خودایەک هەیە
بەهەشتێک هەیە
دڵنییام، دایکم لەوێیە.
...
شوێنێک هەیە
ئەگینا دایکەکان بۆ کوێ دەچن
مردن بەتاڵترین وشەیە
ئەبێ ناوەکەی بگۆڕین
بڵێین: سەفەر ڕۆیشتن بۆ شوێنێک
شتێکی وا
نزیک میهرەبانی خوا.
...
دایکم ئاوێکی سازگار بوو
هەستم بە تینیوێتی نەدەکرد.
دایکم گەرمی ژیانم بوو
هەستم بە هەناسەساردی نەدەکرد.
...
دایکم دەبینم لە خەوندا
دایکم دەبینم لە ڕۆژدا
دایکم دەبینم لە شەودا
لە باران و بەفرو شنەبا و
کازیوە و تەمدا.
...
دایکم هەم دایک و هەم باوکم بوو
دوای چڵ ساڵ بێ باوکی
هەستم بە بێ نازی نەکرد
لەگەڵ مردنی دایکمدا
وا دەزانم
هەزار ساڵە بەدبەخترین هەتیوم.
...
دایکم لە خەڵکی ئەم سەردەمە نەدەچوو
کە قسەی دەکرد دڵی دیار بوو
دایکم لەگەڵ میهرەبانی و دەردەسەری ڕۆژگارا یار بوو.
...
ژیانی دایکم سێ شت بوو بۆ ئێمە
ڕەنج و ...
وەفا و ...
خۆشەویستی
...
لە هەرکوێیەک بم
کە باران دەبارێ تەڕ دەبم بە سۆزی دایکم
کە خۆر هەڵدێ ڕوخساری دایکم دەبینم
لە شنەبای بەیاندا بۆنی هەناسەی دایکم دەکەم
...
خودایە ئەمە چ ئازارێکە
دایکم لە گۆڕدا ڕاکشاوە و
من بە شەقامەکاندا دێم و دەچم
دایکم لە گۆڕدایە و
من دەبێ بژیم
من دەبێ قسە بکەم، نان بخۆم
بخەوم ….
...
دایکم مانگای خۆشدەویست
بە شەنی سۆز، پوشی دەکردە خەرمان
بە قرچەی هاوین خەرمانی دەکردە
مەکینەی ئومێدەوە،و کای دڵنییایی دەهێنایەوە بۆ ماڵ
مانگای تێردەکرد و
شیرەکەی دەکردە ماست و بە پارەکەی خەرجی ئێمەی دەکرد
...
بڕوام نەبوو دایکم دەمرێ
چونکە دایکم هیچ بۆ خۆی نەژیا
لە پێناوی ئێمەدا
ژیانی خۆی لە بیرکرد
...
دایکم تەواو ئامادەی مردن بوو
هیچ نەما بۆمان نەکات
کچ و کوڕەکانی گەورەکردن و ...
نەوەی نەوەکانی لە ئامێزگرت
دایکم هیچ نەما بۆمان نەکا
کاری خۆی تەواو کرد
بۆیە مرد.
...
هەرچەندە بڕوا بە مردنی دایکم ناکەم
هەمیشە وەک سێبەرێک بە شوێنمەوەیە
ئەچەمە دەرەوە
دێمەوە ماڵەوە
هەراسانم
دەگریم
بێدەنگ دەبم
بیردەکەمەوە
دایکم لە دڵی مندایە و
منیش مردوویەکم
بە خەمباری دەژیم
...
لە گەڵ مردنی دایکمدا
دڵنیابووم
کە خۆشی و ئومێد و بەختەوەری هیچ نین هیچ
دڵنیابووم کە ژیان بۆ من هیچ مانایەکی نەما
دڵنیابووم کە دەبێت وەک مردوویەک بژیم
،...
دایکم دیار نییە و بەردەوام دەیبینم
لە ناو چاوەکانمدایە
هیچ ناڵێ و دەنگی دایپۆشیوم
...
هەموو ڕۆژێک کە لە خەو خەبەرم دەبێتەوە
یەکەم شت هەستی پێدەکەم
ئەوەیە کە دەزانم دایکم مردووە
دڵم دادەخورپێتەوە
توخوا کێ مردن شی دەکاتەوە
ئای دەرگایەکی چەن داخراوە
کلیلێک نییە تا بیکاتەوە
...