کورتە پێناسەیەکی شاعیر:
( "دەخیل خەلیفە" یەکێکە لە شاعیرە نوێخوازەکانی کوەیت . هەوڵی داوە بە زمانێکی نوێ کە جیاواز بێت لە زمانی باوی نووسین ، داهێنان بەرپا بکات . لە دایکبووی ساڵی 1964 ە . چوار دیوانە شیعری چاپکراوی هەیە :
- "چاوەکانی سەر دەروازەی مەنفا " .
- "دەریایەک هەڵئەکورمێت" .
- "بیابانێک لە فەزای کراسەوە دێتە دەرێ" .
- "دەستێکی بڕاو لە دەرگا ئەدات" .
 
لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا کە ڕۆژنامەی 'الشرق الأوسط' لە گەڵ ئەم شاعیرە سازی کردووە ، لە تەوەری ئەوەی کە هەمیشە جۆرێک لە خەم ، ئەتمۆسفیری قەسیدەکانی تەنیوە ، لە وەڵامدا ئەم شاعیرە پێی وایە تۆ بڵێی شادیی یان خۆشنوودیی حاڵەتێک بێت قابیلی نووسینەوە و پیادەکردن بێت ؟ هەرچی لە دەوروپشتی ئێمە دەگوزەرێت هەر هەمووی تێکشکانە ، شەڕی چینایەتیی و تایفەگەریی و دەستەگەریی و ڕۆژنامەی سیخناخ بە شەڕەجوێن و گەلانی دواکەوتوو و باڵادەستیی شەریعەتی جەنگەڵ .. کەواتە لە وەها بارودۆخێکدا ، چۆن دەکرێت دەقگەلێک بەرهەم بهێنیت کە لە بابەتی "تۆم و جێری" بن!!
 
لە پرسیارێکی تردا سەبارەت بە پەیوەندیی شاعیر لەگەڵ داوودەزگا ڕۆشنبیرییەکان و ، کۆمەڵە و یەکێتییەکانی نووسەران و ڕێکخراوەکانی تریشدا . ' خەلیفە' دەڵێت ؛ پەیوەندییم لەگەڵ هیچیاندا نییە و ، ئیعتیراف بە هیچ داوودەزگایەکیش ناکەم کە داهێنان ببەستێتەوە بە دەوڵەتنامە (ڕەگەزنامە) ەوە . لە ڕابوردوودا ئەم داوودەزگایانە پردێک بوون بۆ گەیاندنی ئەزموونەکان بە یەکتر ..کەچی لە ئێستادا تۆ بە هۆی سایتی کۆمەڵایەتیی (وەک فەیسبووک) و هۆیەکانی تریشەوە دەتوانیت تەماس لەگەڵ داهێنەران بگریت ..تەنانەت ئێستا وای لێهاتووە داوەتکردن بۆ میهرەجان بۆتە مەسەلەیەکی شەخسیی ... پاشان داوودەزگایەکی بەسەرچوو دەتوانێت چ ئیزافەیەک بۆ من بخوڵقێنێت ؟ ).
 


1 – زیندان :
ئەمشەو
پێکەوە لە هەوادا ئەکەوینە پەلەقاژە
لەوانەیە بەرەو سەرێ بەربینەوە..!
یان پێکەنینمان بەو نائومێدییانەی خۆمان دێت
کە قاچیان لە ڕۆحمانەوە شۆڕبوونەتەوە خوارێ
بەو خەونانەش پێ بکەنین
کە بۆ هاتن ، پێویستیان بە ڤیزا هەیە ..!


2 – تەرم :
پەنجەکانم لە دەستم کردنەوە و
سەریشم خستە نێوان دوو جبەخانەوە
ئاوەهام لە بۆشاییدا...!
ئیتر ئەوانەشی بێرەدا ڕادەبوورن
پێکەنینیان بە تارماییەکانی خۆیان دێ و
گاڵتەش دەکەن بە تارماییەکی بێ سەر و
بەو دەستەشی ،
کە لە گیرفانەکانی تەرمەکەدا ، بۆ پەنجەکانی خۆی دەگەڕێت ..!


3 – ژوورێک :
ئەو هەناسانەم خۆش ناوێن کە دووچاری پیسبوون بوون
ئەو دڵانەشی کە بە ڕەنگی ڕەش کفنکراون .
ئەو قەنەفەیەم خۆش ناوێت
کاتێ پشتی خۆی دەتەکێنێ
ئاهی عاشقێک ، بە تەنیا لە یەک لاوە ، تۆز دەکات .
ئەو ژوورەشم خۆش ناوێت
ئەو دەمەی ، لە ناو دڵێکی ڕەشدا ،
دەبێتە ئاسمانێکی ڕووت و قوت !
********


" برسێتیی "
برسییەک بەلامدا تێپەڕی و
شانی دادایە سەر قەراغی دڵم و
پەڕە پەڕە هەڵی دامەوە ..
گریا ، ئەو دەمەی ڕوبارێکی تێدا نەبینیم !
********


" پێناسە "
خۆشەویستیی تەلەفۆنکردنێکی بە پەلە نییە و
ژوورێکییش نییە بە تەختێکی نووستنی دوونەفەرییەوە
هەتا جێگەی پێکەنینێکی دواخراوی تێدا ببێتەوە .
خۆشەویستیی ،
پۆزشێکی درەنگ وەختە بۆ شەقامێک ،
کە بە تەنیایی ڕۆژ دەکاتەوە ..!
********


" دژە یاسا "
ئەو پێکەنینە تەنیایەم کە لە یاسا یاخیی ببوو ،
دوێنێ لە لێواری شەودا لە بیرم کرد .
ئەم بەیانییە ، بە بێ دەم ، لە خەو ڕابووم ..!
********


" ئەگەر "
ئەگەر سێبەرێک
بە لای ترپە پەرش و بڵاوەکانی ئەوێمدا تێپەڕێت
تەرمەکەم ئەدۆزێتەوە ، پێش ئەوەی لێی هەڵبێم !
ئەگەر قاچێک بە سەهوو پێش قاچەکەی تر کەوت
فرمێسکە بە تەختەبووەکەی من ئەشێلێت ..
ئەگەر سەگێک قروسکەی بێت
ئەوا من ڕا ئەبم و
شەقامەکە بەسەر نیوەکەی تری خوارەوەمدا بە کێش ئەکەم .
********


" نیشتمانەکان "
شەقامێک نییە بتابتەوە سەر
ئەم هەموو کابووسە .
دەبوایە نیشتمانەکان کەمێك گەورەتر بن .
دەبوایە قاچ و دەستە ژەنگاوییەکانی خۆیان وەک نینۆک بکەن .
دەبوایە خۆ بە گەورەتر بزانن لە بڵقە بچووکەکانی خۆیان .
دەبوایە لە بری پارچەیەکی سپیی و
لە جیاتی چاڵێک کە جێی فرمێسکی
سەگێکی بەرەڵڵای تێدا نابێتەوە ،
نیشتمانەکان دەبوایە گوڵێکمان بدەنێ .. گوڵێک !
********


" تەورەکان "
ئەگەر جەستەم قەدی درەختێک بوایە
بەرگەی ئەم هەموو تەورەی نەدەگرت .
خەیاڵم کرد ، زەمین فەرشێک بوو بە ئاسماندا گەشتی پێدەکردم .
بۆ ئەوەی لە ناکاو ئەستێرەکان یەک یەک ماچکەم !
کە بە ئاگا هاتم
بینیم هەمووان سەما لەسەر ئێسک و پروسکم دەکەن .
ئەگەر دڵم فانۆسێک بووایە
بەرگەی ئەم هەموو دوکەڵەی نەدەگرت
کە شووشەکەیان تەڵخ کردووە !
********


" تیکەیەک سەرشۆڕیی "
بە بێ هۆ ، بەسەر شووشەکەدا دەڕۆیت
وەک ئەوەی موعتاد بیت بەوەی
هەموو ساڵەکان
لە گیرفانە کونتێبووکەی خۆتدا بەتاڵ بکەیتەوە !
با خۆشەویستیی ئەو زەردەخەنەیە بێت ،
بە سانایی نەکەوێتە بەردەستی دڵ !
یان فرمێسکی سەر ئەو وەهمە بێت
کە لە زاکیرەیەکی پڕ لە وڕێنەدا ، لارە لار بکات !
تۆ ئەتوانیت چۆنت بوێت ،
ئاوا تەمەن دابەش بکەیت ؛
هەر ساڵەی لە بەر دەرگایەکدا .
هەر مانگەی تیکەیەک سەرشۆڕیی .
هەر ڕۆژەی فێڵێک .
تەنها بۆ ئەوەی وەک جەستەیەکی بەتاڵ
بە تەنیا ڕێ بکەیت !

سەرچاوە : ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط) – ژمارە 12220 – ڕۆژی 13 ی مایۆی 2012 .