ئەی دەریا، تۆ بە ئەندازەی گوڵی درۆزنی ئەم شارە ماسی درۆزنت هەیە؟ پێمبڵێ، وەک چۆن شەقامەکانی ئەم شارە درۆیان لەگەڵ مندا کرد، تۆش درۆ لەگەڵ کەشتییەکاندا دەکەیت؟ وەک باغەکانی ئەم شارە ئاخۆ پڕیت لەو پیاوانەی سێوی درۆ دەخۆن؟ وەک هەیوانەکانی ئێرە پڕیت لەو میوانانەی حەزیان لە بەیانیانی درۆ و بەرچاییە بە پەرداخێک لە شیری درۆوە؟
من تێربووم لە سەیرکردنی بورجی درۆ، باغی درۆ
من تێربوم لە سەیری سوارچاکانی درۆ لە جەنگی درۆدا
تێربووم لە سەیرکردنی ماسی درۆ لە ناو حەوزی درۆدا
ئەی جەنگەڵ، تۆ بە ئەندازەی ئەم کوچەیەی ئێمە، هێلانەی درۆت هەیە؟ وەک ئەم کۆڵانەی ئێمە، هێلکەی درۆت خستۆتە ژێر کۆتر؟ پێمبڵێ ئەی جەنگەڵ، بای درۆ ڕۆژی چەند جار هەڵدەکات؟ شاعیرانی درۆزن چەند دیوانیان لە ستایشی خەزانی درۆدا نوسیوە؟ ئەی جەنگەڵ نامەوێت بە سنەوبەری درۆدا بێمە خوارێ و بە سەروی درۆدا سەرکەوم، پێمبڵێ دەتوانم، بەم هەموو ڕاستییەوە هەڵبێم و لە لای تۆ بمرم… مردن لەم شارەدا بۆتە درۆ، ئەی جەنگەڵ، نامەوێت بەدرۆ بمرم.
من تێربووم لە سەیرکردنی گەشبینە درۆزنەکان، غەمخۆرە درۆزنەکان، دڵسۆزە درۆزنەکان.
وەڕزبووم لە مەرهەمی درۆ لە ئەجزاخانەی درۆدا
تێربووم لە ئیمانی درۆ لە ژێر منارەی درۆدا
ئەی شاری درۆ، ئاسنگەرەکانت ئاسنی ساردی درۆ دەکوتن، داربڕەکانی تۆ، بەدرۆ تەور لەم باغە خەیاڵییە دەدەن. مەستەکانی تۆ بەدرۆ لە مەیخانەدا شەرابی درۆ دەخۆنەوە. فەرمانبەرانی تۆ، تاپۆی درۆی ئەم کێڵگانەیان پێیە. باجگرانی تۆ، بە قەپانی گەورە خەرمانی درۆ دەکێشن… دانەوێڵەی لە درۆدا ڕەش دەخۆن...دەغڵی سووتاو لە درۆدا...
گەنمێک نانی درۆمان دەداتێ… تێشووی درۆ لە نانی جۆ… هەرزن کە باڵندەی درۆ دەیخوات… 'کا' کە بای درۆ دەیهێنێت… پوش کە بای درۆ دەیبات.
ئیدی بەسە، بە ناو درۆی ئەبەدی ئێواراندا پیاسەکردن. پێکەنین بۆ ساقییەک وەعدی بادەی درۆمان پێدەدات. کچێک کە وادەی ژوانی درۆمان دەداتێ. سەعاتی درۆ کە ڕۆژی درۆ دەپێوێت، نەخشەی درۆ کە لەسەر خاکی درۆ دەڕوات، فێنکی درۆ کە بەیانیانی باغ بە مسقاڵ دەیفرۆشێت، گوێگرتنی ڕۆژانەم لە بێستان کە پڕبێت لەو میوانانەی حەزیان لە بەیانیانی درۆ و بەرچاییە بە پەرداخێک لە شیری درۆوە؟
من تێربووم لە سەیرکردنی بورجی درۆ، باغی درۆ
من تێربووم لە سەیری سوارچاکانی درۆ لە جەنگی درۆدا
تێربووم لە سەیرکردنی ماسی درۆ لە ناو حەوزی درۆدا.

 
 
---------------------------
سەرچاوە: ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن، ئەندێشە، 2009.