(1)
چاوم بەلقی بارانە هەڵواسراوە
ئەوەی ڕوودەدات هەرچی بێت
بەر خاك دەكەوێ‌ وەكو ئاو
شین هەڵدەگەڕێ‌ وەك دەریا.
(2)
دەریا شین شین
بە دنیا پێدەكەنی
بەر لەوەی مرۆڤ ببارێ‌.
(3)
قژت تنۆك تنۆك دەكەوێتە سەر بێدەنگی چاوم
لەشكری باران ناز دەكا
بەردەبێتەوە نێو دەریا.
(4)
دەریا جگە لە كۆكردنەوەی وێنەكانی باران
هەمیشە لە سەفەردایە.
(5)
لەنێوان باران و چیا
ڕۆڵی خۆمان لە بیابان دەستنیشان كرد.
(6)
منداڵەكەم هەمیشە دەم دەكاتەوە
لەبەر باران نا
لەبەر فیلمە كارتۆنییەكان.
(7)
مرۆڤ لە باران ڕادەكا
بەڵام ئەوە ترسی ناوێ‌
ترس ئەوەیە
نەگەینە ئاو.
(8)
گەڵاكان دەوەرن
وێنەی باران لە تاقیگە دەشۆنەوە
بەهار دەستپێدەكاتەوە.
(9)
نیازی بینین لە دەریا بەتاڵ دەبێ‌
تێگەیشتن لە ئاو
هەموو ئەوانە با دەیبا
(10)
یەكەمجار
نموونەم بە باران هێنا
ئێستا وەك دەریا جمەم دێ‌ لە بێدەنگی.
(11)
وێنە ڕووتەكانی باران لەسەر گەڵا هەڵفڕیووەكان دەكێشم
بە مەرجی چوونە نێو دەریا.
(12)
باران واقیعێكە لە خەیاڵ
با دەینەخشێنێ‌
بە دوو چاوی كوێر.
(13)
گێڕانەوەكانی دەریا هەمووی خوازەیە
دەشێ‌ وەك بوون بەرەو شێتی
قومار لەسەر باران بكەین.
(14)
ئاو بەپێی باران دێ‌
پێچەوانەی با دەكەوێ‌.
(15)
ئەو خەڵكانە بەهۆی ترس كۆبوونەوە
وەكو دەریا شەپۆل دەدەن.
(16)
حەقیقەت وزەی زمانە
پێش مێژووی نووسین دەكەوێ‌
حەقیقەت وزەی زمانە
دوای مێژووی نووسین دەكەوێ‌.
(17)
لە باخی تەڕی شەو دەخولێمەوە
دەست بە گەڵای كاڵی مانگدا دێنم
لەبری قژت
(18)
ئەگەر نیازم پیاسە بێ‌
دەبێ‌ ئاوڕ لە تەپوتۆز نەدەمەوە
وەك كێشەی ژینگە
لە ئاو بڕوانم.
(19)
باران لە چیا ناز دەكا
لە شار سەرخۆشە
كەس ئاگای لە كەس نییە.
(20)
دەمەوێ‌ ئەمڕۆ زمانی شار بدۆرمەوە
بە دەنوكی با
(21)
هەموو بەیانییەك لە وەرزش دوا دەكەوم
وەك نوێژكەرێ‌ خەو حیكایەتی بۆ بكا.
(22)
دەم دەكەیتەوە
باران دەبارێ‌
لەو دەمەوە خۆشم دەوێیت
دەگاتە ترۆپك دەریا.
(23)
كچەكەم هەمیشە پرسیار دەكا
من پەرییەك لە خەو دەبینم
لە بری وەڵام
خۆم بە لافاو دەگرمەوە.
(24)
ویستم بچمە لای پزیشك
گوتیان
ژیان مۆڵەتی وەرگرتووە
هەفتەی پێنج ڕۆژ وەرزش دەكا.
(25)
بەر لەوەی دەست بكەمەوە
وەك سەرخۆشێ‌ بەلادادێم
بەر لەوەی دەم بكەینەوە
ئاو دەمانبا.
(26)
وێنەی چۆلەكەیەك دەگرم
لە تەك گەڵا بەجریوەكانی مانگەشەو
دوای وێنەی ئاو
لە خۆكوشتن
(27)
بە گیرفانی ئاو
قەردەكانی سەری مانگ دەدەمەوە.
(28)
شەڕی باران هەرگیز لەگەڵ دەریا نییە
بەڵكو لەنێو درزەكانی سەرهاتی خۆی
بە با دەدا.
(29)
خێزانەكەم وەڕسی خۆیان
بە من پڕ دەكەنەوە
منیش وەڕسی خۆم بە باران.
(30)
خەو دەمباتەوە
باران وەك گۆزەی سەرەوخوار
ڕامدەژەنێ‌.
(31)
بەیانیان كە خەو دەستم دەكاتەوە
بەرەو ئاو نا
بەرەو هیچ و پووچی دنیا
بەلادادێم .
هەولێر/شوباتی 2012