بەناو گۆرانیدا دەڕۆم نامەوێ بگەمە ئاواز
بەناو تەڕاییدا دەڕۆم نامەوێ بگەمە ئاو
بەناو وشكاییدا دەڕۆم
نامەوێ بگەمە گوڵەكانی بیابان
بەناو تولەڕێكانی دەستوپەنجەی تەنیاییدا دەڕۆم
بەناو توڕەبوونی ئەستێرەیەكدا دەڕۆم
كە مەكر بەسەر بێكەسیدا دەكا
هەرچی ماڵ هەیە بیپێچە لەگەڵای نۆبەرەی گەڵا مێوێكەوە
ئینجا بڕۆ سەفەر بكە
سەفەر تێپەڕینە تێپەڕین نەك ماڵ دروستكردن
بەناو باخێكا تێپەڕەو نەكەی ماڵ دروست بكەیت
بەناو ناوكی پرتەقاڵێكا تێپەڕەو مەوەستە
نەكەی ماڵ دروست بكەی
ئاخر كەی سەفەر بۆ ماڵ دروستكردنە
سەفەر هەر بۆ سەفەرە
غەریبـی جگە لەكەڵكەڵە هیچی تر نییە لەسەری منا
ئیدی چۆن دەنوسرێتەوە غەریبـی؟
حەرف جێگەی سكونەت و بەپایان گەیشتنە
حەرف جێگەی لەپەلوپۆكەوتنە
كەغەریبـی كەڵكەڵەی ئاگر بێت، لەناو ئاوێكی بێ ئەدرەسا
ئیدی غەریبـی چۆن دەنوسرێتەوە؟
(غەریبـی سەفەری لێكردمە ئەوتان
سەراپا ئەرزی لێكردمە سەفەرگا نەوەك زیندان)
سەفەرو-با- زۆر زۆر لەیەكتر دەچن
هەردوكیان نەلەشوێنەوە هەڵدەكەن
نە بۆ شوێنێكی دیاریكراویش پێهەڵدەگرن
زەمزەمەی غەریبیەك هەمیشە لەقورگی ئاوا
خۆی دەژەنێ و گۆرانییەكی غەریب دەچڕێ
ئەم گۆرانییە غەریبە لەگەروی گشت ئاوەكانی دنیادا سەدایان دێ
سەفەرو ئاو هەردوكیان بێ شوناسن
چونكە هەردوكیان غەریبن
هەمیشە ئاو تێدەپەڕێ..
هەمیشە ئاو ناوەستێ
هەمیشە ئاو ماڵێك بۆ خۆی دروست ناكا
هەمیشە سەفەر كۆڵانێكە تەواو نابێ
 دەبێ بەناویا تێپەڕین و ماڵ دروست نەكەین
تەماشاكە سەفەرو ئاو چەندە، لەیەكتر دەچن؟!
دڵ لەبەرئەوە سەفەر ناكات، چونكە لەشوێنی خۆی هەڵكەنراوە
دڵی لێوڕێژ لەژیان، دڵێكە لێوڕێژ، لە كەڵكەڵە
دڵی لێوان لێو، لەسەفەر، دڵێكی دامەزراو نییە
تابگریەت  بۆ ئەوەی، ئەم دڵە بۆ هەڵكەنراوە
دڵێكە سەرشار لەغەریبـی، دڵێكە سەرشار، لەسەفەر
سەفەر جگە لەهەڵلەرزین، لەناو ئاگری كەڵكەڵەدا چی ترە..؟
كەڵكەڵەی روانینت خستە سەرم
كەچی قوفڵێكت دا، لەڕوانینم و لەناوەڕاستی چاوەڕوانیدا
بەجێتهێشتم
كێ دەزانێ جلیوەی تاریكی
 لەكوێوەو بۆ كوێ سەفەر دەكا؟
ئێمە نازانین مەگەر فەجرێكی بریندار لوتف بكات و بۆمان بگێڕێتەوە
ئەوەتەی خوا بنی دنیای داناوە
ئێمە لەناو شەودا دەمێنینەوە
كەچی بۆ یەك جاریش شانوملمان بەجیلوەی تاریكی تەڕ نەبوو
لەسەفەرە توناو تونەكانی شەو تێناگەین، بۆیە ناوێرین
دەستوپلمان بدەینە بەر تاشە تاشی ئەم زوڵمەتە
شەمامەكان لەناو دەستی ئەو دۆستانەدا بۆگەنیان كرد
كەتامردن ماچی یەكتریان دەكرد
كەچی تامردن نەیانتوانی یەكتریان خۆشبوێت
تۆ كەوانیت، هەرواش مەبەو لاڕێ بگرە
ئەی شەمامەی سەر هەڵگرتوو
لاڕێ بگرەو بەردەوام بە، لەسەفەر
تۆ سەفەر دەكەیت و تامی خۆشەویستی دەكەیت
بۆ ئەوەی لەناو شیفۆنی ناسكی بەیەكنەگەیشتندا بخەویت
هەمیشە سەفەری بە
ئیدی كەی گرنگە ماچ بكەی؟
ئاخر ماچێك كە نەتخاتە سەر كەڵكەڵەی سەفەر
ماچێكە، لێوت لەوێیە، كەچی زمانت ژەهری مارە گوفتاری
چاوت لەوێیەو شەهوەت تیایا مەوج ئەدا
كەچی روانینت كوێرایی داهاتووە
گوێت شڵپەی ئەو هەموو ماچەی تێئەڕژێ
كەچی دەنگی ترپەی دڵی نەسیمی بەیانیان نابیستی
سەفەر بۆ گەیشتن بەئاو نییە
سەفەركردن بۆ بوون بەئاوە، تا هەمیشە پڕ بیت لەكەڵكەڵەی هەڵاتن
كەی سەفەر بۆ ئەوەیە تا بگەیت و دوایی دەست بكەیت بەگێڕانەوە
سەفەر هەر سەفەر، نەك هیچی تر
دەبێت هەر نەگەین و هەر نەمانپەرژێ باسی بكەین و بیگێڕینەوە
سرك سرك وەك ئاو خۆت بنەخشێنە ئەی سەفەر
ئاخر سەفەر كەی وێنەی دەگیرێ؟!
كەوێنە گرتن ساتی وەستان و نەبزاوتن بێت
كەڵكەڵەی گۆرانیت خستە سەرم
كەچی شمشاڵەكەی قالە مەڕەت پڕكرد لەلم
كە گۆرانییەك لە نەیشاپور دەڕژێ
لەچاوی مندا نمەی باران سەما دەكا
كەباران سەفەر دەكات و دەبارێ
بۆ ئەوە نایەت تا لەسەر زەمین نیشتەجێ بێت
دێت دەمولێوی پەلكێ پونگە تەڕ دەكات و دەگەڕێتەوە
بەڵام بۆ ئاسمان ناگەڕێتەوە
ئەگەر وانییە
كەباران لەئاسمانەوە دێت، بۆچی ئاسمان خۆی تەڕ ناكا؟
باران ئیشی ئەوەیە بمانخوسێنێ، نەك لەناومانا دانیشێ
چونكە سەفەری باران هەر بۆ سەفەرە
دەزانن بۆچی باران ناكوژرێت؟
چونكە ناتوانین دەستگیری بكەین و ببینە خاوەنی
باران بۆیە جوانە، چونكە هەمیشە، لەسەفەردایە
هەمیشە موسافیربە، وەكو باران
تاهەمیشە دەست پێنەگەیشتوبیت
هەمیشە موسافیربە، وەكو جوانی
تاهەمیشە سرك بیت و نەكوژرێیت
قوڵترین سەفەر راكشانە، لەناو بۆنی گوڵی (رۆز)دا
ئەوەندەی لەچاو داخستندا، هەست بەسەفەری تۆلانی و قوڵ دەكەم
هەرگیز بەچاوكراوەیی نەمتوانیوە
بستێ رێگا بەعەزمی سەفەر تەی بكەم
ئەوەندەی شەو پڕ دەبم لەبۆن و بەرامەی گوڵە یاس
هەرگیز بەرۆژدا وەها نیم
دەزانن بۆ؟
چونكە گوڵیش هەروەكو من بەشەودا چاو لێك دەنێ و سەفەر بەناو جوانیدا دەكا
چەند شیرینە سەفەر!
نە لەشوێنەوە هەڵدەكات و نە لەشوێنیشا سكونەت دەكا
ئامانجی ئێوارە، لەئاوابوون
هەر لەشەقەی باڵدانە، لەبۆشاییدا
ئەگەر ئاوابوونی ئێوارە، مەبەستی سەفەركردن بوایە، بۆ جێگەیەكی دیاریكراو
ئەوا یەكجار ئێوارە، ئاوا دەبوو، نەك هەموو رۆژێ
ئەو هەموو رێگەمان بڕی، كەچی نەمانتوانی سەفەربكەین
ئەو هەمووە، سەر زەمینەكانمان دایەبەر دەسڕێژی روانین
كەچی بستە زەمینێكمان نەبینی
ئەو هەموو شەوە، لەزەریاكاندا نوستین
كەچی دەرسێكی سەفەر، لەئاوەوە فێرنەبووین
سەفەر كەی بڕینی رێگەكانە؟!
سەفەر وێڵبوون و گەڕانە، بەدوای رێگەكانا
ئەو هەموو ساڵە كەشتییەكان
بەسەر گۆنای دەریاكانەوە بوون
كەچی بۆ چركەیەك خەو نەچووە چاوانیان
ئاخر كەشتییەكان باش دەزانن
ئاو هیچ نییە، جگە لەئاگری كەڵكەڵە
كەچی ئێمە هەر پرخەی خەومان دێت، لەناو كەشتییەكانا
خانەوێران خۆین لەجوانی
خانە تاڵان خۆین لەسەفەر
چەند كزو كە لەلاو گردە نشینی نێو بستە زەمینێكین
كەچی هەر لاف و گەزافی خوێندنەوەی
*سیاحەتنامە لێدەدەین
ئەو هەمووە، لەناو ژوورە نسرم و شێدارەكانا ماینەوە
بەكەماڵی ئیسراحەتیش خەومان لێكەوت
كەچی نەمانتوانی شەوێك بەدیار خۆڵەمێشی ئەو هەموو حەرفەوە بمێنینەوە
كە سەفەر كردینە قەقنەس
باران بەجیا دەبارێت و شەستە دەكا
تەرزە جیاواز دێتە خوارێ
بەفر جیاواز لەوانی دیكە كڕێوە دەكا
كەچی هەموویان دەبنەوە، بەئاوی چەمێك
چەمیش نەوەی كەڵكەڵەیە
كەڵكەڵەیش شوێنێك شك نابات رووی تێبكات، جگە لەماڵی سەفەر
سەفەریش ماڵ نییە، تەنیا تێپەڕینە بەناو ماڵا
تۆ بڕوانە زستان چۆن پیاما هەڵدەزنێ و لەناو سەرما
 بەفر دەیكات بەتۆفانی سەفەر
مەیلێ بكەو سەرنج بدە، كە چۆن پایز ئاوقەم بووە
بەسەر نینۆكی پەنجەمەوە، دەنوسێ درەخت
كەچی لەچاوانما، جەنازەی گەڵای زەرد دادەبارێ و سەفەر دەكا
خانە وێران خۆم لەگەڵا
خانە تاڵان خۆم لەسەفەر
جوانی خەریكە دڵی دەتەقێ لەناو دڵما
كە ناتوانێ سەفەر بكات بۆناو سەفەر
نەك بۆ شوێنێكی دیاریكراو
باران بەقوڕگی وشكەوە، خەریكە كوێرایی دادێ بۆ قومێ ئاوی سەفەر
من واناڵێم، ئەوەتا باران خۆی دەڵێ:
ئاخر خۆ من بۆئەوە نەباریم، تا زیندانم بكەن لەناو زەریاكانا
من هاتم سەرێ لەچەمە نزارەكان بدەم
نەك بۆ هەتاهەتایە بمێنمەوە
باران تەنیا دەتوانێ لەناو سەفەرا بنوسێ ئاو
نەك لەناو دەریاكانا
ئاو تەنیا دەتوانێ لەناو كەڵكەڵەدا بنوسێ تەڕایی
نەك لەناو جامەكانی دەستمانا
دەمە و عەسرێكی شەرابی،
بۆڵێ ترێی بەر پەنجەرەكەی خۆمم دەدواندو پێمدەوت:
چەند نازداری ئەی شۆڕەمێو
لەسەر مینای گەردنی پەنجەرەكەم راكشاویت و جارجارەش سەما دەكەیت
كە نیوەشەو خەبەرم بووەوە
ترێ سەفەری كردووەو مانگ سەرخۆش سەرخۆش
بەلێواری پەنجەرەكەمەوە سەما دەكات و دڵۆپ دڵۆپ
جواناوی جیلوەی شەرابی لێدەچۆڕێ
كە سەفەر وەك ترێ نەبێت و
لەشەرابا سكونەت نەكات و لەسەرخۆشی مانگدا، دەست نەكاتەوە، بەسەما
ئیدی چۆن پێیدەوترێ سەفەر؟
بەتەشی تەم بیڕێسە، پەمووی هەوری سەفەر
تا پروشە بكات بەفری تەنیایی
زریكەی سوبح بەدیار دوا قەترەكانی شەوەوە
كە نازانێ بۆ كوێ سەفەر دەكەن
لەزریكەی رەنگەكانی ناو جاجمەكەی دایكم دەچێ
رەنگ، هەر جارەی لەشوێنێكا دەشكۆفێ
جارێك لەناو چاوێكی مەحزونا
رەنگ جارێكی تر لەناو مەلۆتكەیەكدا
دەبێتە مەحشەری جوانی
جارێكی تر لەناو سێبەری چەمێكا گوڵ دەگرێ
بەڵام كەس نازانێ
رەنگ لەكوێوە هاتووەو بۆ كوێ سەفەر ئەكا؟
رەنگ لەكەیەوە هاتووەو تاكەی درێژە بەسەفەر دەدا؟

*بەیتێكی حاجی قادری كۆییە، بەدەستكارییەوە
*سیاحەتنامەكەی ئەولیا چەلەبی