هەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم: بۆچی وەها دوورن لەیەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین... پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
دەرکەوتایە: مانای مەنگی دەریایی، کە نەرمەبا لە ڕووی ئەدا ئەسپایی
دەرکەوتایە ئەو دنیایەی کە شیعری بێ فرمێسکە و زۆرتر لە فرمێسک ئەگری
زەردەخەنەی بێ ئاوێنەی دەم و چاو تیژگێک ئەدا ڕووناکترە لە هەتاو!..
بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە
لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن!..

 

نووسینەوەی لە دیوانی گۆران ەوە