كەمن و مردن موشتەری مەیخانەیەك بین
بافریشتەی حەقیقەت بكوژین و ڕۆحی شاعیرەكان بكێشین
باژەهری ئومێد بنۆشین و نائومێدی بكوژین
من دەچمەوە نێو كتێبی شاعیرەكان و لەوێ‌ كوخێك لەخەیاڵ دروست ئەكەم
ڕۆح ئەدەمەوە بەگوڵی باخە نایلۆنەكان
بەوێنەكێشە كوێرەكان ئەڵێم شتێكی تربكێشن
وێنەكانی حەقیقەت هەمووی كۆن بوون
دەچمەوە نێو بەلەمی ئەوڕاوچیانەی وردە ماسی مردوو ئەژمێرن
دەڕۆم بۆماڵی ئەو سۆزانیانەی عیشقی كوژراو ئەفرۆشن
ماڵی ئەو نورانیانەی لەسەر ویژدانیان نوێژ ئەكەن
بەباڵ خەڵوزی ئەم خۆكوشتن و سوتانە باوەشێن دەكەم
وەك ئەو كۆترەی لەسەر گۆڕی پیاو چاكێك لانە ئەكات
بەباڵی پەپولەیەكی سەر گەردانەوە دەچمەوە خرابخانەكان
گۆڕستانێك ئاوەدان ئەكەمەوەو تیایدا ئەژیم
لەكاتێكدا ئاوەیدانی دەبێتە خراپترین گۆڕستان

*****

بەم فریشتە كوژراوانەی خواوە سەیری مەعبەدو مەیخانەكان دەكەم
ئاسەواری ئەم درۆ دووبارەو هەزار بارە بۆڕۆحی كوژراوەكان دەگەڕێم
بۆدەستەكانی تۆ دەگەڕێم بەخوێنەوە
بۆ ڕۆحی خۆم بەبرینەوە
ئەشێت (بون)هەرئەو خوێنەبێت ئەسپەكان بەبێ‌ سوار دەیهێننەوە
ئەو ئایەتەبێت كوشتنی من تەفسیر دەكات
ئەو حیكایەتەبێت بەچكە پاساریەك سەر دەبڕێت و
هێلكەی كوكوختیەك دەشكێنێت
ژیان جەنگێكە تەنیا شاعیرەكانی تیا ئەكوژرێن
لێگەڕێ‌ با ئاسمان ئەم باڵانەی من بشكێنێ‌
من كوڕی خوێنێكی ناقۆڵام
لێگەڕێ‌ تاریكی ڕێگاكانم بباتەوە جەهەنەم
تۆ كەلەو سەری جەننەتەوە دێیت جەهەنەم بۆمن دروست مەكەو
مەحشەر بۆمن بەرپا مەكە
ڕۆحی خۆت لە گوناه خاڵی كەرەوە
خودا لەڕۆحی خۆتدا جێكەرەوە
من دەترسێم لەو هەموو تاریكیەی گەمارۆمان ئەدات
ئاسمان بەم هەموو گوناهە وێران دەبێت
گەردون بەو هەموو خوێنە جارێكی تر دەتەقێتەوە
دەترسێم ئەو كچەی من خۆشم دەویست
لەسێبەری منارەو مینبەرەكانەوە
بەمناڵێكی زۆڵەوە بێتەوە!

*****

عیشق فێری ئەم مەیخانەی كردین حەبیبم
دەنا كەسمان پیری موغان نەبووین
هەمیشە بەو گۆزە كەرە سەرخۆشانە پێدەكەنین
بەرسیلەكانیان دەكرد بەشەراب
كێ‌ لەدەرگای ئەم خۆكوشتنەوە دەچێتە ژور ؟
كێ‌ دەست بۆ سێوە خوێناویەكانی خوادەبا؟
خوێن لەقەڵەمەكەم دەسڕم و قەصیدەی مەرگێكی تردەنوسم
دەزانم دەكوژرێین بەفیراقی ئەو قافڵانەی خوێن دەهێنن وجوانی دەبەن
لاشەی مرۆڤ دێنن و ڕۆحی پەپولە دەبەن
من و سێبەری ئەم تاریكیە لەشەڕێكی پوچداین
من و سەمای سێبەرەكان
من و پێكەنینی ئیمبراتۆرەكان
من و خوێنی ئەمارەتەكان
من و ئەم جەللادە ڕیش سپیانە یەكتری دەكوژین
من دەبم بەبرینپێچی كوكوختیەكان و
ئەوان دەبن بەتاجی ئیمبراتۆرەكان
من بەباڵی پەپولە ئەوان دەكوژم و
بەبۆنی خوێن دەمكوژن
من بەهەناسەی گوڵەكان ئەوان دەكوژم و
بەخوێنی باڵندەكان دەمكوژن

*****

ئازاری ئەم پیریە نەیدە كوشتین
ئەگەر عیشق درۆیەكی ڕوت نەبوایە
من ئاوێنەیەكی خوێناوی بووم
پیاوێك نەیویست سیمای ببینێ‌ وردو خاشی كردم
ژنێك نەیویست مردنەكانی بژمێرێ‌ لەت لەتی كردم
بابچین جێیەكی تر ئاوەدان كەینەوە
تازە ئەم باغە خوێناویە كەڵكی ژیانی پێوەنەما
بالە ماڵەساردەكان بێینە دەرێ‌ دیوارەكان خوێناوین
بالەو شەقامانە یاخی بین شۆصتەكانی كۆنكرێتن، درەخت نین
پاكیزەیمان لەمابەینی كتێبخانەو گۆڕخانەكان
مەیخانەو خەڵوەتگاكان
تابوتخانەو سۆزانیخانەكاندا جێ‌ ی نیە
ئێمە هەرزو كەوتینە هەڵەی زەمان و شوێنەوە
بۆ ئەم فەزای عەترو ڕۆحە هاتین و
كەوتینە ناو ئەم بۆسەی خوێنەوە

*****

شیعارەكان داگرن و لافیتەی مردنی ئێمە هەڵبواسن
ئاخیرەت ئەم بێزمانانەش دەبن بەتوتی
ئێمە دەبوو مناڵێك بێنینە دونیا
وەك دوپشكە ڕەشە لەسەر برینەكانی باوانی دەژی
وەك موسافیر بەناو خەونەكانی دایكیاندا دەڕۆن
ئێمە دەبَی وەك قوربانی دەستی خێڵێكی مرۆڤكوژ
دڵەكانمان لەبەرقاپی مەیخانەیەكدا دانێن بۆ فرۆشتن
بۆیە وەك ئەو دێوانەی هەزارساڵە مەعشوقەكەی نەدیوە
بەگوڵێكی سورەوە بەرەو لات دێم ئەی جەنگ
وەك ئەو كچەی دوگمەی سینەی بۆ دەمی دەمانچەیەك ئەكاتەوە
بەرەو پیریت دێم ئەی مەرگ

*****

ئێرە گۆڕو ماڵی هەموو پەپولەكانە
توتیەكان و هەڵۆكان و شەمشەمە كوێرەكان بۆ ئێرە دێن
بۆیە دەبوو دەستەكانمان بەسێوەكانەوە ببڕێن،بۆیە بڕیمانن
لەناو تابووتەكاندا لەگەڵ كچەكان و
لەناو خوێنەكاندا جوتبین،بۆیە جوتبوین
ئێمە كەوتینە جەنگێكەوە ئەگەر دەزگیرانەكانمان نەكوشتایە ئەیكوشتین،بۆیە كوشتمانن
لێوەكان لەكاتی یاری كردن بەمەمكەكاندا ببڕین،بۆیە بڕیمانن
ئەگەر ڕۆحی خۆمان نەناشتایە ئەیناشتین ،بۆیە ناشتمانن
دەبوو مارەكان لەكاتی لێك ئاڵاندا بكوژین بۆئەوەی نەمانكوژن
بەلەمەكان لەكاتی ڕۆشتن بەژێر مانگە شەودا بشكێنین ،بۆیە شكاندمانن
شاعیرەكان لەكاتی ئیلهام وخەیاڵدا هەڵبواسین،بۆیە هەڵمان واسین
سۆفیەكان لەكاتی خەڵوەت و دوعادا بخنكێنین ،بۆیە خنكاندمانن
خەیاڵ شەڵاڵی خوێن كەین و بیبەین بۆ جەهەننەم ،بۆیە بردمان
دڵ و ڕۆحمان بخەینەتابووتی سینەمانەوە ،بۆیە لەوێ‌ دامان نان
ئەستێرەدابگرین و لەسەردابا قایمی بكەین ،بۆیە قایم مانكرد
خۆمان لەخوێنی خەیاڵ و عیشقی خودا هەڵ بكێشین ،بۆیە هەڵمان كێشا
دەبوو مەرگ لەپێكەنینی دوو پەپولەدا سەوز بكەین بۆیە سەوزمانكرد
دەبوو كۆترەكان لەكاتی جوتبووندا سەربڕین ،
زەڕنەقوتەكانیان بكەینە قەفەز
لەوهێلانانەدا داوبنێنەوە بۆ زەرنەقوتە برسیەكان
چاوەڕێ‌ ی دایكەو باوكەكانن
ئیتر بەربەریەكان بۆنەیەونەوە؟
بابێینەوە لێیانەوە فێری ژیان بین
بەدوای ئەو دڵانەماندا بگەڕێین لەنێو خوێندا بزرمانكرد
بابچینەوە دارستان و كوخێك ئاوەدان كەینەوە
سەرەتایەكی تر لەمرۆڤایەتی دەست پێبكەینەوە

*****

تۆ شمشێرێك خوێنی منت پیا دێتە خوارو
من ڕۆحێك وێران تۆ دروست ئەكەمەوە
تۆ چەقۆ لەسەر دڵی من ڕۆ ئەكەیت و
لۆكە لەسەربرینەكانی تۆ دائەنێم
من لەبازگەی بەر وڵاتی خوێن ئەچم و
لەدەرگاوانی جەهەننەم ئەچی
من لەعیشقی نێو ڕۆحی دەروێشەكان ئەچم و
لەستیانی سوری سەماكاران ئەچی
تۆ لەشمشێری حازر كراوی شەڕ ئەچی و
لەگەڵای وەریوی درەختەكان ئەچم
لەكوكوختی گوێسەبانەی ڕۆح ئەچم
لەبەرسیلەی حازر كراوی شەراب ئەچم
لەگوللەی نەتەقێنراوی تفەنگ ئەچم
لەمەكی تورتی كچۆڵەی عەیار
لەگوڵی سوری عاشقان
تۆش لەقامچی دەستی جەللاد و پیاو كوژان
تۆ پۆلیسی هەزار چاوی منی و من پەپولەی ڕۆحی تۆم
تۆ جەللادی گیانی منی ومن گوڵی سوری دەستی تۆم
ئەوەی عیشق ئەباتەوە جەنگ ئەدۆڕێنێ‌
ئەوەی جەنگ ئەباتەوە عیشق ئەدۆڕێنێ‌
دڵڕفێنە
كاتێك حەوشەكانمان گوڵی سوردەگرن و ڕۆح ناگرن
مەرگ دەگرن و ژیان ناگرن
نائومێدی و ژاكان دەگرن و گوڵی سور ناگرن
ئیتر بۆچ فریشتەكانی خەیاڵ ئاسكەكانی حەقیقەت ئاو نەدەن و
كۆتری سەر مەعبەدەكان بەخێو نەكەن
شارێك كەفریشتەكانی لەنێو بۆنی تاعوندا دەكوژرێن
بایادەوەری عیشقەكان مۆمیا بكەین و
جەنگیش بدەینە دەست تاعونەكان
باخوێنی من بڕژێ‌ و كوكوختی و پەپولە زیندو بن
بامەرگی دڵی من بێ‌ و مەرگی ڕۆحی ئەوان نەیەت
ئەشبێت لەناو ئەم خوێن و زەغرەفەدا ڕێیەك هەبێت
لەناو خورافەی ئەم فاڵچیانەدا ئومێد هەبیت
ئەی ئەو حەكیمەی پێت وایە
گۆرانی ئەم مەستانە خاڵی نیە لەسەمای حەقیقەت
سەمای ئەم سۆزانیانە خاڵی نیە لەسەمای مەرگ
كەژیان خاڵ بێت لەعیشق و تەلیسمی جوانی
عیشق خاڵی بێت لەژیان و سیحری موحیبەت
ئەشبێت حەقیەت لەسێبەری خوێنێكدا خەوتبێت!

*****

مناڵیم لە قومار خانەیەكدا لێ بەجێما
مرۆڤ تیایدا لەدراوێك زیاتر نەبوو
ئەم شیعرەی منی لەسەر دەكوژن لەسەر كێلی گۆڕەكەم بینوسن
لەسەر ئینجانەیەكی خاڵی بینوسن
جوانی ئێمە هەمیشە بەشەمیراتی جەنگەكان بوو نەك عیشقەكان
بۆیە سەمای مەمكەكان ئەم خەنەوە بیری سرودی جەنگەكان
دەمبەنەوە ناو تەپڵی شەڕەكان
ئێمە كەنەمان توانی وەكو دوومۆمیایی بەسەر یەكتریدا بتوێینەوە
لەجەنگەكاندا تواینەوە
ئەسەف ئەو ئێوارەی كەمن لێرەم، عیشق لێرە نیە
ئەو ئێوارەی كەمن لێرەنیم عیشق لێرەیە
ئێسقانی مردووەكان بێنە كوخێك بۆ عیشق دروست كەین
ڕازانەوەی گۆڕەكان لەمردو پەرستی زیاتر نیە

*****

لەسەر خوێنەكان دەخلیسكێین و سەرمان ئەدات لەئەرز
لەكوژراوەكان هەڵدەكەوین و ڕۆحمان ئەدات لەزەوی
بەباڵەشمشێریەكانمان دەفڕین و ڕۆحمان دەگاتە خوا
وەك چۆن سەربازە زۆڵەكان لەپێشی جەنگە كانەوە دەڕۆن
لەپێشی ئەسپ و جەنگاوەرە خوێناویەكانەوە دەڕۆم
وەك چۆن سوپاسالارەكان لەدوای خوێن و شمشێرەكانەوە
لەدوای ئەسپ وجەنگاوەرەكانەوە دەڕۆن
لەدوای تاڵانی جەنگەكانەوە دەڕۆم
لەپێش نیعمەت و كەنیزەكەكانەوە دەكەومە ڕێ‌
شوێن پێی مانگ هەڵدەگرم و بەرەو تریفە دەچم
تاریكی جێدێڵم و بەرو خۆرەتاو دەچم
بەدوای گومان و مەرگی ئەسپەكاندا دەچم
ئەی حەقیقەت
ئەی ئەوەی هەمیشە كاتژمێرەكەت لەسەرچاوەڕوانی جەنگەكان میقات ئەكەیت
ڕۆحی من بەسەر شڕە خۆرو تاڵانچیەكاندا دابەش ئەكەیت
ئەشێت ملی من لەپەتی سێدارەكانت بەهێز تر بێت
دەنا بۆچی لەدوای ئەو هەموو هەڵواسینەت نەمردوم؟
ئەشێت ڕۆحی من لە كوشتنەكانت سەختتر بێت
دەنا بۆچی مەرگی ئەو هەموو فریشتە نەیان كوشتوم؟

*****

نائومێدی و مردنم لێ ئەڕژێ‌
لەدوای مردنەوە دێمەوەو لەسەر گۆڕەكەی خۆم دەنوسم
خودایە ئەم مەیخانە پڕكەرەوە لەخەیاڵ و خوێنی حەقیقەت
ئەم مەیتخانە پڕكەرەوە لە بۆنی موحیبەت خودایە
باخچەیەك هەیە هەمیشە ئاگر باڵەكان دەسوتێنێت
شوێنێك هەیە خۆكوشتن بەر لەئیزرائیل دەتكوژێ‌ ناوی ژیانە
بۆیە لەسەر مەرگی ڕۆحی یەكتری دەژین و دەڕۆین
لەناو خوێنی یەكتریدا دەخلیسكێین و دەمرین

*****

دەكەومە پێشی پێشەوەی مردوەكانی گۆڕستان و
دێمەوە سەر شەقامەكانی شار بۆ خۆنیشاندان
لەسەر لافیتەكان دەنوسم
خودایە بەتیری ئەو هەموو بێڕەحمیە بۆچ ئێمەت كوشت؟
بەسزای ئەو هەموو مەحرومیە ئێمەت سوتاند
بەڕوخانی ئەو هەموو عیشقە ئێمەت ڕوخاند
من هەرزو ئیمانم هێنا
ئەو دەستانەی بەرەو لای تۆ بەرزدەكرێنەوە ،دەناڵێنن هیچی تر ناڵێن
هەرزوو ئیمانم هێنا ژەهری ئەو مارانەش كوشندە نیە
تەنها وەكو لاولاو بەیەكتریدا دەئاڵێن

*****

دڵێك مەگرە تەڵا كەئەو خوێنی مردنی تێدا دێت و دەچێ‌
خۆڵەمێشی لاشەیەكی سوتاو مەكەرە ئینجانەیەكی زێڕەوە
ڕۆژگارێك كچەكان كچێنی خۆیان دەخستە شوشەی مۆمیاوە
سەربازەكان دەبوونە پاسەوانی مۆزەخانەكان
نورانی و سۆزانیەكان دەبوونە برین فرۆش
پەپولەكان لەخوێنی دڵەكاندا دەخنكان
كچێك كچێنی خۆی بە گوڵێكی سور دەگۆڕیەوە
كوڕێك بیری لەوە دەكردەوە ببێتە گوڵ فرۆش
نورانیەك عیشقی ئێمەی ئەدا بەدەم باوە

*****

پڕم لەو فیشەكانەی مەرگێكی دەستكرد دروست ئەكەن
لەبری خوا ڕۆحی ڕۆح لەبەرێك ئەكێشن
باكەرامەت بدەینەوە بەجوتكردنی گوڵەكان و حورمەتی ئەم تەنهاییە بشكێنین
با ویقار لەو پۆلیسە هەزار چاوانە وەرگرینەوە و حەیای خۆكوشتن بەرین
بائەم دوكەڵە ڕاونێین هاواری نێو ئەم بێدەنگیە دائەپۆشێ‌
ئەم عیشقە ئەفلاتونیە داوەتكەینە سەر سفرەكانی نائومێدی
ئەم جەلادانە لەبەر خۆرەتاوا ڕاگرین
با ئەم گوڵانە ببینەوە بۆ ئینجانەی بەهار
بائەم سۆزانیانە بخەینە بەرباران
ئێمە بەرەو ئاوەدانیەك ئەچوین زیندوەكانی دەبوونە گۆڕهەڵكەنی خۆیان
بەرەو گۆڕستانێك دەچوین مردوەكانی گوڵیان دەڕوان
بەرەو شارێك دەچوین زیندوەكانی وەكو سێبەر خوێنیان جێدەهێڵا
پیاوەكانی ئەنگوستیلەكانیان دەخستە بەر تریفەی مانگ
تابزان لەئاسان دروستكراوە یا لە تەڵا!

*****

دێمەوە ناو ئەو یاریانەی بە خوێن دەست پێئەكەن و
هەربەخوێنیش تەواودەبن
ئەی موسافیرەشێواوەكەی بەر بارانی خوێن
من دەبم بەخۆڵەمێشی شارێكی خاپور كراو
تۆدەبیتە ئیمبراتۆری ماڵێك پلیكانەكانی خوێنەو
تاجەكەی ئەڵماسە
وەك عاشقێكی لەبیركراو بمكوژە
كەحەقیقەت عیشقی تیانەما بابچین بۆ مەیخانەكان
كەحەقیقەت جوانی تیانەما بابچین بۆ جەنگەكان
ئەم خۆڵبارانە هەمووشتێك ئەشێوێنێ‌
ئەم خوێن بارانە هەمووشتێك ڕەنگ ئەكات
من و تۆ دووسۆزانی خەڵوەتێكین لەدڵی عیشقێكی ڕەدوو كەوتوودا
من و تۆ كەدوولەتی هەنارێكین لەباغێكی تەنیاو كۆسكەوتودا
دەستی نزاكانت هەڵبڕەو بڵێ‌:
من و ئەم شەرابە سورە خوێنی حەقیقەتین ئەی خودا
من و ئەم خوێنە هەنارێكی دوولەتین ئەی خودا

*****

دەنگی دڵی موسافیرێك بەرلەوەی بڕوات گۆرانیەكی دەوت:
گەر ئەم نائومێدیە نەمكوژێ‌
باخێك لەموحیبەت دروست ئەكەم ئەو سەری دیار نەبێت
تۆش ئەی ئەو كچەی هەمووشەوێ‌ كتێبێكی تری مردنم پێ ئەخوێنیتەوە
بۆئەوەی لەمردنەوە بێمەوە
كتێبەكەم لەمەیخانەیەكدا بخوێنەوە
ئەی بێباكترین كچی دونیا لەمردن
لەنێو ئەم شاری تابووت و وەهمەدا
لێگەڕێ‌ یاریەكانی مناڵی بمان كوژێ‌ نەك ئەم گەمەی خوێنە
باخوێنی دڵی من مەیخانەكان ئاوبدات نەك خوێنی ترێ‌
باخوێنی دڵی من كوكوختیەكان ئاوبدات نەك بارانی خودا

*****

وەك شەراب بەدەمی بادەدا دەڕژێ‌
بەسەر ئەم مەیخانە وێرانەیەدا دەڕژێم
دەڕژێم لەنێو بۆنی ئەم خوێنە شێدارەدا
برینەكانم وەكو ئاوێنەكان پڕن لەفریشتە كوژراوەكان
ئیلاهی,من دەمزانی ئەم كۆتری حەقیقەتە بەتۆش بەخێو ناكرێ‌
وەكو گۆشت لەتێزابدا،لەخوێنی ئێمەدا دەتوێتەوە
دەتوێتەوە لەنێو قیامەتی ئەم تابوتسازو مردوشۆرانەدا
وەكو ئاو لەنێو ئاگردا،لەپێكی ئێمەدا دەبێت بەهەڵم
وەك تۆزی بیابان لەمەیخانەكانی ئێمەدا دەبێت بە غوبار
ئەوەتا لەم بوتخانەدا ئێمە مەعشوقەكانی خۆمان دەپەرستین
ئەمە چ زوڵمێكە لەتۆ دەكرێت ئەی خودا؟!

*****

بەكۆچی قوڵنگە بریندارەكاندا زانیم ئەم باخەش خوێن دەگرێ‌ نەوەك گوڵ
وەك ئەو ئەسپانەی بەڕمەكانی دڵیانەوە جەنگاوەرەكان هەڵدەگرن،
تاڵانی و گوناهی عیشقەكانم هەڵدەگرت
وەك ئەو قەڵایانەی بێ ئاوی داگیریان ئەكات، عیشق داگیری ئەكردم
وەك ئەوشارانەی تاعون چۆڵیان دەكات،
عیشق دەیكردم بەوێرانە
وەك ئەو قافڵانەی تینوێتی ئەیانكوژێ‌
بێئاوی دەیكوشتم
من چی لەسێبەری ئەو شمشێرانەبكەم خوێن دروستی كردوون؟
ئەمە چ گەمەیەكی گەمژانیەیە لەناو ئەم سەمای مەرگەدا
گەمەیەك پڕەلەگریان بۆ شكاندنی بتەكان
ئەو بتانەی مەرگی كۆترەكان كردونی بەخودا؟؟

*****

چی مەهزەلەیە سەفەر بەناو سەرابدا !
بوون لەناو خوێندا!
چی تڕۆهاتێكە ژیان؟
ئاگر ژنێكی كرد بەقەرەبروت و كۆڵی نەدا
شێتێك لەناو دوكەڵدا شەقی ئەوەشان!
بۆیە بۆشوێن پێ‌ ی مردو شۆرێك ئەگەڕێین بمانباتەوە ناو باغەكانی ژیان
لەم گۆڕخانەدا بۆ تابوتسازێك دەگەڕێین حیكمەتی جوانیمان نیشان بدا
بۆ قافڵەیەكی خوێن خۆر دەگەڕێین بمانباتەوە مەغریبی حەقیقەت
ئەمە چ شەڕ فرۆشتنێكە بەمردن ئەی خودا؟؟