کات
ناگیرێ و هه‌موومانی گرتووه‌
هه‌ندێک جار کات وه‌ک هاوڕێیه‌کی به‌ ئه‌مه‌ک
له‌گه‌ڵما ده‌گری، گۆرانی ده‌ڵێ، پێده‌که‌نێ
هه‌ندێک جار  ملهوڕانه‌ ده‌مهاڕێت
به‌سه‌رما ده‌روات و هیچ ئاوڕم لێ ناداته‌وه‌
هه‌ندێک جار له‌ ده‌ره‌وه‌ی کاتم
کات له‌ ده‌ره‌وه‌ی منه‌
نازانم ئه‌و کاتانه‌ من له‌ کوێم و کات له‌ کوێیه
کات چییه‌ ؟
چه‌ند ساڵ ده‌ژی
بۆ کوێی ده‌ڕوا و له‌ کوێوه‌ دێ
که‌ی ده‌مرێ؟!
ده‌ستێکی کراوه‌
هه‌موو شتێکی گرتووه‌
ده‌ست نییه‌ کاته‌
شارێکی چۆڵ و بێنیشان
هه‌موومان دانیشتووی ئه‌وێین
کات پشیله‌یه‌کی بێ چڕنووکه‌
شه‌به‌قی برین ده‌خاته‌ دڵه‌کانه‌وه‌
کات ده‌ستێکی میهره‌بانه‌
ئازاره‌کان ده‌شکێنێ
کات
بلیمه‌تێکه‌ یاری به‌ بۆشایی ده‌کا
بۆشاییه‌که‌ مرۆڤه‌کان یاری و شه‌رو
شتی تری تێدا ده‌که‌ن.
ئه‌و کاته‌ی ته‌نیا بووم
باڵه‌کانی کات شکا بوون
له‌ نائومێدیی و
چاوه‌ڕوانی و ته‌نیایی و غوربه‌تا
کات
ئاگره‌ و به‌ کپی ده‌مکوژێ
ئاگری چی شتێکه‌
هێشتا ناویان بۆ دانه‌ناوه‌
من کاتم ‌کوشت
کاتی کوژراو خوێن له‌ په‌نجه‌یه‌کی نه‌هات
تێپه‌ریی و
منی کوژراو
به‌
ته‌نیا مامه‌وه‌
ده‌مه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی کات بم
کاتێک که‌ هیچ کاتێکی نه‌بێ بۆ کوشتنم،
کات بێده‌نگه‌ که‌ تۆ ده‌‌دوێی
به‌ ده‌نگی تۆ ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه‌
کات بێڕه‌نگه،
به‌ ڕه‌نگی تۆ ڕه‌نگین ده‌بێ
که‌ تۆ ده‌گریت ئیتر کاتیش خه‌مگین ده‌بێ
کات
نابینرێت و ده‌مرێت
مردوویه‌کی بێ گۆڕ و ته‌رم
یه‌کێک ده‌ڵێت : کاتم نییه‌
کاتم نه‌بوو
ئه‌م کاته‌ بێده‌ست و پێیه‌
چۆن ده‌ڕوات و
ته‌مه‌نی هه‌موو شته‌کان له‌ گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات
کات مه‌مکی ئه‌و کچه‌ی گه‌وره‌کرد
مه‌مکه‌کانی پڕکرد له‌ چرچ و لۆچی نائومێدی
کات
گیای ڕیشی سه‌وز کرد و
به‌ سپێتیی پیریی سپارد
هێزو جوانیی مرۆڤه‌کانی
به‌ که‌مه‌ی گۆچاندا شۆڕکرده‌وه
گوێم له‌ ترپه‌ی پێی کاته‌
ئه‌وه‌ هات لێره‌یه‌
من ده‌بێت بڕۆم
2011

ئه‌م شیعره‌ له‌ ژماره‌ 64 گۆڤاری هه‌نار بڵاوکراوه‌ته‌وه‌،