1
ئەی میهرەبانترین دەروێشی عیشق
لەم تەنهاییەدا بە مەغریبم بسپێرە، ئەی میهری یاد
تا ئەم میحنەتە وەستا بێت
دەستەكانمان ئەژنۆكانمان جێناهێڵن
بەختیاریی لە باخی موحیبەتدا
گوڵێكی ڕەشە ساڵانە لە ڕۆحماندا ئەڕوێ ‌و
بەدیار حەوزی ئەو ماسیە زەلیلانەوە
لە ژوورەكانامان بۆ جوانی دروستمان كردوون
گۆرانی بۆ ئازادی ئەڵێین!


هەر لەو كانییەی تینوەكان تێر ئاو ئەبن
لەو مەیخانەی مەینۆشەكان
مردووەكانی ناو خۆیان گەرم ئەكەنەوە
كەسێك هەیە گۆرانی بۆعیشقێكی ناكام ئەڵێ‌ و
وەك ئەوەی لە هەسارەیەكی ترەوە فڕێ‌ درابێ‌ كەس تێی ناگا
هەر لەو دەریایەی بایەوانەكان مەلە ئەكەن
كەشتی گەلێك دۆلفینی مردوو بار ئەكەن
هەر لەو شێوێنەشدا نووسراوە
ئاوڕێك لە بەختەوەریی خۆت بدەرەوە
كۆڵانێكە
ئەچێتەوە سەر دوكانی جگەر فرۆشەكان


وەك گوللەیەك سەدەیك بەناو دڵی تۆدا بڕوا
یادگاریەكانی ئەو
منی لەسەر ئەم تابلۆی بوونە سڕیەوە
بەهیلاكت بردم ئەی گێژاوی شێت
دەبمخنكێنە
هەموو مرۆڤێك لە یەكەمین عیشقا
دەبێت بە خۆڵەمێش
دەریاوانەكان وتیان جاران
سروشتی ئەم دەریا شێتە وا نەبوو
هەرگیزیش مانگ ئاوا توڕە شەپۆلەكانی نەدیوە
ئەی دەریای تاڵ و لیخن بە خوێن
من بەدوای جۆگەلەیەك خوێندا هاتم
بەدوای جەنازەیەكی ڕاكێشراودا هاتم
گوللەیەك سەر دڵی پێكابوو,


ئەو باڵندانەی وێنەم كێشان
بەئاسمانی یادگارییەكانەوە دەفڕن
ئەو ماسیانەی لەناو شیعرەكانی منا لەدایك بوون
ئێستا بەناو سەراب و
ڕوبارە خوێناوییەكانا ئەڕۆن
ئەو بێچووەئاسكەش لە ناو دڵی منەوە سەیری دنیای ئەكرد
ئێستا بەدەم پڵنگێكی برسیەوەیە
ئەو دۆلفینەش من پێم دەووت
چاوێكت لە موسافیری بەلەمە شكاوەكان بێت
ئێستا لەقەصابخانەیەكا لەت لەت ئەكرێ‌
ئەو بووكەشووشەش من لەناو قوڕی شیعرێكا خوڵقاندم
ئێستاكە خەریكە
بەباوەشی مناڵی سۆزانییەكەوە گیان ئەدا


شەوێك لەگەڵ تۆدا دەمان ویست
بەژێر مانگەشەودا پیاسە بكەین، مانگ گیران بوو
دەمان ویست بچینە كەنار دەریا
ئۆقیانوسەكانیش وشكاییان هات
بۆیە دوای ساڵەهای ساڵ بۆت دەنووسم
ئەمشەویش مانگ لە پێكێك بادەدا ئەشكێت
قەدەری ئێمە كەوتە ناو ساڵانێكەوە
هەرگیز مانگی تیادا هەڵنەهات


 


ئەی جەنگاوەری دۆڕاو
تەرمی هاوڕێ‌ و خۆزگەكانت بدە بەكۆڵتا و
لەسەر گۆڕی دووژمنەكانت پێبكەنە
ئەی كچی جوان، ترس و عیشقی كۆنەت بشارەوە و لاشەت ڕاخە
ئەی مێرولەی چاوچنۆك، تۆش لەبری گەنمی مشكەكان
مەیتی هاوڕێ‌ ناكامەكانت بژمێرە
تۆ ئەی سوارچاكی ئەسپە تینووەكان
ئەم ئەسپانە بەخوێن تا كوێ‌ ئەڕۆن؟
تۆش ئەی گوێزی پووچ
مەهێڵە بتشكێنن
با حەقیقەت بەو هەموو پووچیەوە دەرنەكەوێت !


درۆ ئەكات و باوەڕمان پێیەتی
سیاسییە ئیتر
هاوارئەكات و خۆمان داوەتێ‌ و شوێنی كەوتووین
گیرفانەكانی پڕن لە پارە و خاڵین لە حەقیقەت
لە باڕ و مەیخانە و
سۆزانیخانە و قوتابخانە و
قەصابخانە و چایخانە و
قومارخانە و قیامەتیشا باس هەرجباسی ئەوە
بەڵام هەزار ئەوەندەی ئەو
حەقیقەت ئەوەتا لەناو گەڵی ئەو سۆزانییەدا
مناڵەكەی چاوەڕێ‌ ی نانە!


ئەم بەلەمە كاغەزیانە كەس ناگەیەننە دوورگە سەوزەكان
تەنیا ئەتوانن لێرەوە بۆ ئێرە حەقیقەت بار بكەن
ئەم گوڵە خۆڵەمێشییانە
جگە لە بۆنی لاشەی مردووەكان
ناتوانن شتێ‌ تر بن
ئەم ڕاوچییە ناشییە بێچوی ئاسكەكان ڕاو ئەكات
ئەو شنەبای لەگۆڕستانەكەوە دێت تاعونە هەڵ ئەكات
من دەزانم ئەو مناڵەی بە دەمانچەیەكی نایلۆنەوە
ڕاوی پەپوولە ئەكات
هەر بەڕاستی هەر هەموومان ئەكوژێت


لەبیریكە، ئێوارەیەك باران نەباریایە بێتاقەت دەبووین
ئەوە سەدەیەكە دڵی من
لەم وشكەساڵییەدا ورد دەبێت
لەوانەیە ئەو ساڵانە سەرخۆش بووبم
دەنا دەبوو بزانم ئاوا ئەبێت
چونكە ئەم ئاسمانە
هەرگیز نەیتوانیوە
نازی دوو مانگ پێكەوە هەڵگرێت


ژیان پڕە لەهاواری ڕووشكاو
وەك ناو لەپی سواڵكەرێكی تازەكار
سیخناخە بە دڵتەنگییەكی فەرامۆش
وەك ئەو قەرەجەی
لە باوەشی شارێكی غەریبەدا ڕۆژ ئەكاتەوە
پڕە لە خەیاڵی خاوی دڵی ئێمە
وەك ئەو پەڕەسێلكەی بە دیار هێلكەیەكی پیسەوە
ئومێد هەڵئەچنێ‌
لێوانلێوە لە عیشقی پووچ
وەك ناو دڵی ئەو ژنەی
شەوانە حەشاماتێك تێر ئەكات
پڕە لە خۆزگەی بێفایدە
وەك هاواری ناو دڵی ئەو دێوانەی
ناگاتە گوێی هیچ ناخودایەك
چۆڵ‌وهۆڵە لە ویژدان
وەكو پرسەی سۆزانییەك


زەمانەیەك
نامەكان لە قاوغی شقارتەكانا
ئەچوون بۆ ماڵی دڵی یار
چەرمەسەریم لە خۆم ئەتەكاند و
خوێن لە زمانمەوە ئەهات
ئێتاش ئەتوانی بەسانایی خوێنی دڵی من ببینی
بەناو چاوی ئەو فریشتانەوە
لای خواش مەحكوم بوون بە پاكیزەیی
بەسەر ڕۆحی ئەو باڵندانەوە
مەحكوم بوون بە نەنیشتنەوە


لەوشكی ئەم خاكەوە
بێچوی كەروێشكەكان سەیری خاكی ڕووتەن ئەكەن
سەیری ئاسمانی بیبەزەییش
زەڕنەقوتەكانیش سەیری دەمی دایكە و باوكەكان و
دایكە و باوكەكانیش ڕەنجی بێحاسڵی جووتیارەكان
هەموو شتێك سیمای خۆی لەم شارەدا ون كردووە
ژیان مانای خۆی لە دەست داوە
لەو ڕۆژەوە تۆ بلیتی سەفەرت گرتووە
باران لە ئاسمانی ئەم شارە تۆراوە


من دەمەوێ‌ بەشیعرێك كچێك بخوڵقێنم
بەرلەوەی شوو بكات
مناڵی سواڵكەرەكان شیر بدات
بەڵام خۆزگە
مەمكی ئەم هەنجیرە بریندارە
بێچوی شەمشەمەكوێرەیەك نەیئەمژی


تۆ ئەوەندەی خزمەتی شیعری منت كرد
ئەوەندە هی عیشقت بكردایە بەس بوو
ئەوەندە بەدیار منەوە گریایت، بەس بوو
بۆ ئەوەی من داگریت بەم خاچەوە
چ نائومێدیەكی جوانە ڕوئیا
پەپوولەیەك بتگریەنێت
بەسەر گوڵی خاشخاشەوە ؟؟!


بەسەر پشتی سواڵكەرەكانا
بەسەر گەدەی سۆزانییەكان و
ڕووشكاوی دێوانەكانا
بەسەر خوێنی فریشتە و قەرەجەكانا
بەسەر سەری ئیزرائیلا
سەردەكەویت بەرەو ئاسمان
بەرەو خوا
بەرەو خۆر
بەڵام بیرت نەچێت خاوەن شكۆ
سەركەوتن بەم پلیكانەدا
دابەزینە بەرەو گۆڕ


 


كە چاو چاو نابینێ ‌‌و دەستت وەبەر هیچ شتێك ناكەوێت
من كچێكی ونبوو دەبینم لەم ژوورەدا
من بەسەر ئەم وێرانەدا ئەوین خامۆشی كردووە
هەزار گوڵ و
هەزار فریشتە و
هەزار خۆزگەی بەباچوو ئەبینم
لەڕاستیشدا چاوانی من
تەنیا توانای بینینی تابلۆیەكیان هەیە
دوكەڵی جگەرە دروستی كردووە


بانگت دەكەم بگەڕێیتەوە
تا شتێكت بدەمێ‌
هاوكات من خاوەنی هیچیش نیم
ئاخر لەناو دڵی منا شیعرێكی كۆسكەوتوو هەیە
نەمن توانیم بینووسم و
نەتۆش توانیت بیخوێنیتەوە


شارەكانم وێران كرد و
لە دێهاتەكانا گوڵی سروشتییم ڕوان
خۆڵەمێشم كردە ئەو ئینجانانەی
ساڵەهای ساڵ دۆستی سەراب ‌و خوێن بوون
من دونیایەكی وێرانم ڕوخاند و
وێرانەی دونیایەكم دروست كردەوە
دەستەكانم بەئەندازەی زمانم بۆ زاڵمان،
بۆ هەژاران درێژبوون
من فیلم كارتۆنێكی عاشقانەم دروست كرد
من پاڵەوانی مەملەكەتێكی كاغەزیی بووم


لەسەر سەوڵەكانی بەلەمێكی كون تێبوو نووسرا بوو
سەر كەوە بەرەو دنیای ئاسودەیی
شێتیك هات و لەسەری نووسی
ئەی بەلەمی شكاو
تۆخۆشت لەئاوا ئەخنكێیت


سوڵتانەكان وتیان
سوپاسالارەكان وتیان
سیاسییەكان وتیان
خوێن ڕوی شەرفت سوور ئەكات
خوێن پیرۆزی ئەدات بەبوون
بەڵام من ڕیسواییم هەڵبژارد !


ئێستا گۆرانیەك هەیە لەگەڵ شەودا جووت دەبێت
قەدەرێك هەیە دڵی بە داهۆڵەكانی خۆشە
ئیتر بەرماڵەكەت هەڵگرە و لەناو دڵی خۆتدا عیبادەتكە
ئیتر خوێنی قوربانییەكان بەدەرگای مەعبەدەكانەوە بسڕە و
دڵی خۆت سەر بڕە
ئیتر پێكە خاڵییەكەت فڕێ‌ دە و
خوێنی دڵی خۆت بخۆرەوە
ئیتر زوڵەیخا بەدوای یوسفدا ڕاناكات
ئێستا یوسف پەشیمانە


وەك گوللەیەك سەدەیك بەناو دڵی تۆدا بڕوا
یادگاریەكانی ئەو
منی لەسەر ئەم تابلۆی بوونە سڕیەوە
وەكو مارێك مارێك قوتدا
لێمگەڕێ‌ بەناو ئەم شەقامە دوكەڵاویەدا هەنگاو بنێم
بەناو تەمدا دەڕوا


ڕوئیا
لەسەر زەرفی هەرنامەیەكدا شوێن ماچێك جێدێڵێ‌
عیشق وەك عەتر ئەدات لە سینە و ناو لەپ و لاملی
كە گۆرانی ئەڵێ‌ فریشتەكان ئەكەونە سەما
كە سەیری گوڵەكان ئەكات ئەكەونە قسە
لەگەڵ تەریقیدا هەرگیز لە ماڵێكدا دانەنیشتووە
لەگەڵ مردندا چایەكیان پێكەوە نەخواردۆتەوە
دڵی ئەوەندە ناسكە بەكزە بایەك هەڵئەوەرێت
كە ئەترسێت دڵی لەناو چاویدا ئەبینیت كە لێ ئەدات
عیشق كە سەری دێشێ‌ پارچەیك لەكراسەكەی ئەوی تێوە ئەپێچێ‌
كە نەخۆش ئەكەوێت بەو هەموو عەیارییەی خۆیەوە
ئەو لەژوور سەری عیشقەوە دائەنیشێت
كچێكی عەجوولە
پرسیاری بەهەشتی لێ ئەكەیت دەست بۆ مەمكەكانی ئەبات
ستیانەكەی بەكەمەریەوە ئەبەستێ و نەرم نەرم سەما ئەكات