ژیان لە نێوان
ئەم دوو بەش بوونە
پارادۆکسێکی بێ سەر و بنە
دەمێك وەك نازدارێك بەرگپۆشم ده‌کا و
بە نەغمەی بچووکترین باڵدار و
بەوەتری بە سۆزترین ئاواز
دەمهێنێتە سەما
هەندێك جاریش نازداربوونی
خۆی لەبیر دەکا و
سەرسەختێکە و
بە هەرگیز دەڵێ (نا)
لە کۆچبەريی و نەسرەوتنم
لەم نێوانە
بەدووی جێپێکانی تۆ دەڕۆم
تا دەگەمە ئەو ڕاستيیەی
کە لە نێوان جیاوازیيەکاندا
کۆرپەی حەزەکان
جارێکی دی
لە دایك دەبێتەوە
گوێ لە دەنگی هەناسەت دەگرم
وردە وردە دووت دەکەوم و
لە تۆش وایە سێبەرێکم لەگەڵ ونبوونی خۆردا
لێت دووردەکەومەوە
لە لای منیش تۆ نیشتمانی و
بێ نیشتمانیم
لە تۆدا دەدۆزمەوە
................
پارادۆکسی ئەم خەیاڵەی من
ئازیزەکەم
زۆر ناسك بۆتەوە
هەندێك جار
بە دیار ئازاری وشکی پەڕەی گوڵێكه‌وه‌
دەتوێتەوە
بە بوونی خونچەیەکیش وەك به هارێك
دەبووژێتەوە
منێکی ئەگەری نێوان
دوو کلتوری جیاواز
بەراوردەکان لە نێوان
دوو ئاسۆی جیاواز
بە هێڵێکی سیمیتری و یەکسان
بەش بەش دەکەم و
تابلۆیەك دەنەخشێنم و
ئاسۆكان دةخوێنمه‌وه‌
دەڵێم بەڵکو لەیەکچوونێك
هاوشێوە بێ و
پێناسەیەکی نوێ بدۆزمەوە
لەم بەسەرچوونەم
لە نێوان ئێرە و ئەوێ
لە نێوان ئەوسا و ئێستای ئەوێ
لە نێوان هەستی من
و هەستی ئەوان
ئەم جیاوازيیانە
هێدی هێدی
پەرت پەرتم دەکه‌ن
منێك ڕۆژانە
بە دووی پارچە قووماشی ڕەنگاڵەدا دەگەڕێم
لە بوخچەی یادگاريی کراسە کوردیيەکانم
دەیاندۆزمەوە و
ڕۆژانە پینەی پەرت پەرتبوونی خۆمیان پێ دەکەم
پینەکان هێندەی دی ڕەنگاڵەم دەکه‌ن
جارێك بە ناوی خاتوو ڕەنگاڵە کلتوور
پاداشت دەکرێم
جارێکی دیش بەناوێکی بێ ناونیشان
ون دەبم و بەدووی خۆمدا دەگەڕێم
هەندێ جار
پەرت پەرت دەکرێم و
سزا دەدرێم
هەندێك جاریش وازدێنن و لە بیر دەکرێم
وازدەهێنم و وازناهێنم
بەدووی یەکبوونی پارچەکانم
دەگەڕێم و ناگەڕێم
خۆشی دەوێم و خۆشی ناوێم
دەڕۆمەوە بۆ نیشتمان
دەمێنمەوە لە هەندەران
بەردەوام دەبم و بەردەوام نابم
بەدووی خۆم دەگەڕێم
چیدی ناگەڕێم
کەواتە من کێم؟
هەندێ جاریش
لە ژێر بارانێکی سەرشێتا
خۆم دەشۆم و
نزایەك بۆ پاكبوونەوەی خۆم دەکەم
لەو گوناحانەی کە نەمکردوون
کە خۆم بە بەرپرسیاریان نابینم
لەو تەڕبوونەمدا
بیر لەگوناحی جێهێشتنم بۆ خاك و
بیر لە گوناحی بێدەنگیم
بۆگریانی خاکی وشک و هەڵکوڕوزاوی
ئەوێ دەکەمەوە
بیر لە نەزۆکبوونی هەموو
خۆبوونەکان دەکەمەوە
چەندە بیر لە نزایەك بۆ پاکبوونەوە
لە گوناحەکان دەکەمەوە
بیر لە سڕینەوەی
گەورەترین گوناحی
بەڵێی ژیانم دەکەمەوە
باران دەبارێ و دەبارێ
چەترەکەم هەڵناکەم
با بمشواتەوە
کاتێ دەمشواتەوە
بیر لەتاوانی بێدەنگيی خۆم دەکەمەوە
بۆ ئەو مامۆستایەی
فێری زمانی تووتی کردم و
مەدالیای ژیرێکی بێدەنگی
"دەبەنگی" پێ بەخشیم
باران دەبارێ,
با ببارێ
چەترەکەم هەڵناکەم
با ئەم بارانە بمشواتەوە
با لە گوناحی هەموو ساڵەکان
پاکم کاتەوە
با لە گوناحی بێدەنگییم پاكم بكاته‌وه‌
بێدەنگییم
بۆ ساڵى وشکی زەوی بۆ قومێ باران
گریانم بۆ بێدەنگیی لە تاوان
با ئەم بارانە بمشواتەوە
نە دەتوانم ئێستاکه
چێژ لە بۆنی بارانی ئێرە ببينم و
نە دەتوانم
بە ئامێزی گه‌رمی نیشتمان شاد ببمەوە
لە نێوان مەودای دوو جۆر خۆشەویستی
دەسوڕێمەوە
لە کاتێکدا
لە بوێريی و سەرشێتيی خۆشەویستی
ئەو سادیستە ڕادەکەم و
بەرەو مەودای
نەدرکاوی بێدەنگی ئەم عاشقە بێ دەنگەم
هەنگاو دەنێم
ڕۆژ بە ڕۆژ تۆزیك نزیكتر دەبمەوە
لەم مەودایەدا دەسوڕێمەوە
نە دەمەوێت بۆ ڕابردوو بگەڕێمەوە
نە دەشتوانم
لەگەڵ بێدەنگيی ئێستاشدا پەیمانێک
ببەستم
من لە ناو بوونی پارادۆکسێكدا دێم و دەچم
دەگریم وئازار دەچێژم
دەنگی چەپڵە و
وشە بریقەدارەکان
هەراسانم دەکه‌ن
نە ئەسپەکەم تاوداوە
بۆ پێکەوەژیان
نە چێژیش لەو پەرت بوونەم ده‌بینم
لە هەندەران
لێرە هاندان هه‌یه‌ بۆ پێکەوە ژیان
لەولاش جاڕدانی
بازرگانەکانە
بۆ پێناسەیەك بۆ نیشتمان
بۆ ئەمجارە لە تاراوگە
خەڵاتی دەستی پیرەدارەوان
تەنها داسێك بوو
بۆ وتاری ئاوارەکان
بەخەندەیەکی بۆرەوە
چرپاندی و گوتی
ڕۆژێك دا دێت خانمەکەم
لە رەگ بدەیت و
هەر بۆ ئەبەد بمێنیتەوە لەگەڵمان!
من لەو ڕۆژەوە
لە ئەگەرى نێوان ئەوان و ئەماندا
خولیای گەڕانمە
بەدووی پێكه‌وه‌ژیاندا
نە نیشتمانم دەربەدەرییم تیمار دەکات
نە لانە نوێيه‌کەشم
وەکو بەهارە
ڕەنگاوڕەنگەکەی ئەوێ
داڵدەم دەدات
لەو ڕۆژەشەوە
بە دووی پێناسەیەکی تردا دەگەڕێم بۆ ئاسوودەیی و ژیان
دوور لە مەرجی توانەوەی ئەمان و ئەوان!!