بەشی یەکەم..

ئەم نووسینە بۆ شۆڕشی پشیلەکان بەسەر هەموو پشیلەکانی دونیادا
کە دڵنیام ڕۆژێک دەگات هەر خۆیان بەسەر خۆیانەوە بە مشکێتی خۆیان پێدەکەنن..


من پشیلەیەک دەناسم..... بیست و چوار کاتژمێر تەنهایە
بیست و چوار کاتژمێر بە پەنجە فڕۆکە دەژمێرێت
بیست و چوارکاتژمێر بیر لەو بۆمبانە دەکاتەوە کە دەردەچن بۆ جەنگ
تەماشەی ئەو فیشەکانە دەکات کە تەنهایی لە شەهیدەکاندا دەکشێنن
وەک جنونێکی پیر، هوتاف بۆ وەتەن دەکێشێت
خوادەکات بە گژی سەرۆکەکانیدا..
کاتێکیش کە شار دڵی شکاند، بە ئاسمان دەڵێت بمبوورە
وەتەنی من  نافڕێت.. وەتەنی من... باڵی شکستەیە
وەتەنی من کەس مەفتوونی نییە و
گشت ڕۆژێک مشکەکانی دەرێ بە پشیلەکانی مالەوە دەیکوژن
من پشیلەیەکیش دەناسم.. لەوە دەترسێت نەبێتە پشیلە
لەوە دەترسێت غەمگینی لە دژی هەڵبستێت
بە تۆفانی پشیلەکانی برای ڕازی نییە
وەک پەردەی بەلەمە دوورەکان ناجۆریی دەلەرێتەوە.
وەک مشکێکی ترساو ئومێدی ئەمسەرەوسەر دەکات
دەستی لە خاکەکانی درێژترە..
پەنای نییە وەلێ پەنابەری کینە و تاریکییە
خاک نابەخشێت... بەڵام دەیکاتە جەهەنمی گەورە..
من پشیلەیەک دەناسم.. بۆتە مشک... وەلێ بەوە ئاسودەیە کە نازانێت مشکە
ئەگەر بزانێت کە پشیلە نییە.. سوێند دەخۆم گشت مشکەکان دەخوات
سوێند دەخۆم دەبێتە پشیلە..
من پشیلەیەک دەناسم.. بیست و یەک سیمایە
بیست و یەک کار لە بیست و یەک ساڵدا دەکات.
بیست و یەک لای هەیە و بە بیست و یەک زەمان ناتوانێت حوکمەتێکی هەبێت
بیست و یەک سەردەمی دەوێت بۆ ئەگەر و پەیمان
بیست و یەک ئومێدی لە بیست و یەک فەشەلەوە گرتووە بە کرێ
لە بیست و یەک هەفتەدا بیست و یەک ڕۆژ و
بییست و یەک فڕۆکە و بیست و یەک پیاوکوژ دەباتەوە...
داهاتی ڕۆژێکی بەقەد تووکی هەموو مشکەکانی دونیایە..
لە بسیت و یەک چرکەدا بیست و یەک جار ئەهریمەن دەبینێ و
بیست و یەک هەنگاویش لە خوا دوور دەکەوێتەوە
ئای خەڵکی بێگوناه... کێ پشیلەی هێندە جوانی هەیە؟
کێ دەتوانێت هێندە پشیلەبێ و .. ئێواران کە هاتەوە بۆ ماڵ.. بە مشکیی سڵاومان لێ بکات ؟
من پشیلەیەکیش دەناسم.. بەشەقامەوەیە...
سیمای وەک شووشەی کۆشکەکان شکاوە
تاعوون لە دڵیدا هاوار دەهێنێتە سەرێ
بورکان لە چاوییەوە دەبەدە دەکەوێت
ئینتیمای وەک بەیداخ ئەمبەراوبەر دەکات
خوا دەیزانێت ئەڤینی ئەم پشێلەیە هێندە توحفەی منە
کە ناتوانم بڵێم: گوناهی تۆ لە باخ پاکتر نییە
کە ناتوانم بێژم: تفی تۆ دۆستانەتر نییە لە تفی نیشتیمان..

تێبینی:


من داوام ئەوەیە هەموو مرۆڤەکان وەک پشیلەکان ببن بە پشیلە...
بەڵام جوانتر لەو پشیلانە بژین کە باوەڕیان بەوە نەهێناوە ڕێگا بۆ پشیلەکانی خۆیان بکەنەوە ، بۆ ئەوەی کەمێک ئەو پشیلەیەی هەناویان ڕازیکەن، کە دەهرێکە بەشوێن پشیلە ڕاستەقینەکاندا سەفەر دەکاو لەو سەرەوە بە مشکی دەگەرێتەوە..
 

تکایەک


تکام لە هەر دۆست و دوژمن و لایەندار و بێلایەن و گوناه بار و بێگوناه و حوکمەت و ناحوکمەت و حیزب و غەیری حیزبێک هەیە. کە ئەم نوسینەی بەندە هەڵنەفریوێنێ و نەیکاتە چەک بە دەستی خۆیەوە..
ئەم نوسینە هەرچی بێت پرۆگرامێکی ئازادی بیر کردنەوەی بەندە بەر هەمی هێناوە.. هەر بۆیە لە هیچ کەس و لایان و تاقمێک قبووڵ ناکرێت کە ئەم نوسینە با لاڕێدا بەرێت.. هەر بۆ ئەوەی ئەم نوسینە تەنها تەعبیر لە ڕا و بیر کردنەوە و بینینی من دەکات هەمبەر ئەو کێشمە کێشم و کۆنترادیسیۆنانەی کە لەنێوان خەڵکی و حوکمەتەکانی دونیادا دەبینرێت... دواجاریش ئەم نوسینەی بەندە تەعبیرێکی دەقیقی کوردیانە نییە بۆ ڕەوشی سیاسی کوردستان.. بەڵکوو بیرکردنەوەی منە لەسەر کۆی ئەو سیستەمە ئاڵزۆکاوو بەیەکدا چوانەی کە لە زۆر وڵاتدا دەبینرێ و مەوجودە.
فرانس