دنیا دەبارێ‌
من كز كز وەك با هەڵدەكەم
لەپاڵ قەڵا سێبەری مێژووی دەنووسمەوە
بەڵام دەمێكە خەون نابینم
خەو ئەوەندە چڕبۆتەوە
خۆر بە باخچەی دڵم ناگا
لە ئاوەوە دادەگیرسێم لە بارانەوە
ڕۆژ لە باخچەی دڵم كوژاوەتەوە
كوژانەوە واتە بەستنی ژێیەكانی ژیان لەسەر ریتمی بێدەنگی
هێلانەی دەنگ لەسەر منارەی مزگەوت
لەو مەملەكەتە مێشەكانیش سەری خۆیان ناخورێنن
مرۆڤ ڕۆژ ڕۆژ تەمەنی كورت دەبێتەوە
ژیان ڕۆژ ڕۆژ دەمامك زیاد دەكات
پشیلەكان وەك مێوان لە دەرگا دەدەن
خێزانەكەم دەڵێ‌ بەیانیان پەنیری كوردی خۆشترە نەك دەنگی فەیروز
دووبارە ئێواران بەرەو ماڵ دەبمەوە
ساتمە لە بێدەنگی دەكەم
سەر بەرز دەكەمەوە و كۆترێك لە خەیاڵم سپی دەچێتەوە
بێ‌ ئەوەی بەخۆم بزانم چەپڵە لێدەدەم
یان دەكەومە نێو چاڵێكەوە
چاڵ نییە لە هەڵمەتی ئۆتۆمبێل دەترسم
ئەوەی فڕی كۆتر نەبوو باڵەخانە بوو
بەیانیان چای ناخۆمەوە لە گلاسێك ئاو و سێوێك بترازێ‌
چەند كۆپلە شیعرێك لە ڕەنگی سپێدە دەگرم
كات دەكەوێتە سەر دوو پێچكە
بەرە بەرە دڵم تەنگتر دەبێ‌
خەڵك خاو خاو دەڕۆن بە پەلە دەمامك دەگۆڕن
من بە پەلە ریشم دەتاشم وەك ئەوەی وەرزش بكەم
بۆ رۆژێكی نوێ‌
یەكێك دەڵێ‌ گرفتی من نییە
من دڵم لە قەفەزەی سینە دەردەپەڕێ‌
شەو دەیبا
هاوسەرەكەم دەڵێ‌ بەو بەیانییە خەونێكی ناخۆشم بینی
تۆ ژنت دێنا
كچەكەم گسك لە قسەكانمان دەدا
كوڕەكان خەریكی كۆكردنەوەی هیچن
من دەڵێم خۆزگە مردبام
ئەو دەڵێ‌ ژیان هەروا تێدەپەڕێ‌ چەشنی ژیان
بێ‌ گوێدانە سەرەتا و كۆتایی
دنیا دەخەمڵێ‌
من لە دڵی خۆم ویستم بڵێم ژیان لەلای من پەشمەكە
لەسەر لێوان دەتوێتەوە
بەڵام ئەو قسەیەم لەپڕ لێكەوتە نێو خەیاڵ
دنیا دەبارێ‌
مەرگ كز كز لە نەخۆشخانە دێتەوە
بەڵام مەرج نییە شایەدی
توانەوەی دوا كڵوە بەفری زستان بین
ژیان وەك كاروانی كۆچەرییان
سەر ئاو دەكەوێ‌
بەڵام مەرج نییە بەدڵی من و تۆ سەر رێ‌ بكەوێ‌!
نیسانی 2011