فرانس

وەک دیارە ئەمڕۆی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی، زیاتر لە مەفهوومێک و خوێندنەوەیەک و دیراسەیەکی پێویستە، زیاتر لە خوێنەرێک و ناقدێک و سەڤانێکی دەوێت تا ئیش لەسەر بەشبەش بوون و ترازان و قرتانە یەک لە دوای یەکەکانی بکات. روخساری بخاتەوە سەر سەری راستەقینەی خۆیی و وا بکات وەک ئەدەب دەربکەوێتەوە. ئەدەبێک کەمدەستە لەوەدا خۆی لەو تەنگەژە وگرفتە قورسانە قوتارکات کە بۆتە ماشێنێکی هیلاک و هەر تاقمێک وگرووپێک و کۆمەڵێک بە ئەخلاقێکی خراپەوە لێی دەخوڕن. هەڵبەت بەدرێژای مێژووی درووستبوونی ئەدەب و ئەدیبەکانی ناوخۆی، تاقمێک بۆ تازاکردنەوەی ئەدەب و گەیاندنی ئەدەب بەجەستەیەکی ئەدەبی، ئەدەبیان هەڵسووراندووە. دواجار لێخوڕینی ئەدەب ئەشێت کێشە نەبێت، بەڵکو خراپ لێخوڕینی کێشەیە. ئەوە کێشەیە نەتوانی مەسرەف لە ئەخلاقدا بکەیت و بیکەیتەوە بە ئەدەب. کاتێک باسی ئەخلاقی ئەدەبی دەکەین پێمان وایە، ئەخلاقی ئەدەبی ئەخلاقێکە تێیدا مرۆڤ بە مانا گەورەکەی قسە دەکات. بیر دەکاتەوەو ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسی و مێژووی وەک سەگ دەتۆپێنێت. وەلێ هەنووکە ئەخلاقێکی دیکە دەژی. ئەخلاقێک خاوەنی زۆرینەی بەربادی و ترازان و بێبەهاکردنەوەی ئەو بەهایانەیە کە ئەدەب خۆی بە خاوەنیان دەزانێ و پێی وایە هی ئەون. دیارە دیارترین دیاردە لە ئێستای کۆمەڵگای کوردیدا لە دەرەوەی ئیشکایلیاتی سیاسی و کۆمەلایەتی. ئەشکالیاتی بە ماشێن کردنی ئەدەبە. بە ماشێن کردنی دەزگایەک کە بەرپرسیارە لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا و عەقڵی نوێی نەتەوەیەک. هەڵبەت بە ماشێن کردنی ئەدەب لەنێوەندی ڕۆشنبیری کوردیدا، لە عەقڵێکی ئیگۆیستەوە دێت. عەقڵێکی ئەنانی و خودسالار. عەقڵێکی تۆپیو لەناو تەقلیدیەتدا و بەرزکردنەوەی زیندوێتی خۆی کە وەک تابووت بەسەر شانی خۆیەوە دەیگێڕێت. ئەم دیدگایە ئەم عەقڵەی ئیش لەناو ئیگۆسیمدا دەکات، تەنیا نییە؟ دەمووجاوی دیکەی هەیە، دەستی تر لە پشتیەوە دیارن، وێنەی تر لە هەناویدا بە مانای جۆراو جۆر یاری دەکات. دیارە ئەم عەقڵە کە دێت دەستێکی شارەزا دەیەێنێت. ڕێبەرێک دەیەێنێت تا وەک دواهەمین پەیامی خۆی بە کۆمەڵگای بناسێنێت و بڕوات. ئەم عەقڵە کەدێت، پێویستی بە تاقم هەیە بۆ ئەوەی بیناسینەوە. پێویستی بە بانگەواز و میمبەر و پشتگیری موعەیەن هەیە تاخۆیمان بۆ ئاشکرا بکات. لەکاتێکدا ئەدەبی ڕاستەقینە لەدەرەوەی تاقمخوازی و بەرەزادەیی دەژی. بەرەزەدایی بەومانایەی هەموو دەستەکان دەبێتەوە بەیەک و بەیەک دەنگ قانون بۆ خوێنەر و درووست بوون و ڕوخاندنی نووسەران دادەنێن. کاتێک لە سەردەمێکدا باشترین ڕوخسار لە تاکایەتی دەکەوێ و دەگۆڕێت بۆ گرووپێکی کوشندە و ئیش بە ئەدەب دەکات، ئیدی ئەدەب جەوهەری خۆی دەدۆڕێنێت. بەومانایەی ئەدەب ئیشێکە لەگەڵ مرۆڤ خۆیدا، کۆبوونەوەی هەموو ئەو مرۆڤە قسەکەر و خەونپەروەر و عاریفانەیە کە لە خودی نووسەردا پێکەوە دەست دەکەن بە هاوار. دواجار ئیشی ئەدەب ئەوە نییە لەکردەیەکی پیرسۆنێلەوە بیگوازێتەوە بۆ فۆرمێکی تەقالیدی و کوشندە، کە تێیدا گرووپ بە گەورەیی دەردەکەویت. تاقم دەردەکەوێت کە لیستی خۆیان درووست کردووە بۆ ڤیزەدان بە هەوادارانی خۆیان. بۆ پەرواندنەوەی جگەرگۆشەکانیان بەرەو دونیایەکی بچکۆلە کە تێدا وەک نووسەر بۆ خزمەتی خۆیان نیقابیان لەسەر لادەچێت. ئەم گرووپەی کە میراتگری ڕۆشنبیری و ئەدەب و نووسینن، پێویستیان بە ماندووبوون نییە، ناخوازن لەو قبوڵکارییەدا بووەستن کە دەبێت بە خوێنی خۆت بنووسیت. ئەم جۆرە لە گرووپ، ئەمجۆرە لە بەلایەنکردن و بە بەرەکردنی ئەدەب تەنها ئەو کەسانە دەتوانن ئیشی پێ بکەن کە خوێنیان نییە و بێهێزن لەوەدا پاڵ بە هۆشیاری خۆیانەوە بنێن بەرەو ناو کۆمەڵگا و ئەدەب بکەنەوە بە ئەخلاق. دیارە ئەوەی ئەدەب دەکوژێت، ئەوەی نووسین هەلهەلا دەکات کۆی ئەو ڕهەەندە تاریکانەی ئەخلاقن کە بەمانا چەوتەکەی لە کە لەسەری هەر یەک لەم ئەکتەرە یەکخوازانەدا خول دەخوات. چونکە پێش هەموو شتێک، ئەم گروپە شۆڕشگێڕەی کە هەیە، بەناوی تاکەوە قسەیەکیان نییە، چونکە تاک لەم گروپانەدا ناتوانێت بوونی خۆی وەک عەقڵ، وەک ڕێخستنێکی فیکری و ڕۆشنبیری دەرخات. لە کاتێکدا ئەو دەنگەی لەم گرووپانەوە دێت، ئەو ڤیسەو پاسپۆرتانەی لەم تاقمانەوە دەدرێت کە پێیان وایە جەوهەر و مەزدەر و چەق و سەنتەری ئەدەبن، ڕێک کەوتنێکی یەک دەنگییە بۆ درووستکردنی نووسەری ناشی و نابینا و کۆڵەوار. هەڵبەت باشترین ئیشی ئەم گرووپە بەگشتییکردنی شوایە لەسەر نووسینێکی تایبەتی. کاتێک شواو ئیختیار یان هەڵبژاردنی تێکستێک دەگشتێنرێت، ئیدی ئەوەی دەیبینین لە کارکەوتنی داهێنانە و داخستنی کۆی ئەو دەرگانەشە کە تێکستی گەورەی پێدا تێدەپەڕێت. هەروها ئەمڕۆی فیرقە جیاجیاکانی ئەدەب، بەشێک لە کار و پرۆژەکانیان ئەوەیە شوناس لە تاک بسەننەوە و ئەنسێرێی بکەنە کۆمەڵەکانەوە. کردنی تاک بە کۆ، گشتاندنی عەقڵییەت و دیدگای تاک لەنێوەندی ئەدەبی کوردیدا وای کردووە ئەو بەشە جیدییە لەنەوەی نوێ کە هەیە شەرم بکات لەوەی بێدەنگە لە پەیوەندییەکانیدا....

گرووپیستەکانی ئەدەب، ئەو نەوەیەی بەنەوەی نەوەد تا دووهەزارمان زانیوون، وەک مزگەوتێکی کۆن بانگی نەوەی نــوێ دەکەن بڕۆن و نوێژێک لەمیحرابەکانیاندا دابەستن. ئیدی ئەگەر دەستنوێژی ئەوەمان نەبوو شوێن بانگەوازەکانیان بکەوەیــــن، ئیـــدی دەبینە بەشێک لەو نەفرەتەی مێژوو فڕێیدەداتە دەرەوەی خۆی. ئەگەرچی لە هەر کۆمەڵگا و ئەدەبێکی جیهانیدا بە ڕوونی ئەو بزاوتە ئەندیڤیوێلییە دەبینین، کە ئەدەب دەباتە تەبەقاتە بەرزەکانــــــی نووسین.

لە هەر کۆمەڵگایەکدا ئەگەر کۆی تاکەکانی گۆڕان بۆ گروپ و تاقم و لایەن و بەرەیەک، ئیدی ئەدەب ئەوە بەرهەم دێنێتەوەکە لایەزال لەناو ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە گشتییەکانــدا تیــــــلاوەتــــــی دەکەین. ئێمە پرسیار ناکەین لەوەی کە تاک دەتوانێت تیپەکان بگۆڕێت؟ بەڵکو پرسیار لەوەدەکەین تا چەندێک دەتوانین تاقمخواز بین بۆ گۆڕینەوەی تاک بەکۆ. ئەمە لەو کاتەدا دروست دەبێت کە ئەدەب هێزێکی نییە وا بکات نووسین لەناو تاکدا پەروەردە کــات. هەمیشە لە ناو ڕۆشنبیری کوردیدا ئەگەر هەبێــــــت ئەوەمان بینیــــــوە گەر لەناو زۆرترین پەیوەندیدا نەبوویت، کەس ناتخوێنێتەوە. ئەم دیدەی کەبەشێکی زۆر لە عەشقی بە کۆمەڵبوونی تێدایە و بەشێکی زۆریش ئەو عەقڵیەتە مۆدێستەی کەبەبێ ئەوانی دیکە ناتوانێت بوونی خۆی ڕاگەیەنێت و ئۆرگانیزێی بکات، وای کردووە باشترین نووسینمان لە شارێکەوە نەگاتە شارێکی دیکە، لە خوێنەرێکەوە بـــــــــــۆ خوێنەرێکی تر نەڕوات. بە داخەوە ئەمڕۆی سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەدەب، ئەمڕۆی سەرۆک باندەکانی ئەدەب، کەتەنها ئیشیان کوشتن و سادەکردنەوەی ئەدەب بووە، نەیان توانیوە، یان نەیان ویستووە دوور لە پەیمان و ئاکت، دوور لە دۆستایەتی و ڕق تاک بۆ خۆی بگەڕێننەوە و لە تاکەوە هەوڵی گەورەکردنی پڕۆژە ئەدەبییەکانیان بدەن. ئەمەش بۆ ئەو نابەرپرسیارێتی و خودخوازیـــیە دەگەڕێتەوە کە جۆرێک لە دیکتاتۆریای نووسین درووستی دەکات. ئێمە تا ئێستا تەنها لەوە ئاگادار بووین کە لە ناو سیاسەتدا ئەتوانیــن دیکتاتۆر درووست کەین. تا ئێستا لەناو کۆمەڵگای کوردیدا دیکتاتۆر و دەسەڵاتی تۆتالیتێر تەنها لە ناو کایە سیاسییەکاندا هەبووە، وەلێ ئەمڕۆ، ئەوەندەی سەدەی بەرهەمهێنانی دیکتاتۆر و دەسەڵاتخوازییە لە نووسیندا، ئەوەندە سەردەمێک نییە بۆ درووستکردنی ئەدەب خۆی. دیکتاتۆریای نووسین، لە خۆیەوە درووست نابێت، بەڵکو ئەو تاکانە درووستی دەکەن کە تاک نین. ئەو مرۆڤە درووستــی دەکات، کە چەپڵە لێدەدا و ناتوانێت دژێکی هەبێت بۆی. دیکتاتۆریای نووسین بە باوەڕی من گەورەترە لە دیکتاتۆریەتی سیاسی، ئێمە دەتوانین دیکاتۆر لەناو سیاسەتدا پەت کەین، گەر پەتیشی نەکەین بەشێک لەخشتی کەسایەتی بەێنینە خوارێ. وەلێ دیکتاتۆریای نووسین جۆرێکی ترە، ئەگەر نەتکوژێت وێرانت ئەکات. ئەگەر بێدەنگت نەکات ڕێگاشت نادات وەک خۆت و هێزی خۆت و دیدگای خۆت هاوار بکەیت. هاوارکردن، خودڕاگەیاندن، خودنیشاندان، بەبێ مۆلەتی ئمپراتۆر و سەرۆک عەشیرەت و دیکتاتۆرەکانی ئەدەب لەناو ڕۆشنبیری کوردیدا، وای کـــردووە وەک نەفرەتێکی کولتوری، وەک نەخۆشییەکی کوشندە لەناو ئەدەبدا خۆت مانیفێست بکەیت. بوون بەنەخۆشی و زبڵ لە نووسیــــــندا، هەموو ئەو تاکانەش دەگرێتەوە کە سەر بە ئیمپراتۆرەکان نین. ئەو تاکانەی کە وەک خۆیان هەن و دوور لە پەیمان و عەقد و ئاکتەکانیان لەگەڵ دیکتاتۆرەکانیاندا نووسین دەخەنە سەر ڕێگــــــا، دەبنەوە ریسک، بەرپەرچ، تەنـــــــــــــــــــگەژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە هاوپەیمانی نەکردوون. کاتێک مەڕ لە شوانەکەی جیا دەبێتەوە، باشترین شەنس بۆی تۆپاندنی دەبێت. وەک لە تەمی سەر خەرەندی کاک شێرزاد حەسەندا دەیبینین. هەر جیاوازییەک هەر شۆڕشێکی بچکۆلە، هەر هاوارکردنێک جیاواز لە هاوارەکانی تر و لەدەرەوەی دەسەلاتی سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەدەب، کوشتن دەخاتە ئـــیش، بێدەنگکردن، کزکردن، بەدبەختکردن و ڕیسواکردنێکی مێژوویی دەخاتە ئیش. بۆیە ئێمەی نەوەی نوێ نەوەیەکین تۆپیو، کز، دەردەدار، لە دیدگای بەڕیوەبەرەکانمانەوە. هەرکاتێک چووینەوە بۆ لایان و ئالاکەیانمان هەڵگرت و ئەسپەکانیانمان بەرەو شەڕگەکانیان بۆ پشتگیرییکردن لە شکستەکانیان تاودا، ئیدی ئێمەش بەجۆرێک لەجۆرەکان ناتیورالیزێ دەکرێننەوە. دەتوانین ببینە شۆڕشگێڕ و خاوەن هێز. بە مەرجێک ڕێزمان بۆ ئەو نەوتەلشەجاعانە هەبێت، کەسەرۆکەکانمان بەئێمەیان بەخشیــوە. هەر ترازانێک لە پەیمان، هەر جەفایەک لەگەڵ سەرۆکەکانماندا، هەر بێوەفاییەک دەرهەق عەقڵیەتی شوان. وادەکات باشتـــــریــــــن شەنسمان خۆفڕێدان بێت بۆ ناو خەرەند و هەپروون بە هەپروون بوونی خۆشمان وەک شکستێـــــک، نەک قارەمانێتییەک تەفسیرکەین. دواجار وەک فرانسوا موریاک دەربارەی فاکتی نووسین دەڵێت: نووسەرە گەورەکان لە دڵەوە دێن، بۆیە دڵ دەپێکن. ئەگەر ئەم وتەیە مافی ئەوەمان باتێ بەپێی گوزارشتەکانی خۆمان بیدوێنین و مانایەکی دیکەی بەینێ، ئێمە پێمان وایە کە ئەدەبی گەورە ئەو ئەدەبەیە کە لە دڵەوە، لە هۆشیارییەوە، لەکردەیەکی خوێنینەوە دێت و تەواوی دونیا پارچەپارچە دەکات. ئەوە موستەشارەکانی ئەدەب نیین بتوانـــــــــــن دەق گەورە بکەن و بیکەنە کردەیەکی زیندوو، بەڵکو ئەوە ئیشی ئەدەبە وا بکات موستەشارەکان بخاتە سەر ڕەفەو تەبەقە و پلەنزمەکانی خۆیان. هەر بۆیە ئەدەبی زیندوو ئەدەبێکە زۆر بەخامۆشی دێـــــــت، وەلێ کە هات ئیدی جەنگی نوێ، ناکۆکی جیاواز ، ڕێگای تر درووست دەکات بۆ ئەوەی بە ئەدەب لەبەردەمیــــدا بووەستیــن، شۆپنهاوەر وەک یەکێک لە فەیلەسوفە مەزنەکان، کاتێـــک دەردەکەوێت هیچ کەس ئاگاداری نییە، وەلێ پاش دەیان ساڵ لە هاتنی قورسایی خۆی، جەوهەری خۆی، ماهییەتی خۆی ئێکسپۆزێ دەکات. هەر بەم پێیە، کاتێــــک نیــــتشە دێت و وەک فەیلەسوف و ئەدیب و شاعیرێکی گەورە بەر جیهان دەکەوێت، هەڵوێستی خراپ تێگەشتنی دونیا بۆی، هەڵوێستی ئەوەی کە بێدەنگی کوشندە و درێژ درووست دەکات، نیتشە دەخاتە نیگەرانییەوە تا دەڵێت: من پێش زەمەنی خۆم کەوتووم بە ڕادەیەک هێشتا جیهان ئامادە نییە بۆم. وەلێ پەیمان دەدات دوای سەد ساڵی دیـکە دەیپەرستن.
ئیدی ئەگەر سەیری گەورەشاعیری فەرەنسی ڕامبۆ بکەین، تـــــا دەگاتەوە میشێل فۆکۆ کە هەر یەکێک لەم دوانە لە دوای عاجزبوون و دڵشکنانی خۆیان لە دونیا و نیشتیمان و زێدی خۆیان، دەر دەکەون. باوەڕ دێنین، کە سەردەمی مرۆڤە خامۆشەکان هێستا نەهاتووە و ئەشێت کاتێک مرۆڤە پەراوێزەکان دێنەوە، موستەشارەکانی ئەدەب، عەشیرەتخوازەکانی ئەدەب، دیکتاتۆر و ئمپراتۆرەکانی ئەدەب بەشێک لە وجودیان لە جووڵە بکەوێت. ئەمەش لە کاتێکدا، سەردەمی مرۆڤی بێدەنگ، سەردەمی داهێنان و خامۆشبوونیەتی بە ڕووکەش، وەلێ پڕ بزاوت لە هەناوی خۆیــدا. سەردەمی مرۆڤی پەراوێز کاتێکە، دەستەکان توانای قبـــوڵـــی چەپڵەی ساختەیان نامێنێت، ناتوانن هەمان دەمووچاو بە هەمان فۆرم و دەنگ و هۆشیارییەوە بکەنەوە بە پێشڕەوی خۆیـــان. چونکە ئیدی خوێنەریش ئەشێ هۆشیاری خۆی بەخێو کـات. وەلێ ئەوەی هۆشیاری خۆی، ئاگایی خۆی، عەقڵ و سەقافەتی خۆی دەوەستێنێ و لە گرێژنەی دەبات، موستەشارەکانی ئەدەبـــن. ئەوانەن کەتەنها عەقڵیان پێ نییە، ئەگینا پڕچەکن لە گەمژەیـــــدا. پڕخوینن بۆ ڕشانەوە بەسەر دەنگی جیاو ڕووناکدا. دیکتاتۆرەکانی ئەدەب، لە هەموو شوێنێک هەن. هەن بۆ ئەوەی بەربەست بن لەبەردەم دەنگی جیدیدا، لەبەردەم دەنگێکدا کە نایەوێت ڕەئاسەت قبوڵ بکات بۆ خـۆی. مارکس واتەنی نایەوێت ڕێبارایەتی بکرێ و ڕابەرایەتیش ناکات. دیکتاتۆرەکانی ئەدەب، لە پشت ئعلامەکانەوەن، لەناو ڕۆژنامەکانـــدا ئەژین، وەک کافار چوونەتە ناو بەشێکی زۆری دەزگای چاپ و پەخش کردنەوە. هەر بۆییە درووست بوونی تاکــــی نوێ درووست بوونە لەسەر ئەساسی تێکدانەوەی هێزێک، تێكشکاندنـــی ئادیۆلۆژیایەکی جەهانەمی کە پەیمان لە بەردەمیدا ئیش دەکات. کاتێک نوێ دێت، پێویستی بەپشتگیریی نییە، نایەوێت ئیمزا کۆکاتەوە، نایەوێت بڕواتە ناو لیستی دەنگدانەوە، نوێ خۆی دەنگە بۆ خۆی. خۆی هێزە، پشتگیرییە پەیمانی خوێنیـــنە بۆ خــــــۆی.

هەر بۆیە نوێ پێویستی بە چەکی خۆیەتی بۆ پارێزگارییکردن لە چەکی خۆی. هەر کاتێک ئەم نوێیە درووست بـــوو، قافڵە بێتفاقەکانی ئەدەب دەرناکەون، وەلێ ئەوان ئیدی ونبوونی تر دەژین. دیارنەمانی دیکە تاقی دەکەنەوە و بەجۆرێکی درێژ تاریک دەبن. کاتێک نوێ دێت، سێبەر درووست ناکـات، بۆ ئەوەی لە ژێریدا وچانێک بەین. بەڵکوو نیتشە واتەنی دەڵێت: ئەمەڕێگای منە، دوام مەکەوە. ئیدی موشەخۆر و دیکتاتۆر و موستەشارەکانی ئەدەب، جاشە بچکۆلەکانی ئەدەب بەشیان ئەوەیە بۆی ببنەوە بەجــاش. وەلێ جاشێک بێ چاوەڕوانییکردن لەوەی ستایشێ بکرێتەوە. جاشێک بی حیساب کردن لەسەر قازانج و بەرژەوەندیــــیەکانی خۆی. کاتێک نوێ دێت. ئیدی ئەدەب بێ حیساب ئەدەبە. بێ شک، بێ تاریکی و جەهل ئەدەبە و دەبێت وەک ئەدەب چاوەڕێی نەبین وا بکات گوێمان لە ستایشەکانی خۆمان بێــــت. تەماشای هێزی خۆمان بکەینەوە و ببینەوە دەروێش بۆ هەوڵە گەورەکانی خۆمان. نوێ دژی ئەم جۆرەیە لە کارکـردن و پاوانکردنی خود بۆ خود. ئەگەرچی موستەشارەکانی ئەدەب باشترین موجامەلەیان بۆ ئەوەیە موجامەلە بکرێنەوە. نووسینیان لەسەر تێکستێک بۆ ئەوەیە هەمان نووسەر بێــت و لەسەری بنووسێتەوە. واتە بوون بە پشیلە و مشک، کاتێک شتێکم تێ گرتی، پەیمانەکەمان وا دەکات تۆش تێم بگریتەوە، هەرکاتێک لایەنی دووهەمی پەیوەندیدار لە ئاستی ئەم موستەشارە تێرگرەدا بێدەنگ بوو، ئیدی دوژمنایەتی، ناکۆکی، بێدەنگی و یەکــتری دابەزاندن تا ئاستی بێحورمەتکردنی نووسین و تێکسەتەکانی خۆیان دەکەنە پیشەیەکی دیار. هەر بۆیە، نوێ بەر ئەم گەمەیە ناکەوێت، بەڵکو تیری ئەو بۆ هەموو کەسێکە و بۆ هیچ کەسیش. هاواری ئەو ، دەنگی ئەو، جەنگی ئەو لە پێناوی هەمـــوو کەسێکدایە و، لەپێناوی ەیچ کەسیشدا نییە. ئەم جـــۆرە لەکارکردن، ئەم جۆرە لە بەرپرسیارێتی و زیندووبوون لە نووسینـــدا، وا دەکات کاتێک کتێبێکمان کڕی، تا کۆتای لەگەڵیدا بڕۆین. کاتێک ڕۆژنامەیەکمان خوێندەوە کات قەرز کەیـــن بــۆ تێگەشتن و خوێندنەوە و دیراساتی دێڕ بەدێڕ و مەقتەع بەمەقتەعی تێکستەکە. هەر کاتێک ئەم خوێنەرە نابێت، ئێمە پێویستە لە موستەشار و جاشەکانیان بپرسین بۆ؟ هەر کاتێک شیعرێک، چیرۆکێک، شانۆیەک، ڕۆمانێک لە شارێکەوە نەڕۆشــت بۆ شارێکی دیکە، بەسەر باند و بن باندەکان بڵێین بۆ؟ هەڵبەت پرسیاری جیدی ئەوە نییە بپرسین: تا چەنێک دەتوانین کارا بین لە جاشایەتیدا؟ بەڵکــو پرسیاری جیدی کردنەوەی جاشایاتییە بە پرسیار. هەر کاتێک ئەمە نەبوو، هەر یەکێک لە ئێمە وەک خوێنەر ئۆتۆماتیکی دەبینە جاش. هەڵبەت بەرپرسیاری سەرەکی لەم جاشایەتی کردن و بوون بە مستەشار و پاوانخوازییە، بە ڕادەیەکی زۆر خوێنەرەکانیشن. بۆ ئەوەی خوێنەر دەتوانێت ئیش لەسەر ئەوە بکاتەوە جانبە شاراوەکانی جاشایەتییکردن، یان عەشیـــــــرەتگەرایی بناسێنێتەوە بە خۆی. چونکە تاکە هێزێک ئەم عەسکەرە فیرارانە لەکاری جیدی دەکوژێ ئەو خوێنەرانەیە کە نوێن. ئەو خوێنەرانەیە نووسەری جاوید و هۆشیار و مەزن درووست دەکەن. ڕۆح دەدەنەوە بەتێکستێکی مردوو و لە بیـرکراو. هەر کاتێک خوێنەرەکانیشمان، بوونەوە بەچاییچی جاشەکان. ئیدی چاوەڕێی هیچ لەم ئەدەبەی کوردستــــان ناکرێـــت. تەنها ئەوە نەبێت، هەر یەک لە ئێمە لە ژێر هەر ناوێکدا بنووسین، وا بکەین ئەدەبی خۆمان بەبێئەدەبی نەگۆڕین.

دواجار ئاڵوگۆڕکردنی ئەدەب لەگەڵ بێئەدەبیدا و مافدانەوەش بە بێئەدەبی کە وەک شوناسێکی جیدی و خاوەن هێزو ئەزموونگەرا دەربکەوێتەوە وای کردووە زیاتر لە بنچینەیەک و جەوهەرێک و بنەمایەک لە ئەدەبدا مردنی خۆی ڕاگەیەنێت. ئەوەی کە ئەدەب دەکوژرێت، ئەوەی کە ئەدەب شوناسی لێ دەسەنرێتەوە و لە جێیدا بێشوناسییەکی گەورەی پێدا هەڵدەواسرێت، درمێکی گەورەی کۆی ئەو ڕۆنشنبیرانەیە کە نیتشە واتەنی بە بەرزەمن خۆیان ناسانــــــــدووە. بەرزەمن لەمڕۆی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردیدا بەجـۆرێـــک خۆی ناساندووە کەلەگەڵ هەرتاقمێکدا بکەوینە یەکێک لەئاستەکانی قسەکردنەوە دەبێت حیساب بکەین لە بەردەم سادەیی و نایفێتی ڕۆشنبیرێکدا نەوەستاوین. بەڵکو لەبەردەم ئەو هێزە پڕچەک و ماندوو و شۆڕشگێڕەدا وەستاوین، کە بەخەیاڵی خۆی کۆی کولتوری کوردی و سەقافەتی کوردی بریتی کراوە لەو. بێگومان ئەم تەرزە لە ڕۆشنبیر ، ئەم تەرزە لە ئەدیب و ڕۆناکبیرەکوردییەکان بەجۆرێک تەشەنەی سەندووە کە لە هەر ماڵێک و لەبەردەم هەر چاخانەیەک و لە هەر دەسگایەکی ڕاگەیاندنا بین شانمان دەکەوێت لە شانییان. ئەمانەش بە بڕوای ئێمە جەوهەرێکی سەقەتی کۆمەڵگایەکی سەقەتن. هەڵبەت بەسەقەت ناساندنی کۆمەڵگایەک کە ڕۆشنبیری سەقەت درووست دەکات، لەو تەسەور و ئیماجیناسیۆنەوە دێت کە کۆمەڵگای کوردی هێشتا کاژی باڵقبوونی بەجێ نەهێشتووە و بێ وەستان لە هەرزەکاریدا سووڕ دەخوات. ئەم سوڕانەوەیە بەدەوری بازنەیەکی بۆشدا کێ بەرپرسیار دەکات؟ بەباوەڕی ئێمە پەیوەندی بە ڕۆشنبیرێیەکی بۆش وکولتوورێکی بەتاڵ و گەمژەوە هەیە. لە کاتێکدا مرۆڤی بەتاڵ ناتوانێت کولتورێک درووست بکات کە دوورتر لە گەمژەیی بــــروات؟ هاوکات پێمان وایە: کولتوور ئێمە درووست ناکات، بەڵکو ئێمە کولتوور درووست دەکەین. یان بەمانایەکی دیکە کوولتوور بەرپرسیار نییە لە ئێمە، بەڵکو ئێمە بەرپرسیارین لە کولتور. لە هەر ڕەگەز و نەتەوەیەکدا بین و بژین؟ وەکو چۆن ئەندرێ ماغو لە کتێبی Homage à la grece) دا( دەنووسێت: کولتوور وەک میراتی جێ نامێنێت، بەڵکو بەدەست دەهێنرێت. لێرەوە پرسیارێک بەرەوڕوومــان دەبێتەوە ئەوەیش ئەوەیە ئایا تا چەند، ڕۆشنبیری بەرزەمن لە بزاوتــــی سەقافی کوردیدا بەرپرسیار بووە لە کولتوور؟ وەلاممان بۆ ئەم پرسیارە بێ هیچ دودڵییەک وەلامێـــک دەبێت کە زیاتر لەناو تەسەورێكی نێگەتیڤدا ئیش دەکات. بۆ ئـەوەی دەبینین موستەشارە کوردییەکان، نەک بەرپرسیار نین لە کولتووری کوردی، بەڵکو دەشیکوژن. هاوکات بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیری کوردی کار لەسەر وێرانکردن دەکەن، بە غیابی کۆی ئەو پرۆژانەی کە درووست کردنەوەیان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتووە. هەر بەم پێوانەیە ئەشێت ئیستیفادەکردنی سەقەت لە فەیلەسوف و بیرمەندە گەردوونییەکان، ڕۆشنبیـــری کــــــــوردی بەم ئاقارەدا بردبێت؟ ئەمەش لەو ڕێگەیەوە دەردەکەوێت، کە ئەگەر جاک درێدا، بەجۆرێک لە جۆرەکان کاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی زمان و مەعریفەو کۆنێسانسەکان کردبێت، بۆ ئەوە نەبووە وێرانتریان بکات، بەڵکوو بۆ ئەوە بووە بە عەقڵێکی نوێوە ئیشی درووستکردنەوە و بونیادنانەوەیان بگرێتەوە ئەستۆ. وەلێ کێشەکە ئەوەیە ئێمە تا ئێستا و لەم حاڵەدا تەنها ڕوخاندن، وێرانکردن، تێکدان و تەفرووتوناکردن فێربووین، بەڵام ئەوەی کە پرۆژەیەکی هەبێت فیکرەیەکی بونیـادی لە پشتەوە هەڵگرتبێت نییە، وە نەبوونیشی بەڕای ئێمە زیاتر پابەنــدە بە ترازانەوە لە خود و فڕێدانەوەی خودە بۆناو گرووپ و تاقـــم و هاوپەیمانەکانمان. لە کاتێکدا فەیلەسوفی گەورەی فەرەنســی ژان پۆل سارتەر کە تا ئیشتاش قورسایی بەسەر دونیاوە دەبینرێــت لە یەکێک لەنووسینەکانیدا پێمان دەڵێت: ڕۆشنبیر کەسێکە دەرهەق بەو شتانە قسە دەکات کە پەیوەندییان بەخودی ئەمەوە نییە. لێرەوە دێینەوە سەر پڕۆژەکەی خۆمان و دەپرسین: کام یەک لە موستەشارە کوردییەکان، ئەم وتەیەی سارتەریان لەخۆیاندا وەک ڕۆشنبیر پراکتیزە کردووە؟ بێگومان ئێمە نائومێد دەبین لەوەی کە تا ئیشتا بەبێ چەپڵەلێدەر و چەپڵەبۆلێدراوەکان شتێکمان نەبووە نە ناوی ڕۆشنبیر بێت، نە کەسێکیش کە بەناوی ڕۆشنبیری مۆڕالیەوە خۆیمان بۆ ئاشکرا بکات..