کاتەکان پێویستیان بە ئومێدی تازە هەیە. وەک دەریا کە هەمیشە پێویستی بە شەپۆلی تازە هەیە. وەک شەو کە هەمیشە پێویستی بە ئەستێرەی تازە هەیە. ڕۆژەکان پێویستیان بە تیشکی تازە هەیە. تیشک پێویستی بە ماڵی تازە هەیە ... وەک تۆ ئەزیزم ... وەک تۆ کە پێویستیت بە خەونێکی تر و بە نورێکی تر و بە بایەکی تازە هەیە
ئاسمان پێویستی بە باڵندەی تازە هەیە ... وەک ڕوناکی ... وەک ڕوناکی کەدەیبیینم پێویستی بە چرای تازە هەیە.
کەس پێویستی بەقەفەزێکی تر نییە، بەڵکو قەفەزەکان پێویستیان بەدەرگای تر و زنجیرەکان پێویستیان بە چەکوشی تازە هەیە. وەک تینوێتی تۆ ئەزیزم کە پێویستی بە ئاوێکی تر و بە گەروی تازە هەیە
هەوا پێویستی بە سینەی تازە هەیە. قفڵە دێرینەکان پێویستیان بە کلیلی نوێ و زیندان پێویستی بە دەرگای تازە هەیە
وەک تۆ ئەی کەشتی وێڵ .. وەک تۆ ... کە پێویستیت بەدەریای نوێ و بە بەندەری تازە هەیە
بڕۆ ئەی دۆست بڕۆ ... شوێنەکان پێویستیان بە مرۆڤی دیکە و شارەکان پێویستیان بە تیشکی دیکە و خەونەکان پێویستیان بە خەوبینی تازە و مەیدانەکان پێویستیان بە دەستی تازە هەیە
وەک تۆ ... هاوڕێم ... وەک تۆ
کە چاکە لێرەوە نەڕۆیت گەر نازانیت.. ڕێگا پێویستی بە ڕێبواری تازە و گەروو پێویستی بە هاواری تازە و ڕۆح پێویستی بە هەوای تازە هەیە

 

۹ - ۳ - ۲٠۱۱
 
-----------------------------
سەرچاوە: http://bachtyar-ali.blogspot.dk