پەیامێك بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شیعرەوە...
بۆ ماڵپەڕی باڵندە

هەموو جارێک ئەو پرسیارە گەورەیە دێتەپێشێ: بۆ شیعر پێویستە؟ بۆ ناتوانین و نابێت دەستبەرداری شیعر ببین؟ پرسیارێکی دووبارە و ئەبەدی کە هەموو ڕۆژێک بۆ وەڵامی نوێ دەگەڕێت. ئێمە ڕۆڵەی سەردەمێکین تا دێت بەرەو ناجیدییەت هەنگاودەنێت. مرۆڤەکان لە زۆربەی چالاکییەکانیاندا خۆیان لە پرسیارە گەورە و گرنگەکان دەدزنەوە. ژیانی مرۆڤەکان خاڵی بۆتەوە لە پرسیار دەربارەی ماهییەتی جوانی و مانای ژیان و مانای زمان. مرۆڤەکان هەڵپەیانە بگەن بە جۆرێک لە «ئاسوودەیی گەمژانە»، ئاسوودەییەک کە لەسەر فەرامۆشکردنی بیرکردنەوە و لە بیرچوونەوەی جوانی دامەزراوە. سادەیی و سەتحییەت چۆتە ناو زۆربەی کایەکانەوە، شیعر خۆشی لەو مەترسییە گەورانە بەدەر نییە. شیعر وەک هەموو شتەکانی تر لە مەترسیدایە. ناتوانین دۆخی شیعر لە دۆخی گشتی مرۆڤ جیابکەینەوە، مرۆڤێکی نابەرپرس، مرۆڤێک کە ڕێزی سروشت و جوانی و ژیان نەگرێت، ناتوانێت شیعریش لەگەڵ خۆیدا بەرەو مردن و سەتحییەت نەبات. شیعر لە هەموو شوێنێک لە بەر هەڕەشەیەکی گەورەدایە.


چەندین دەیەیە، هۆکاری بەشی زۆری کارەساتەکان دەگەڕێنەوە بۆ باڵادەستبوونی لۆگۆس، بۆ زیادبوونی عەقڵانییەتێکی زانستی ڕووت، بۆ ئالودەبوونی بەردەوامی ژیان بە ئامێر و تەکنۆلۆژیا. زمانی زانست و زمانی سیاسەت و زمانی ناو میدیا تا دێت گورزی کوشندە لە خودی زمان دەدەن. ئێمە لە ناو پرۆسەیەکی بەردەوامی بە عەقڵانیکردنی زمانداین. مرۆڤەکان ئەوەندە زمان فێردەبن کە لە ناو کایەکاندا پێویستیان پێیەتی، سیاسەت و میدیا و زانست ڕۆژ دوای ڕۆژ زمان دەگۆڕن بۆ کەرەستەی کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردن. تا دێت وشەکان پتر بە ناوکۆییەکانەوە دەبەسترێن، وشەکان بە مانای دیاریکراو و وەزیفەی دیاریکراو و مانای دیاریکراو دەخنکێنرێن. زمان تا دێت لە شێوە سروشتییەکەی دووردەکەوێتەوە. هەرچی زمان عەقڵانیتر بێت، سنوورەکانی بەر تەسکتر دەبنەوە و زیاتر لە سروشتی خۆی نامۆ دەبێت. لە دونیای ئەمڕۆدا کۆنترۆڵکردنی ئینسان لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنی زمانەوە، چیتر تەنیا چیرۆکێک و تێزێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو پرۆسێسێکە بەردەوام لە ناویدا دەژین. ئەوەی خەڵکی ناتوانن تێکستەکان بخوێێنەوە و تێیانبگەن، ئەوەی ناتوانن قووڵ بیربکەنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ مەحرومبوونیان لە زمان. لە هەموو شوێنێکی دنیادا، زمان لە قاڵب دەدرێت و لەگەڵیشیدا هەم مرۆڤ و هەم هەستەکانی لە قاڵب دەدرێن. گەر «رۆسۆ» جاران دەیگووت «مرۆڤ بە ئازادی لە دایکدەبێت، بەڵام ئێستا لە هەموو جێگایەک لە زنجیردایە»، گەورەترین سیفەت و ترسناکترین سیفەتی ئەم ساتەوەختە لە پەیوەندی مرۆڤ و زماندا، ئەوەیە: زمان بە ئازادی لەدایکدەبێت، بەڵام لە هەموو شوێنێکدا لە زنجیردایە.

زمان تەنیا قوربانی ئەم دۆخە نییە کە تیا دەژین، ئامێرێکی گەورەش لە کاردایە کە ئیشی ئاڕاستەکردنی خەیاڵە تا دیوە شۆڕشگێڕ و ڕادیکالەکەی خۆی دەرنەخات. ئەمڕۆ خەیاڵیش وەک زمان ئاڕاستەدەکرێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا منداڵان لە قوتابخانەوە تەنیا فێری خوێندن و نوسین نابن، بەڵکو لە هەر شت گرنگتر خەیاڵیان ئاڕاستەدەکرێت. ماشێنێکی گەورە هەیە کە لە میدیا و سینەما و زانستەکان پێکهاتووە، خەیاڵی مرۆڤەکان دەستەمۆدەکات و سروشتێکی تایبەتی بە فەنتازیا و خەونەکانمان دەبەخشێت. خەیاڵی ئادەمیزادەکان هەر لە منداڵییەوە ڕووە و کاڵاکان ئاڕاستەدەکرێت، خەیاڵ وەک هێزێکی بەرهەمهێن هێدی هێدی دەمرێت و دەبێت بەو هێزەی کە تەنیا مرۆڤێکی بەرخۆر و مەسرەفکەر و دەستەمۆ دروستدەکات. خەیاڵ بە هەمان ئەندازەی عەقڵ بەرهەمهێن و سەرکێش و دۆزەرەوەیە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەشفەکانی خەیاڵ گەر بایەخدارتر نەبن لە کەشفەکانی عەقڵ، ئەوا کەمتر نین. بەڵام ئەمڕۆ خەیاڵی مرۆڤ لە هەموو شوێنێک ، ڕووبەڕووی شێواندنێکی بەردەوام و سیستماتیک دەبێتەوە.
جگە لەم هەڕەشانە کە لەسەر زمان و خەیاڵ هەیە، خودی شیعر لە ناوەوە، لە ناو کایەی شیعردا، کێشەی گەورەی هەیە. هەوڵی گۆڕینی شیعر بۆ شتێکی خودگەرا «سوبێکتیڤ»ـی ڕووت، بۆ جۆرە شیعرێک کە بەس کار لەسەر سۆزە سادەکانی مرۆڤ دەکات، هەستە سادەکان دەجوڵێنێت تا ئێستا گرفتی هەرە گەورەی شیعرە. زۆرینەی خەڵک شیعر وەک مەخزەنی هەست وسۆزی سادە سەیردەکەن. تێنەگەیشتن لە ماهییەتی شیعر وادەکات، شیعر ببێت بە چەکێک بەدەست عاتیفە سادە و ڕۆژانەکانەوە. هۆی ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە کە لەسەر شیعر هەیە، شیعر بەردەوام تەنیا وەک شێوازێکی تەعبیر سەیردەکرێت، لێرەوە عاتیفە بچوکەکان و هەستە ڕۆژانەکان دەستی بەسەردا دەگرن و وەک سەرزەمینی خۆیان لێی دەڕوانن، ئەوە شیعر لە ناو دیوارەکانی خودگەراییەکی پوچدا نوقمدەکات و هەمەڕەنگی دونیای لە بیردەباتەوە. شیعر بەر لەوەی کەرەستەی تەعبیر بێت، کەرەستەی «دۆزینەوە» و «تێپەڕاندنە». شیعر هەرگیز ناتوانێت لە شتە سوبێکتیڤەکان دووربکەوێتەوە، بەڵام سوبێکتی شیعریی، سوبێکتێکی گەڕۆکە، لەسەر شتە دراوەکان ئیش ناکات، ئەو شتانە بەرهەم ناهێنێتەوە کە هەن، بەڵکو دروستکەرە، لەسەر تێپەڕاندن و تێکدانی تێڕوانینە ئامادەکان ئیشدەکات.

یەکێکی دی لەو مەترسییە قووڵانەی لەسەر شیعر هەیە، هەوڵی بەردەوامە بۆ دابڕاندنی لە فیکر. پچڕاندنی پەیوەندی لە نێوان شیعر و فەلسەفە، شیعر و پرسیارە گەورەکاندا، شیعر بەرەو بەتاڵی و مردن دەبات. لە زۆر قۆناغی سەدەی بیستدا شیعر لە ڕێگای پەیوەندییەوە بە کێشە سیاسییەکانەوە دەژیا، بەڵام شیعری سیاسی وەک شیعری عاتیفی، ئەم ژانرە ئەدەبییەی بەرەو هەژارییەکی گەورە برد. بەکارهێنانی شیعر وەک کەرەستەیەکی سیاسی، لەسەر حیسابی دابڕانی شیعر بوو لە ڕەهەندە فیکرییە قووڵەکانی، لە سەر حیسابی جیاکردنەوەی شیعر بوو لەو پرسیارە گەورانەی بە شوێن و کاتەوە نەبەستراون. ئەمڕۆ شیعری سیاسی ناتوانێت نرخێکی هەبێت، چونکە سیاسەت خۆی کەناڵی گەورەی پڕوپاگەندەکردنی بەدەستەوەیە، لێرەوە چیتر شیعر وەک چەکێکی سیاسی نرخێکی نەماوە. ئێستا شیعر ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بەر ئەو ڕاستییە جەوهەرییە دەکەوێت، کە خۆی کایەیەکی سەربەخۆیە و دەبێت ڕوانین و جیهانبینی خۆی لە جێگایەکی دیکەوە قەرزنەکات. شیعر چیتر کەرەستە نییە بۆ مەسرەفکردنی سیاسی و عاتیفی، بەڵکو ئەرکێکی سەختتری هەیە، کە ڕوانینە لە کۆی ئەزموونی ئینسانی و تێڕامانە لە شوێنی مرۆڤ و ئەرکی مرۆڤ لە سەر ئەم ئەستێرەیە.
بەڵام شیعر لە ناو ئەو هەموو مەترسییە گەورانەشدا، هێشتا وەکو چەکێکی هیوا دەمێنێتەوە.

شیعر تاکە کەرەستەمانە کە دەتوانێت زمان وەک یەکەکی ناکۆتا ئامادەبکاتەوە. شیعر گەڕانەوەیەکی هەمیشەییە بۆ لای وشە، بەر لەوەی هیچ دەلالەتێکی هەڵگرتبێت، واتە زیندووکردنەوەیەکی بەردەوامی دان و دەرهێنانێتی لە چنگی هەموو جۆرە دەلالەتێک. شیعر تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ نەستێکی کۆ، وەک سوریالییەکان دەیانگووت، کە لەوێدا ئەزموونی کۆی مرۆڤایەتی خەوتووە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ لای وشە، بەر لەوەی هیچ جۆرە بەکارهێنانێک  دیلی ناو یەک مانای کردبێت. ئەمە گەڕانەوە نییە بۆ پاکی و بێگوناهی، وەک زۆرجار بانگەشەی بۆدەکرێت. شیعر لە دەرەوەی ئەو حوکمە ئەخلاقیانە ئیشدەکات. شیعر ئەو مافە بە خۆی دەدات، هەموو شتێکی مرۆڤانە تاقیبکاتەوە، واتە پێوەرە ناوەکییەکانی شیعر «ئەزموونی بەردەوامە» «گەڕانەوەی هەمیشەییە بۆ سەرەتا». پاکی لە شیعردا، مانای ئەوەی بتوانین هەمیشە هەموو شتێک بگێڕینەوە بۆ قۆناغی بەر لە دایکبوونی «مانا». مانا لە شیعردا تەنیا هۆکارە نەوەک ئامانج. پاکی لێرەدا خۆ پاککردنەوە نییە لە تاوان، بەڵکو خۆپاککردنەوەیە لە دەسەڵاتی جۆرە عەقڵانییەتێک کە هەموو شتێک دەکات بە کەرەستە... هێزی شیعر لەوەدایە کە دەتوانێت نەبێت بە کەرەستە، واتە دەتوانێت خۆی لە هەموو خواستێکی بەکارهێنان ڕزگاربکات. بەم واتایەش شیعر یەکێکە لەو هێزە گەورانەی کە بەدەستمانەوە ماوە دژ بە دیکتاتۆرییەتی لۆگۆس و عەقڵانییەتی تاک ڕەهەندی تەکنۆلۆژیی بەکاریبهێنین.

شیعر لە ئەزموونی قووڵیدا، تەنیا خۆی لە دیکتاتۆرییەتی عەقڵانییەتی هاوچەرخ ڕاناپسکێنێت، بەڵکو دوورکەوتنەوەشە لە هەموو کۆیلایەتییەک بۆ کەلەپوور. هەوڵی گێڕانەوەی شیعریش بۆ ئەو کەلەپوورە سۆفییە، مستیکییە، ڕۆحانییە دێرینەی کە لە ڕۆژهەڵات سەردەمێک باڵادەست بووە، هەوڵی بەستنەوەی شیعر بەو کولتوورە سوننەتییەوە، هەوڵێکی نەزۆکە و بە مەرگی شیعر کۆتایی دێت. شیعر وەک نابێت بە بۆتەیەک بۆ هەڵگرتنی ئەزموونی سیاسی، ناشبێت بە بۆتەیەک بۆ هەڵگرتنی ئەزموونی دینی. ڕۆحانییەت لە شیعری نوێدا، ڕیشەکانی خۆی لە ئەزموونی دینییەوە وەرناگرێت، بەڵکو لە کۆی ئەزموونی مرۆڤ و لە کۆی هەستەکان و ڕوانین و تێڕامانەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت. شیعر کەرەستەیەک نییە بۆ پەیوەندیکردن بە خوداوە، بەڵکو کەرەستەیەکە بۆ  پەیوەندیکردن بە وجودەوە، وەک لانکەی هەموو پرسیارە گەورەکان.
شیعری نوێ جوڵەیەکیشە بۆ دەرەوەی شوناس. شیعر، زمان لە کۆسپ و گرێکانی شوناس ڕزگاردەکات. ڕاستە مرۆڤ هەمیشە بە زمانی نەتەوەیەک دەنوسێت، بەڵام شیعری ڕاستەقینە وا دێتەزمان وەک بە زمانی هەموو مرۆڤەکان بنوسێت، واتە لە قووڵایی خۆیدا، تەنیا خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو بە ئەویدیش دەگات. شیعر زمان لەو گرێیە ئازاد دەکات کە زمانێکی بەرتەسکی نەتەوەیەکە، ئەو ڕەهەندەی تێدا دەدۆزێتەوە کە گەردونییە، کە دەتوانێت تێپەڕێت، دەتوانێت بە ناوی هەموو شوێن و کاتەکانەوە قسەبکات.
شیعر چەکێکی گەورەیە بەدەستمانەوە، بۆ هێشتنەوەی خەیاڵ بە ئازادی. شیعر ئەو بەشەی خەیاڵمانە کە بە یاساکانی قوتابخانە، بە قانونەکانی دەوڵەت، بە هاوکێشەکانی زانست، ڕام ناکرێت. شیعر ئەو دەستی ئاماژەیەیە کە بەردەوام بەرەو دەرەوە، بەرەو  دوورتر، بەرەو نادیار ئاماژەدەکات.
ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە بەردەوام باس باسی مردن و کۆتاییە. ترس لە کۆتایی، هەموو بیرکردنەوەیەکی دەرهەق بە سەرەتا لێدزیوین. لە سیاسەت و فەلسەفە و زۆربەی کایە زانستی و مەعریفییەکاندا هەمیشە قسە لە کۆتاییە. بەڵام لە هەموو شوێنێک و جێگایەک دەکرێت مرۆڤ قسە لە کۆتایی بکات، تەنیا لە ناو شیعردا نەبێت. شیعر بانگەشەیەکی هەتاهەتاییە بۆ سەرەتا. لەگەڵ هەموو شیعرێکدا وێناکردن و دروستکردنەوەی جیهان لە سەرەتاوە دەست پێدەکاتەوە.
شیعر شتێک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو یەکێکە لە هەرە جیدیترین چالاکییەکانی مرۆڤ کە بە زمان ئەنجامبدرێت. ئەو هێزی پارسەنگەیە کە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی مرۆڤ پێویستە، بەرامبەر پەلاماری جۆرە ژیانێکی کۆنترۆڵکراو و ئاڕاستەکراو کە ئیشی تەنیا گۆڕینی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێکی ئابووری ڕووت. شیعر ئەو هێزە جدییەیە کە دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پوچی و سەتحییەت و ڕووکەشبینی بخرێتە کار. هیچ ژانرێک نییە ئێستا وەک شیعر، بە پرسیاری ئازادییەوە بەسترابێت.  پرسیاری ئازادیی لە زۆربەی بوارەکان و کایەکاندا دەچێتە پشتەوە و دەبێتە پرسیارێکی لە بیرکراو، بەڵام شیعر هەرگیز ناتوانێت پرسی ئازادیی لە بیربکات، چونکە شیعر ڕاستەوخۆ پراکتیزەکردنی ئازادییە، هێزی هەموو شیعرێک بە مەودای ئەو ئازادییە دەپێورێت کە لە ناویدا نیشتەجێیە. شاعیرییەتی شیعر یەکسانە بە ڕووبەری ئازادی لە ناویدا.

تەنیا هیوایەک هەمان بێت، بۆ بینینی جیهان بە چاوێکی نوێ ... لە شیعرەوە دێت. ئیشی شاعیرانیش ئەوەیە، بۆ ئەو هیوایە وەفاداربن.