هەمیشە دەسووتێیت و دەسووتێیت... ئەی پشکۆی من.
لە مێژە ئاگردان کوژاوەتەوە، لە مێژە ڕاوکەرەکان لە ڕەشماڵەکانیاندا خەوتوون. لە مێژە باران دەبارێت... بەڵام تۆ هەمیشە دەسووتێیت. باڵندەکان دێن و دەفڕن و لە تاریکیدا پیر دەبن. شەونم کە دوێنێ لە دایک بووە، ئەمڕۆ دەمرێت. گیا کە چەند هەفتەیەکە هاتووە ئەمشەو دەڕوات و ناگەڕێتەوە...
هەموو مەخلوقێک کاتژمێری خۆی پێیە... تۆ نەبێت... تۆ نەبێت... ئەی پشکۆی من.

 

ئەو ڕێبوارەی هەمیشە دەڕوات و ناخەوێت... هات و لێرەوە تێپەڕی.
ئەو هەورەی هەموو رۆژێک دێت و سەیرمان دەکات و نابارێت... هات و ڕاگوزەر

 

لە بازاڕی ئاسنگەران کورەکانیان خامۆشکرد. لە مەزاتخانەکان مەزاتی ژیان وەستا، نانەواکان تەنووریان کوژاندەوە و هەموو نانێک فرۆشرا، زەوی پڕ بوو لە خۆڵەمێشی ئەو ئاکرانەی بای زەمان بەسەریاندا هەڵیکرد...هەموو مەخلوقێک تەمەنی خۆی دەزانێت... تۆ نەبێت... تۆ نەبێت... ئەی پشکۆی من.

 

ئەوانەی حیسابی باج بۆ پادشاکان دەکەن، فوویان لە مۆمەکان کرد. شاعیرەکان چراکانیان خامۆشکرد و لە باغدا لێیخەوتن. دەریا کەشتی و کەشتیەوانەکانی خەواند...
دونیا هەمووی تاریکە... تاریک... ئەو ئاگرەی قەتارچییەکان خۆشیانکرد، کوژایەوە.
ئەو شارانەی خۆیان سووتان، خۆڵەمێشەکەیان با بردی.
هەموو شتێک دەڕوات... هەموو شتێک دەکوژێتەوە...
تەنیا تۆیت هەمیشە دەسووتێیت..... تۆیت... ئەی پشکۆی من.

 

هەموو کتێبی دونیا دەخەینە سەریەک و گڕی تێبەردەدەین. ئەرشیفی هەموو دەریا دەخەینە ئاگرەوە. هەموو سێوێک، هەموو هەرمێیەک، هەموو دەنکە ترێیەک دادەگیرسێنین...
هەمووی دەسووتێت و دەبێتە خاشاک و خامۆش دەبێت.
تەنیا تۆیت نابێتە خۆڵەمێش و ناکوژێیتەوە... تۆیت... تۆیت.. ئەی پشکۆی من.

 
 

نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان' لە 'ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن'ەوە