Behind the sun  یەکێک لە دراما جوانەکانی (والتەر سێلس)ی بەرازیلییە کە لە نواندنی خوسێ دومۆنت و رۆدریگۆ سانتۆرۆیە.  لە ناوچە تەپۆلکە بەرزەکانی بەرازیلدا، دوو خێزان لە شەڕێکی تۆلەلێسەندنەوەی بێمانادان لەسەر پارچەیەک زەوی. ڕووداوەکان لە سەرەتای سەدەی بیستدا دەگوزەرێن و فیلم بە دیمەنی هەڵواسرانی کراسێک بە تەنافی ماڵی "برێڤێ"وەیە دەستپێدەکات کە کونێکی تیایە و پەڵەی دەوری کونی فیشەک هێشتا سووردەنوێنێت و ڕەنگی خوین زەردهەڵنەگەڕاوە. کوڕی ڤێرێ لەلایەن خاوەنموڵکی دەوڵەمەندی ناوچەکەوە کوژراوە و بە پێی ئەو ترادیسیۆنەی چەندین ساڵە پەیڕەوی لێ دەکرێ، تا کراسی بەری کەسی کوژراو زەردهەڵنەگەڕێ، بکوژ ئازادە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیدا و هیچ ترسێکی لەسەر نییە. دوای زەردبوونی ڕەنگی خوێنی سەر کراسی کەسی کوژراو، بکوژ دەبێ لە ئامادەییەکی هەمیشەییدا بێت تا بنەماڵەی کەسلێکوژراو، تۆلەی خۆیانی لێدەکەنەوە.
دیمەنی خوێنی ڕژاوی ئەم تۆڵەلێسەندنەوە بێمانایەی کە لەسەر وەلائی کوڕ بۆ باوک و پاراستنی شەرەفی بنەماڵە دامەزراوە، لە ڕیزە وێنەی کورە کوژراوەکانی بنەماڵەدا دەردەکەویت کە بە دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسراون. نەوە لە دوای نەوە، خێزانی برێڤێی هەژار لە دوای هەر کوژراوێکیان، دەبێ کەسێک لە بنەماڵەی خاوەنمولک بکوژنەوە. بۆ بنەماڵەی ئەوبەریش ئەم نمایشە هەر هەمان شتە. 
ئەوەی بۆ من لە باسکردنی ئەم فیلمەدا گرنگە ئەوەیە کە ئینسان وەک ڕۆمانە پۆلیسییەکان ناکرێ بەشوین تاوانباردا بگەڕێت و خۆی لە بەرانبەر کۆمەڵێک کەسایەتیدا ببینێتەوە کە گوومانی ئەوەیان لێدەکرێت، بکوژی ناو رۆمانەکە خۆیان بن. لەم فیلمەدا، دەزانرێت کێ دەکوژرێت و کێش دەکوژێت. یانی ئەوەی کە نووسەری رۆمانێکی پۆلیسی دەبێ درامایەک دروستبکات و سەدان داوی جۆراوجۆر بتەنێت تا تۆی خوێنەر کێشبکات بۆ ئەوەی تاوانبارت پێ بناسێنێت، لێرەدا لە خانەی دراوەکانی ناو چیرۆکەکەدایە. 
فیلمی "لە پشت خۆرەوە" باسی سەدەی ڕابردووی بەرازیل دەکات و بە جۆرێکیش ئەمڕۆکەی کۆمەلگای کوردستان. بە تایبەت لە دۆخی کوشتنی رۆژنامەنووسەکانی کوردستاندا کە ناوە ناوە، یەکێتی و پارتی، هەندێک جار، بە دوای یەکدا و هەندێک جاریش بە نۆرەبڕیکردن لەیەکتری، دەستی خۆیان بە خوێنی سۆرانی مامە حەمەیەک و سەردەشتێک و کاوە  گەرمیانییەک و ویدادێک سووردەکەن. 
ئاخر خەڵکی کوردستانیش وەک بینەری فیلمەکەی واڵتەر سێلس دەزانێ کام کوڕەی یاخود کام کچەی دەکوژرێت وفیشەک بەکوێیەوە دەنرێت و دەشزانێ بکوژ کێیە. یانی ئەوەی کە لە فیلمی ناوبراودا باسی لێوە دەکرێت، بۆ خەڵکی کوردستان، سەرگوزشتەی فیلمێکی نەبینراو نییە، بەڵکو چیرۆکێکی  هەستپێکراو و زیندووی  کوشتنی کاراکتەرە دەنگدلێرەکانی کۆمەلگاکەی خۆیەتی لە واقیعدا. نەک بە فیلم.
سەیر ئەوەیە لە کاتی کوشتنی یەکێک لە کوڕەکانی خاوەنموڵکی فیلمی ناوبراودا، برێڤێی جوتیار دێتە تازیەی  کابرای خاوەنموڵک و سەرەخۆشی کوشتنی کوڕەکەیان لە بنەماڵەی کوژراو دەکات. لە دۆخی تێرۆرەکانی کوردستانیشدا، ئەگەر پارتی ئەنجامدەری تاوان بێت، ئەوا بەرپرسیارانی ئەمبەر ئەگەر بە رەسمیش نەبێت سەردانی بنەماڵەی کەسی تێرۆرکراو دەکەن و بە پێچەوانەیشەوە.
 بەڵام ئەو دەنگانەی کە لە بەرانبەر ئەم تێرۆرانەدا دەنگەڵدەبڕن، چاویان تەنها یەک لا دەبینێت. 
واتا لە تێرۆرێکدا کە بە دەستی زەرد ئەنجامدراوە، پەنجەی تاوان بەرانبەر زەرد درێژدەکرێت و سەوزیش ئاسان دەتوانێت بچێتە تازییەی کەسی تێرۆرکراو .  
بەڵام تا ئێستا ئەم ستراتیژییە هیچی لێ سەوز نەبووە و خەریکە شەپۆلی دەنگهەڵبڕینەکان لە بەرانبەر تێرۆری ڕۆژنامەنووساندا بەرەو کزبوونەوە دەچێت و نائومێدی باڵی بەسەر کۆمەلگادا کێشاوە و تێرۆری ڕۆژنامەنووسانیش سنورێکی بۆ دانەنراوە و کەسێکێش نەدراوەتە دادگا. خۆیشم لەو کەسانەم کە لە نائومێدییەکی گەورەدا دەناڵێنم کاتێک هەست دەکەم ئەم جۆگەلەی خوێنە بۆ ناکرێ لە شوێنێکدا وشک بکرێت.  
بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوە بە تەنها پارتی نییە کە بەرپرسی کوشتنی ویدادە. بەلکو شەریکی ئەنجامدانی ئەم تاوانە، کۆمەڵی ئیسلامیی و یەکگرتوو یەکیتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و هەموو ئەو دوکانە سیاسییانەن کە کۆبوونەوە لە دوای کوبوونەوە لەگەڵ هێزی ئەنجامدەری تاواندا سازدەکەن و هیچ کۆبوونەوەیەکیان هەڵناپەسێرن وەک مەرجێک بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەم کەیسە بکریت. 
بەڵکو دۆخە بە ئاستێک گەیوە گە بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنیش نادرێتەدەر. 
 بۆیە من پێشنیاردەکەم، کە سەرتاپای هێزە سیاسییەکانی کوردستان بکەمە شەریکی پارتی و لیستی تاوانبارەکانی کوشتنی ویداد زیاد بکەم و ڕووی ئەم پەنجەی تاوانبارکردنە بکەمە دەمووچاوەکانی دیکەش. نەک هەر پارتی بە تەنها. 
ئەم تاوانبارکردنەی هێزەکانی دیکە، ڕەنگە لە باری قەزائییەوە هیچ بنەمایەکی نەبێت. بەڵام لە دۆخێکدا کە فشارەکان بەرەو کەمبوونەوە دەچن و تێرۆر ئاسایی دەبێتەوە، دەکرێ بزووتنەوەی دیفاع لە ئازادی دەربڕین لە پەخشکردنەوەی بەیاننامەکانی تاوانبارکردنی هەموو هێزەکاندا، ستراتیژێکی دیکە بگرێتە بەر.
بۆ نموونە دەکرێ لە بەرانبەر کوشتنی ویداددا پەنجەی تاوانبارکردن بۆ حەمەی حاجی مەحمود درێژ بکرێت و بەرپرسی ئەم تێرۆرە بخرێتە ئەستۆی کاکە حەمە. پیاوێک کە لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ بارزانیدا دادەنیشێت و تا ئێستاش لە بەرانبەر مێدیاکاندا جارێک نەیووتووە کە کۆبوونەی هەفتەی ئایندەمان لەگەڵ پارتیدا ئەنجام نادەیین تا برادەرانی پارتی وەڵامی تێرۆری ویداد دەدەنەوە.
یاخود لە بەرانبەر سازش لەسەر فلانە پرسیار، کەیسی تێرۆرە وەلامپێنەدراوەکان پیشمەرجی دانیشتنی ئێمە دەبێت لەبەرانبەر فلانە هێزدا کە گوومانەکان لە بەرانبەریدا بەهێزە لە پەیوەند بە تێرۆرە سیاسییەکانی ڕۆژنامەنووسانەوە.  بزووتنەوەی گۆڕان ‌هێندەی بەشوێن پۆست و مەقامی پەرلەمانتارەکانییەوەیە  بۆ یەکجاریش مەرجی نەچوونە ناو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ زەرد و سەوزدا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکراوەکانی نەکردووەتە پێشمەرجێک بۆ دامەزراندنەوەی ئاخاوتنی خۆیان و لایەنەکانی دیکە. تا هیچ نەبێ خەلک هەست بکات کە تەرەفێک بەشوێن خوێنی کوڕ و کچە کوژراوەکانیەوەیەتی.
 
بۆیە لە کوشتنی ویدادا، بزووتنەوەی گۆران و شەخسی نەوشیروان موستەفا تاوانبارە.
بەهەمان شێوە، کۆمەڵی ئیسلامی و دووکانە سیاسییەکانی دیکە. 
ئەم پیشنیارەی من، ڕێک دەچێتە خانەی ئەو پەندە کوردییەوەی کە دەلێ: بە کەر ناویڕێ و بە کورتان ڕەپەڕەپێتی. 
لە ڕاستیشدا هەر وایە. کەمبوونەوەی شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر تێرۆری ڕۆژنامەنووساندا لە ناوە و لە دەرەوەی کوردستان، کەڵەگایی و چاوقایمی سەرکردەکانی زەرد و سەوز لە نەدۆزینەوەی تاکە کەسێک کە ئەم تێرۆرانەی ئەنجامداوە، نۆرماڵبوونەوەی کەیسەکانی تیرۆری کوشتن بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان کە شەریکی ئەم گەمەی پەرلەمانتاریزمەن وەک دوکانێکی عەتاری، وامان لێ دەکات، وەک کابرای کوردە، بەشەق بەربینە  کورتانی کەرەکە.
بەو هیوایەی کورتان لە پشتی کەر یاخی بێت و کەر بێتە جواب، ئەگەر سەرگوزشتەی پەندەکە و زمانە ڕەمزییەکەیمان قبوڵ بێت. 
بۆیە لە تێرۆرکردنی ویدادا، ڕسوایی بۆ یەکگرتووی ئیسلامی!
کۆمەڵی ئیسلامی لە چەقی جەهەنەمدا بسوتێنرێ لە بەرانبەر بێدەنگبوونی تیرۆری ویدادا.
 

2016-08-31