروانینێک کە لە ڕواڵەتدا ڕقی لە سمتی کارداشییان لەوێوەیە کە جێگای ڕێپۆرتاژی جدی گرتووەتەوە و  وشەگەلێکی وەک خەبات و ئازادی و دەسەڵاتێکی گەندەڵ دەخاتە ناو فەرهەنگی زمانەوانییەکەیەوە. بەلام دەرئەنجامی ئەم پەیامە  لە سەرکوتکردنەوەی ئازادیدا، یەکێک لە ئازادییە فەردییەکاندا  کۆتایی پێدێت.  
هەر بۆیەش سەیر نییە کە یەک ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی وتارەکەی نەبەز گۆران،  ژیار محەمەد ناوێک لە نەبەز گۆران زیاتر دەڕوات و بێپەردە دەنووسێت: " ئەم پرسیارەشم ئاڕاستەی داواكاری گشتیە،ئایا خەوتوون یان هیچ ناخوێننەوە و ئاگاداری وەزعی میدیا و ماڵپەڕە كوردییەكان نین!؟!یان ئادابی گشتی و نیزامی گشتیتان  بەلاوە گرنگ نیە و ئێوە تەنها داواكاری حیزبین ومحامی دیفاعی سیاسیە باڵادەستەكانن؟! خۆ ئەگەر میدیایەك باسی موچەی سەرۆك بكات بەدەیان سكاڵا و بەچەندین تۆمەتی جیاواز لەسەری تۆماردەكەن!" 
بە جیا لەوەی کە لەم دەربڕینانەدا خەباتی دژی گەندەڵی و دیفاع لە ئازادییە سیاسییەکان وەک بەلگە دەهێنرێتەوە و دەدرێتەوە بە دەموچاوی دەسەلاتدا، هاوکات لە ڕێێ داواکاری گشتییەوە کە بەشێکە لە سیستەم ، بانگەوازی پاراستنی ئادابی گشتی و ئەخلاقی کۆمەلگا دەکرێتە داخوازی پلە یەک. بۆ یەک سات گوێچکەکانتان هەلخەن و ببیستن کە زرنگانەوەی دەستەواژەی (ئادابی گشتی و نیزامی گشتی) لە ناو هاوکێشەیەکی سیاسی قاندراو بە کۆدە کۆمەلایەتییەکانی شەرەف و ئەخلاقیاتی کولتوری باڵادەستی کۆمەلگادا چی دەگەێنێت؟  
بە بڕوای من ئەگەر ژیار محەمەدیش ئەم داوایەی بەرزنەکردایەتەوە، ئەوا پەیامی نەبەز گۆران کە :"مرۆڤ شەرم لە خۆیدەكات، میدیا گەیشتبێتە ئەو ئاستە نزمە، لە پەیامە راستەقینەكەی خۆیەوە كە ( هوشیاری، پەروەردە، كلتور) بووبێتە میدیای گەران بە شوێن لەش و لاری ژناندا"، ئەم پەیامە  دەکرێ زۆر ئاسان بە بێ پاش و پێشخستنی وشەکان لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە ببیستریت و دڵنیاشم ئەم جەدەلە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە حەسمدەکرێت و کۆتایی پێدەهێنرێت.    
 
بەڵام مەترسییەکی دیکە کە لەم تێڕوانینەی نەبەز گۆراندا خۆی دەردەخات و سیاسەت و خەباتی دژی گەندەڵی دەخاتە سەنتەری هەموو کارێکی مێدیایی جدییەوە و پێیوایە هەر ڕۆژمانەگەرییەک لەمانە خاڵی بوو ئەوا دەچێتە خانەی ئەو خشتە بەدکراوەی مێدیای حزبی و سێبەرەکانی دەووروبەریەوە، بە جدی نەگرتنی سیكس و دیمەنەکانی پۆرنۆگرافییە لە فراوانلکردنەوەی مەملەکەتاکانی ئازادی بەیان و ئازادییە فەردییەکاندا.   
جەستە لە دیدی کۆنسێرڤاتیڤەکان و  تێڕوانینە باوە ئاینیەکەدا هەمیشە ئەو سنوورەیە کە هێلەکانی قەدەغە و ناقەدەغەی پیا تێدەپەڕێت.  ئەوە تەنها دیمەنێکی ڕووتی جەستەیە کە ئەم سنوورە سوورە قەدەغەکراوە دەبەزێنێت و چوارچێوەکانی مەملەکەتی ڕێپێدراو و ڕێپێنەدراو دووبارە دەکێشیتەوە.  
دەکرێ لە دیدی فیمینیستێکی ئەوروپییەوە، دیمەنی سمتی کارداشییان ئەوەی کە لە نێۆیۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە نەک ئەوەی سایتی خەندان، بە سێکسیزم تاوانباربکرێت. بەڵام لە ناو کۆنتێکستێکی کوردیدا کە شەرەف و کولتوری شەرەفی تێدا باڵادەستە، کە جەستە و هەموو جوڵەیەکی "نالایقی" پێ حەرامە،  مانایەکی دیکەی دەبێت.  
خاڵی جەوهەری ئەوەی کە هیچ ژنێکی کورد و تەنانەت پیاوی کوردیش ناتوانێت بە ئازادانە لە پشت وێنەیەکی ڕووتی خۆیەوە بوەستێ و سەربەزانە بلێت ئەوە منم، خودی کولتوری شەرەفە کە سەدەها پۆلیسی دامەزراو و دانەمەزراوی ئادابی گشتی کاری پێدەکات و هەر کەسێک بە پێچەوانەی کۆدەکانییەوە بجوڵێتەوە، بانگەوازکەرانێکی ئازادیی وەک ژیار محەمەدیان لە پێش دەستگا ئاینی و نوێنەرەکانییەوە لێقووتدەبێتەوە و داوا لە داواکاری گشتی دەکرێت  سنووورێک بۆ ئەم بەرەڵاییە دابنرێت. هۆکاری ئەم مەحکەمەلێگرتنە لە تاکەکان و جەستەیان ئەوەیە کە کۆدەکانی کولتوری شەرەف، خاوەندارێتی تاک بۆ جەستەی خۆی و سێکسوالیتێتی خۆی دەداتە دەست ئادابی گشتی و کەسانی دیکە دەکاتە بەرپرسی ئەوەی تۆ چی بکەیت و چی لەبەرنەکەیت.   
 
قوربانییەکانی دەستی ئەوەی کە ئینسانی کورد خاوەنی جەستەی خۆیی و سیکسوالیتێتی خۆی نییە، خەریکە وەک جینۆسایدێکی نەبینراوی ناو کۆمەلگای کوردی لێ دێت. خەباتکردن بۆ ئەوەی ئەم ئینسانە جەستەلێزەوتکراوە ببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆی، هیچی کەمتر نییە لە خەباتکردن لە دژی گەندەڵی و ئازادی بەیان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی. ئەوەی کە هاوڵاتیانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  سەرلەشکری گەڕان بە شوێن هەواڵەکانی کارداشییان و دیمەنە پۆرنۆگرافیەکانی دیکەی ناو سایتە سیکسییەکانی ئینتەرنێتەوەن، گێرەرەوەی ئەو حەقیقەتەیە کە ئەم پرسیارە گرنگییەکی حەیاتی لە ژیانی ئینسانەکاندا داگیرکردووە. ئەوەیە کە دەستبردن بۆ ئەم جەستەیەی لە دەرەوەی سنوورەکانی خێزانەوە خستۆتە ناو هەڕەشەکانی کوشتن و یاساکانی غەسل العارەوە.    
سمتی کارداشییان و مەمکەکانی هەیفا دەبێ جێگایەکییان لە مێدیای کوردیدا بۆ تەرخانبکرێت کاتێک جەستەی ئینسانی کورد دەرفەتی خۆدەرخستنێکی ئازادانەی خۆی نییە. بە کورتییەکەی، بۆ ئەوەی ئینسانی کورد بببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆیی و بۆ ئەبەد ماڵئاوایی لە بیستنی حەکایەتەکانی لەسەر شەرەفکوشتن بێت، دەبێت ئەم جەنگە لە بەرانبەر سیستەمدا ڕاگەێنێت و بە جەستەی ڕووتەوە بچیتە جەنگی ئەو لەشکرەی جەستە حەرامدەکات و نەفرەتی لێدەکات. لە غیابی جەستە ڕووتەکانی کۆمەڵگای کوردیدا، سمتی کارداشییان و لەرەی مەمکەکانی هەیفا و جلە سەیرو سەمەرەکانی لەیدی گاگا، دەبێ ببنە ئەو کەرەستانەی کە شەڕی خۆکردنەوە بە خاوەنی جەستەی خۆ پێویستییەتی. 
یانی ئەوەی کە پۆرنۆگرافی دەکرێ وەک سێکسیزمێکی ڕووت سەیری بکرێت لە چوارچێوەی گوتارێکی فێمێنیستیدا لە خۆرئاوادا، دەکرێ لە ناو کەش و هەوای کولتورێکی جەستەکوژی خۆرهەڵاتی کوردیدا ڕۆڵێکی تەواو پێچەوانە و شۆڕشگێڕانەی هەبێت. 
ئا لیرەوەیە دیمەنە ڕووت و نیمچەڕووتەکانی ناو سایتە کوردییەکان جێگایەکی گرنگ داگیردەکەن: لێدان لەو کولتوورەی کە بە هۆی دەرکەوتنی کەمێک مەمک و پیاوێکی ڕووتەوە، دیوارەکانی حەرام بەرزدەکاتەوە و  پۆلیسەکانی پاراستنی ئادابی گشتی دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. پۆڕنۆگرافی و جێگای ئەو لە جەدەلەکانی ئازادیی و لێدان لە تابۆکانی ناو کۆمەڵگاو  تابۆکانی ئەوەی چی بڵاوبکرێتەوە و چی بڵاونەکرێتەوە، ئازادی بەیان، هەمیشە وەک دیاریکەرێکی گرنگی سنوورەکانی ئازادی سەرنجی لێدراوە.  
بەلام ئەوە خودی پۆڕنۆگرافی نییە کە وەک دوا ئامانجێک دەبێ چاوی لێبکرێ.  بەڵکو پۆرنۆگرافی تەنها کەرەستەیەکە و هیچی تر. سمتی کارداشییان و دیمەنەکانی مەمکی هەیفا هەموو وزە و توانا سیاسییەکەی خۆیان لەدەستدەدەن کاتێک کە چیدی قەدەغە نین. 
تا ئەوەندەی سمت قەدەغەیە 
تا ئەوەندەی مەمک حەرامە  
تا ئەوەندەی هیچ جەستەیەک ئازادی خاوەنداربوونی بەسەر جەستەی خۆیەوە نییە 
تا ئەوەندەی چاو ترووکاندنێک بە چاوحیزی لێکدەدرێتەوە 
سمتی کارداشییان و مەمکی هەیفا ئەو توانایەیان هەیە کە ئەم مەملەکەتی حەرامانە بخەنە بەر هەڕەشە. تا ئەو کاتەی کە کۆمەلگای کوردی خۆی مادۆنایەک ناداتە دەر و پیاوێکی وەک دەیڤید بێکهام ناخاتە سەر دیواری ریکلامەکان بۆ جلی ژێرەوەی پیاوان، دەبێ سوپاسگووزاری کارداشییان و هەیفا وەهبی بین. 
 
بە بڕوای من شەری ئینسان بۆ بوونەوە بە خاوەنی جەستەی خۆ، ناکرێ جیابکرێتەوە لە شەرەکانی دیکەی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دژی گەندەڵی. یەکێک لەو کەنالە گرنگانەی کە کۆمەلگای ئێمە لە بەرانبەر ئەو تابووانەی کە لەدەوری جەستە هەڵچنراون، چوونە جەنگی ئەم تابووانەیە بە دژە چەکی تابووەکانەوە. بە ڕووتی.   
ئەوەی کە ئەم توانا گەورە سیاسییە لە مەمک و سمتی کارداشیاندا نابینێت، زەڕەیەک لە سیاسەتی جەستە نەگەیشتووە، بە تایبەت  لە ناو ئەو کەش و هەوا کولتوریەدا کە هەموو کۆششە ئاینیی، کۆمەڵایەتیی، قەزائیی و سیاسییەکانی  لەدەوری دیلکردنی جەستە چرکردۆتەوە.   بۆیە بۆ پارێزەرانی ئازادی فەرد لە کوردستان و خەباتگێڕانی ڕیگای عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا، ئەوانەی کە ڕەخنەکانیان لە بەرانبەر سمتی کارداشیان و هەیفا وەهبیدا لە ژێر ئەو ناونیشانانەی سەرەوەدا بەیاندەکەن، گرنگە ئەو ڕاستییە سادەیە بزانن کە تەقەکردن لە سمتی کارداشییان، بە تەنها پێکانی ئەو نییە، بەڵکو لە پشتییەوە سەدەها دەموچاوی دیکە دەکوژرێ. ئاخر لەسەر کێلە بێخاوەنەکانی ژنانی کوژراوی دەستی کولتوری شەرەفدا نووسراوە: بۆیە کوژرا، چونکە دەیویست خاوەنی جەستەی خۆی بێت. کارداشییان بۆ ئەمڕۆی کوردستان پێویستە.  
 
لینکی یەکەم: سمتەكەی كیم كارداشیان و ماڵپەرە كوردییەكان نەبەز گۆران 
لینکی دەەوم: كارداشیان‌و هەیفا وەهبی‌و حەمامكردنی دیانا حەداد ژیار موحەمەد 
 
 http://sharpress.net/Direje-Qalam.aspx?Jimare=34847 
http://sharpress.net/Direje-Qalam.aspx?Jimare=34892