" لە هیچ دنیایەک رەوانە نەکراوم"
 
رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.
 
نیگاى هونەر
 
یەکێک گوتبووى ئەوەى زۆربەى وەرزەکان پانتۆڵێکى کاوبۆى شین و کراسێکى سپى و کڵاشێکى سپى لە پێ دەکا، هەمیشە کتێبێکى بە دەستەوەیە و خەیاڵى لێرە نییە، ئەوە موتەڵیبە؟! دەزانم سەرم لە نێو کتێبان دەجولێتەوە، بەڵام وەک (ئەرستۆ)ى گەورە خوێنەرى دنیا نا، خەیاڵم بەدواى گرتنى گەردەلوولەوەیە، بەڵام (ریلکە) نیم! ئەوە فیگۆرى ژیانى رووتى منە بە کەمەکێک دەستکارییەوە، مرۆڤێک کە نەیتوانى خۆى بکوژێ، نەیتوانى وڵات جێبهێڵێت، مرۆڤێک لە ناخەوە دژى دامەزراوى سیاسى و پیرۆزى ئیمانى داخراو و لەگەڵ شتە پەراوێز و بچوکەکاندا دێتەوە... هەموو ئەوانە بە تێپەڕینى رۆژگار بە هەندێ دەستکارییەوە بوون بە شیعر، شیعر پرسیار لە تاریکى دەکات، لە ماڵى باران لەگەڵ با دەخەوێ... ئەوە منم دەنگەکان بە بڕێک لە دەستکارییەوە هاوسەنگ دەکەم، ئەوە منم زەمەنێکە لە تەماشاکردنى ئاو دێمەوە و کتێبى دەریا لە (سان جۆن پێرس) دەخوازم.
لەسەرەتاى حەفتاکان ماڵمان لە هەولێر گەڕەکى (کوران) سەرەتاى جادەى ئەلبان لە قەسران جێگیربوو، چوار ماڵى بە تەنیشت یەک و بە یەک شێوە دیزاین کراو، خانووى کرێکارانى کارگەى ئەلبان... دیسان ئەوە سەرەتا نییە، بەڵکو سەرەتایى شۆڕشى ئەیلول بوو، بەهۆى بۆمببارانى تەییارە سیخۆییەکانى رژێمى بەعسى ئەوساى عیراق بۆ سەر پێشمەرگە و دێیە سنورییەکانى حاجى ئۆمەران و ئازادى و خەللان... دایکم و منى تازە لە دایکبوو لەگەڵ خەڵک و خواى ئەو ناوچەیە دوور لە باوکم کە ساڵى 1962 پێشمەرگە بوو، دەربەدەرى وڵاتى ئێران دەبین. من لە ئێران بە (محەمەد) ناونوس کراوم، دیسان ئەوە یەکەم و دوا تامچێشتنى غەریبى نییە، بەڵام دایکم خووى بە گێڕِانەوەى ئەو بەسەرهاتە و ئەو ناونوسکردنە گرتبوو. بەر لە شۆڕش ماڵە باوانى دایکم کەوتبوونە گوندى خەللانى شێخ عەللائەدین... دەزانم تامى غەریبى و تامى کەبابى هەولێر بە ئاسانى هەستى چێژ وەرگرتنى مرۆڤ بەرنادات، بەڵام هەر یەکە و وەک خۆى! من و دایکم دواى ئەوەى لە ئاوارەیى گەڕاینەوە، دواى ئەوەى باوکم چەکى دانا و لە هۆتێلى (شیرین) -کە دەکەوێتە سەر قاوەخانەى (مەچکۆ)ى ئێستا- دەست بە کار دەبێت، ئیتر لە هەولێر لە گەرەکى (تەعجیل) نیشتەجێ دەبین... لە گەڕەکى تەعجیل بۆ تەیراوە بۆ جمهورى و بۆ حەسارى عیزەدین ئاغا و بۆ خانووییەکى یەک ژوورى کە سەر بە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) بوو، لە تەنیشت حەسارى عیزەدین ئاغا و بەرانبەر ئاشى ئەحمەد جەڵەبى و دواتریش بۆ گەرەکى کوران... ئێمە لە سەرەتاى شەستەکان لە هەولێر نیشتەجێ بووین. داڕشتنى ئەو هەواڵەم لە باوکمەوە بۆ ماوەتەوە.  
هێشتا سۆفییەکان گەڕەکى زانیارى و هەولێرییان جێنەهێشتبوو، من لە پۆلى یەکەمى سەرەتایى وەرگیرام، بەر لەوەى ساڵ بە نیوە بێ، لەبەر دەرزلێدان بێ ئەوەى کەس هەستم پێبکات خۆم و خەیاڵى منداڵانەى سەرم بە تەنیا لە پۆل هاتینە دەرەوە، خۆم و ئەو جانتایەى دایکم بۆى دروست کردبووم بەرەو ماڵ بووینەوە، دایکم لێى پرسیم کە بۆ وا زوو گەڕامەوە؟ حیکایەتێکى دوور و درێژم لە مێشکمدا ئامادە کردبوو، کەچى بە یەک رستە گوتم: لەبەر دەرزى لێدان.
 دواى ئەنفال تازە بە بریارى لێبوردنى دوو سایدى (367) و (737) 8/9/1988  پەیوەست بە لێخۆشبوون لە پێشمەرگە و سەربازانى هەڵاتوو و پاشکەوتوو... وەک پاشکەوتووى سەربازى دواى دڵ لە دڵدان و ململانێى دەروونى و نیگەرانییەکى زۆر لەگەڵ (سەردار سنجاوى) خۆمان رادەستکردەوە، کە رەوانەى سەربازگاى کەرکوک کرام، لەوێ لە نێو ئەو هەموو سەربازانەى کە نۆرەیان بۆ خوێنبەخشینى شەڕى عیراق و ئیران گرتبوو، رامکرد، کەس پرسیارى ئەو خۆدزینەوەیەى لێنەکردم، زۆرانى وەکو من لەوانەش (رێدار ئەنوەر) و (دلشاد خدر) و (حاکم شێرزاد)... خۆیان لەو خوێنبەخشینە دزیبۆوە و ئیتر لە دوورى خوێنبەخشەکان بەرە بەرە تێکەڵى قسان بووین و خوێنبەخشینمان لە بیر چۆوە و کەوتینە نێو باسى ئەدەب و هونەرەوە. 
ئەدەب و هونەر وەک یادەوەرى سەرەتا و کۆتایى نییە، فینۆس خواوەندى هونەر و جوانى و ئەپۆلۆ خواوەندى شیعر دەکەوێتە ناخى مرۆڤایەتییەوە، ناخى تەمومژاوى، رۆناک و تاریکیى سەدەکان و ئومێد و نائومێدى و سەرکەوتن و دۆڕانە لە بننەهاتووەکان... 
لە باسى وێنەکێشان و گوناهەکانى وێنەکێشان هەمیشە لە ماڵەوە داپیرەم- دایکى باوکم- کە خەڵکى مهابادى رۆژهەڵات بوو، دەیگوت رۆڵە لە رۆژى دوایى دەبێ رۆح بە بەر ئەو وێنانە بهێنى، بڕوایەکى رەهاى بەو قسەیە هەبوو، خودا لەسەر ئەو روخسارە دەستکردانە سزاى خۆى دەبێت! ئەو بیرکردنەوە و دنیابینییە لەوێوە هاتووە کە تەنها خودا خالقە و هەموو کارەکان تەنها ئەو دەتوانێ خاوەنییان بێت!! بیر لەوە بکەرەوە رەنگە خودا دەست و پەنجەى رەنگینى (ئەزمیل فیدیاس) پەیکەرتاشى گریکى، یان (جەواد سلیم) و (شاکر ئالسەعید) و (محمەد عارف) و... خۆش بێت، بەڵام منى دەست و پێ سپى چۆن دەبەخشێ؟! منى منداڵ بێ پەروا کاغەزى سپیم بە رەنگ و نیگارەکانم پڕ دەکردەوە و لە برى یارى منداڵانە لە قوڕى دەستکرد و خودا کرد پەیکەرم دەنەخشاند، ساڵى 1974 لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى پێش ئەوەى ناوى قوتابخانەکەمان لە بابەتاهیرى هەمەدانییەوە ببێتە بابەتاهیرى سەرەتایى کوڕان، بەهرەى وێنەکێشانم لە پێشانگاى قوتابخانەکان لە قوتابخانەى (ئیبن مستەوفى) نیشاندا! مامۆستا (ێدیق رەواندوزى) یەکەم کەس بوو، کە ئەو بەهرەیەى لە مندا دۆزییەوە، ئەگەرچى ئەو مامۆستاى وێنەکێشان نەبوو، بەڵام بەو باڵا درێژ و بەو سیسەیەوە مەیلێکى زۆرى بۆ ئەو هونەرە هەبوو، لە رێگاى وێنەوە وانەکانى دەخستە مێشکى قوتابیانییەوە. ماڵى مامۆستا ێدیق رەواندوزى دەکەوتە گەڕەکى زانیارى و ئەوبەرى قوتابخانەکەمان و ئەوبەرى شەست مەترى، کەچى ماڵى مامۆستا (قەرەنى ئەسوەد) راستەوخۆ لە پشت قوتابخانەکەمانەوە بوو، مامۆستا ێدیق رەواندوزى کوڕێکى بە ناوى دلێر هەبوو ساڵێک لە پێش ئێمەوە بوو... من هەر لە پۆلى سێیەمى سەرەتاییەوە هەفتانە ئەو وێنانەى دەمکێشان لە رێگاى مامۆستا ێدیقەوە بە تابلۆى ئاگادارییەوە هەڵدەواسران و وێراى ئەو وێنانەى من دەمکێشان وێنەکانى (دلێر ێدیق) و (فەیسەڵ عوسمان)... هەڵدەواسران.
ئەوەى فێرى ئەلف و بێى کوردى کردم هەر خەتخۆشى مامۆستا جەبار یاسین نەبوو، بەڵکو سەلیقەى بەدواداچوون و دڵسۆزى ئەو بوو بۆ جواننوسى و رازاندنەوەى پیتەکان، هەر پیتەى بە رەنگێ دەنەخشاند، پیتەکان بە منداڵان پێدەکەنین، سنورى نێوان خەیاڵى منداڵانەى ئێمە و چیرۆکى پیتەکانى مامۆستا جەبار یاسین رۆژ بە رۆژ لە گەشە دابوو، هەموو پیتێکى بە ژیان دەچوواند، هەر کە ئەو شتە زیندووانەمان لە دەرەوەى قوتابخانە دەبینى پیتەکانمان بیر دەهاتەوە، بیرى منداڵى ئێمە لە نێوان پیتەکانى مامۆستا جەبار و پیتەکانى ژیان دەدرەوشایەوە، لە نێوان پیتە سپییەکانى مامۆستا جەبار و کۆترە سپییەکانى (ئەحمەد)ى هاوڕێم لە شەقەى باڵمان دەدا، هەرگیز (ی)اى مراوى و (ن)وونى مەنجەڵى چێشتم بیر ناچێتەوە، هەرگیز ماڵە قوڕینەکەى ئەحمەدى هاوڕێ و کۆترە خەمگینەکانیم لە بیر ناچنەوە، مامۆستا جەبار تەمەنێکى بەسەر برد، ئەحمەدى هاوڕێم هەر تەنها ساڵێک لە پۆلى یەکەم و لە هاوینى ساڵى دووەم بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد، ئەو کۆترە سپییەم هەرگیز بیر ناچێتەوە، وەک چۆن هەتا ئێستاش خشتەى لێکدانم بیر نەچۆتەوە، ئەو وانەیە مامۆستایەکى خنجیلانە و وریا و چاپووک پێیدەگوتین ناوى مامۆستا (عەبدولقادر) بوو، ماڵى مامۆستا عەبدولقادر هەر بە رێزى قوتابخانەکەمان و لە تەنیشت ماڵى مامۆستا جەبار بوو، مامۆستا عەبدولقادر ئەوەندە سوور بوو لەسەر دەرخکردنى خشتەى لێکدان، بڕوا ناکەم منداڵێک هەبێ و لاى ئەو مامۆستایە خوێندبێتى خشتەى لێکدانى بیر چووبێتەوە، مامۆستا عەبدولقادر بە خۆى و دارە قووتیلەکەى ئەوەندە بە پەلە جارانى لێدەپرسینەوە نەماندەزانى چۆن لە نێوان پرسیارێک و پرسیارێکى دیکە دەمى دەگاتەوە یەک، وەک چۆن بە پەلە دەیپرسى بە پەلەش دارەکەى دەستى لێدەوەشاندین، گرنگ نەبوو بەر کوێمان دەکەوێت! ئەو لێدانە ئەگەرچى بۆ ئێمە بە تایبەتى زستانان بە ئازار بوو، بەڵام دەرچوونیش لەو دارانە چێژێکى زۆرى پێدەبەخشین. 
لە سنور بەدەر چێژم لە وانەى هونەرى وێنەکێشان دەبینى، ئەگەر کۆترە سەرکێشەکانى مامۆستا قەرەنى لە حەوشەى قوتابخانە هەڵبنیشتبان و وانەى نیگارمان هەبایە، ئەوە مامۆستاى وانە بیرى بۆ وێنەکێشانى کۆتر دەچوو، یان وێنەى ئەو پشیلانەى خۆیان لە کۆترەکان دادەنوساند، زۆرجاریش وێنەى ئەو دار و گوڵ و مەرکانانەمان دەکێشا، کە لە حەوشەکە دەکەوتە بەر سێبەرى چاومان. بەڵام نە وێنەى کۆترەکانى ئێمەى منداڵ لە کۆترى (زاجل)ى نێو حیکایەتى جوگرافیا و مێژووى مامۆستا قەرەنى دەچوو، نە پشیلەکانمان لە پشیلەى (شیرازى) دەکرد... وێنەکێشان لە ماڵ و لە قوتابخانە بەشێکى زۆرى خەیاڵ و ژیانى من بوو، مامۆستاى وانەى نیگارکێشانمان (نەشئەت سەفار) پیاوێکى هێمن و بێدەنگ بوو... زۆر لە مامۆستایانى دیکەش بایەخیان بە وێنەکێشان و چالاکى قوتابخانەکان دەدا، لەوانەش مامۆستاى ئینگلیزى (عەزیز بەرخول) زۆرجار منى بۆ ژوورى مامۆستایان بانگ دەکرد تا وێنە بە رەنگى زەیتى بکێشم، مامۆستا عەزیز هەموو جارێک کە لە وانەى ئینگلیزى لە (جەبارى کوڕى مەلا هەمزە) تووڕبایە پێى دەگوت خەڵک گووى لە نێو مانگ کرد، تۆ تازە دەڵێى ئەى مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین... جەبار دەیگوت من شاعیرم... بەدران حەبیب میران و جەبار هەمزە و محێدین... بێ ئەوەى شەرم بکەن، لە کاتى ریزبوونى قوتابیانى قوتابخانە دەچوونە ناوەڕاستى گۆڕەپان و دواى هەڵکردنى ئاڵاى نیشتمانى رۆژى پێنجشەممان لەبەر دەمى مامۆستا و بەڕێوەبەر وەک (تاهیر تۆفیق) دەستیان بادەدا و شیعرى دارى ئازادى بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ و ئەى وەتەن مەفتوونى تۆم و ... دەخوێندەوە. مامۆستا عەزیز بەرخول پیاوێکى تێکسمڕاوى سوور و سپى بوو، یەکێک بوو لە نەیارانى رژێمى ئەوساى بەعس و کاتێک کودەتایەکەى (محەمەد عایش) ئاشکرا بوو، ئەو وڵاتى جێهێشت و بۆ ئەمریکا هەڵات.
ئادارى 1974 ساڵى بەرخودان و هەڵچوون و هەڵایسانى تووڕەیى و خەباتى کوردایەتى بوو، ساڵى بوێریى و چاونەترسى و جەسوورى، ساڵى یاخیبوون و بەرەو چیابوونەوە و کۆڵنەدان... من لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى بووم، کە شۆڕش گڕى گرت، لە زۆربەى ماڵان بڕینى زیندانى حەرەس قەومى و چوونە چیاى پۆلیسان و یاخیبوونى گەنجان... چرپە و باسى زۆرى بەدواى خۆیدا دەهێنا. لەو مامۆستایانەى کە شۆڕشیان بە گەرمى وەرگرتبوو مامۆستا قەرەنى و مامۆستا (ئەحمەد) و مامۆستا (زرار)ى کوردى بوون... بزر بوون و هەندێ لە قوتابیان دەیانگوت چووینە سەرێ، بەڵام ماوەیەک ونبوون و گەڕانەوە... ئەوسا بەڕێوەبەرى قوتابخانەمان (ناێح داود ئەیوب)، هەتا بڵێى لەسەرەخۆ و هێمن بوو، مامۆستا عەبدولقادرى بیرکارى جێگرى بوو. فەراشى قوتابخانەکەمان ناوى (عەباس ئەبو شوارب) بوو، بەخۆیى بە قەڵافەتى تووند  تۆڵ و بە پایسکیلە حەدبا شینەکەى یەکەم کەس بوو دەرگاى قوتابخانە بکاتەوە و دوا کەسیش بوو لە داخستنى. مام عەباس پیاوێکى قسە خۆش و لەبەر دڵان بوو. بەشێکى زۆرمان کە زوو بۆ قوتابخانە دەهاتین لە خۆشەویستیمان بۆ وانەکان نەبوو، بەڵکو دەمانویست لەگەڵ یارمەتیدانى مام عەباس گوێمان لە قسە خۆشەکانیشى بێت. مام عەباس بە (خەلیل یابە) و جەبارى مەلا هەمزەى دەگوت بۆ ئەوەى پرچتان وەک قژى (کامەران حەمە ساڵح) و (ئارام ئیسحاق)... نەرم بێ و بتوانن بە ئاسانى دایبهێنن، پێویستە شەوانە دۆشاوى لێبدەن و بەیانى کە هەڵسان بە ئاو بیشۆن و ئینجا تەماشاکەن لە قژى عەبدولحەلیم حافز جوانتر دادێت... ئەوسا زەمەن زەمەنى فەرید ئەترەش و عەبدولحەلیم حافز و ئوم کلسوم و فاتن حەمامە و سەمیرە تۆفیق بوو، زەمەنى محەمەد گۆران و نەسرین شێروانى و عائشە شان و محەمەد عارف و عیسا بەروارى و تاهیر تۆفیق... بوو، زەمەنى عەدنان قەیسى و جۆنلیز و شێرۆ خەلیل و نەجات تۆڕیى... زەمەنى فیلمى هیندى و میسرى و کاوبۆیى... زەمەن زەمەنى فرسان و پێشمەرگە و مەلا مستەفاى بارزانى بوو.
هەمیشە شتێک هەبوو دڵانى خۆش دەکرد و هەندێ لە باوک و دایکانى تا رادەیەکى زۆر شاد دەکرد ئەویش دەنگى کوردستانى عیراق و تۆپە تەییارە شکێنەکانى شۆڕش و پێشمەرگە و چیرۆکەکانى ئێزگەى تاران و دەنگى زوڵاڵى کاوێس ئاغا... بەڵام ئەوەى کە زۆرێک لە دڵانى پەست دەکرد، گیران و راوەدوونانى کورد و فرمێسکى دایکان و هەناسە حەسرەتیەکانى داریوش بوو، پێشمەرگە و داریوش ئەگەر بە ریشیش نەگەیشتبانەوە یەک، ئەوە بە خەم و حەسرەتەکانیان بە یەک دەچوون، حەسرەت روخسارى زۆربەى منداڵانیشى لێڵ کردبوو.
شۆڕش ماڵى زۆرانى کاول کرد، زۆرانى دووچارى گرتن و چەرمەسەرى و ئازار و راوەدوونان کرد، زۆرێک لە منداڵانى بێ باوک و خوشکانى بێ برا کرد، شۆڕش قوربانى زۆرى لەدواى خۆى جێهێشت، بڕوا ناکەم هیچ ماڵە کوردێک هەبێ و قوربانى پێشکەش شۆڕش نەکردبێ، شۆڕش زۆر رەمزى دروست کرد، زۆر رەمزى تێکشکاند، زۆر بێ تاوانى کردە تاوانبار، زۆر تاوانبارى کردە شۆڕشگێر، چیرۆکى زۆرى هێنا ئاراوە، خەیاڵى زۆرى هەڵفڕاند... شۆڕش هەرەسى هێنا!
شۆڕش هەر تەنها بە شوێن گۆڕینى دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکو پرۆژەى جۆراوجۆرى مرۆیى لە خۆدا هەڵگرتووە، شۆڕش لەسەر پاشکۆیەتى رۆنانرێ، بەڵکو دەبێت لە دۆخێکى شۆڕشگێڕانەدا بژى، شۆڕش و هەڵچوون لێرەدا لێکجیا دەبنەوە، بەڵام هەتا ئێستاش کەس بیرى لەو هەموو شکستە مێژووییانە نەکردۆتەوە، کەس نەهات شۆڕش و پاشکۆیەتى بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کەس نەهات راپەرین و هەڵچوون لێکجیا بکاتەوە، هیچ شۆڕشێک لە دنیادا نابینى هێزى کۆنەپەرست و هێزى بێگانە رابەرایەتى بکات و سەرکەوتن بۆ گەل بە دەست بهێنێت... شۆڕش هەرەسى هێنا!
 
بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم