ئێوارەی رۆژێکی دییە و
سینییە گوڵەبەڕۆژەی باوکم، دۆشەکەکەی، سەرینە باگردێنەکە و ڕادیۆکەیشی
گشت پێکەوە لەگەڵ ئەودا، هەموویان دێنە بەردەرگا
بۆ لوولەی گووڵەبەڕۆژەکان
چەند دەفتەریكی کۆنی من، دوا ژمارەی گۆڤاری ئەلف با
لە بەردەم خۆیدا دادەنێ و
پیاڵەیەکی بە تیپ پێچراو
قنج لە ناو گۆلەبەڕۆژەکەدا، ڕێک بە پێوە و
لە حالەتی ئیستیعدادا، ڕادەگیرێ
ئەم سینییە لە موگناتیسێکی ئیچگار گەورەی گەڕەک دەچێ
ها چەند دەقیقەیەک نابا و
لە ماڵان و لە کۆڵان و لەگەرەکی ئەودیوەوە
حەشاماتێک ، لە دەوری باوکم و سینییەکەی
دەوردەبەستن و کۆدەبنەوە.
باوکم فەیسبووکی گەڕەک بوو:
حامید باسی سەوزە و میوە و مشتەرییە سەیرسەیرەکانی
کاک کەریم بە سەرگوزشتەی: لە فیتەر جنێوفرۆشتتر کێ دیویەتی
خەرامان بە شەڕی خۆیی و ساحێبماڵی خۆیانەوە ئیسپات وجودی خۆی دەکا
سەرداری قوڕ بە سەتڵە ئاوی دەستییەوە، مەجلیس فێنکدەکاتەوە
کاڵەک و کالیاری سەعە، بۆنپرژێنی دارگوێزەکە و کۆڵان دەکا
دەڵێن: هورمز ناوکی کەوتووە، کەس ناچێت بۆی بگرێتەوە
باوکم بە کاک ڕەحیم دەڵێ: تا دێمەوە ، نیوەی سینییەکەم بۆ نەخۆی
عەلیی و ئایشێ کچییان بووە، بەیانی با سەرێکییان بەین
حاجی ئەڵێ: سبەێ دەچین
شەوێکی دی بەرێوەیە و
هورمز دێتەوە ناو مەجلیس
ساوای تازەبوو دەهێنرێ و دەخرێتە ناو کۆشی باوکم
دەوری سینی دەبێ بەچاو
باوکم کۆکەیەک دەکات و دەنگ هەڵدەبڕێ
بانگ بە گووێی ساوادا دەدرێ و ریزێک چا خێرا تێدەکرێ
ئایەتولکورسی دەخوێنڕێ و
جنۆکەی ژێرزەمینەکەی فەجە هین زل
بە قسەی خەجیج هەمان لەحزە، ماڵ جێدێڵێ و سەرهەڵدەگرێ
بەختی کچە کرێچییەکەی گوولبەهاریش لە دەوری سینیەکەی باوکم دەکرێتەوە
ڕەحیم ژنی دووەم دێنێ
باوکم گوێی عەبەی پینەچی تووند دەگرێت و
سووک پێیدەڵێ: نەک ببیستم جارێکی تر دەنگ لە ئاسکە بەرزکەیتەوە
لە پڕ باڕەيشێک هەڵدەکا و هەر کەس بۆ کونجی ماڵی خۆی
باوکم ئێستا
بۆ ئەوەی بژی، بۆ ئەوەی سینییە کۆنەکەی جارانی
تەنها نەبێ
هەموو شەوێک، تەنهایی دێنێتە ماڵ و
لە گەڵیدا، لە ژوورێکدا، پێکەوە دادەنیشن و
تا شەو دەنوێ، لە گەڵی دەدوێ
باوکم ئێستا لە ژوورێکدا،دەرسی تەنهایی دادەدا
فێری دەکات چۆن بتوانێ
لە مەملەکەتی جەدەلی چەند دەفتەر و
نەمانی پەیژەی سەربان و
سەکۆی بەرماڵی جاراندا
فێر بێ بژی و
زمانی خۆی، لەبیر نەچێ
باوکم ئێستا .....
20131110