بیرته‌ كاتێ‌
قاوه‌كه‌ت بۆ ده‌گرتمه‌وه‌
به‌ ده‌نگێكی كز پێت وتم:
تۆ کەسێکی تێکشكاوی سەرگەردانی
لە خەونیشدا نائارام و نیگەرانی
تەمەنێکە
هەرچی خەون و خۆزگەت هەیە
کەسێک گڕی تێبەردەدا و
دەیسووتێنێ
تۆ لە کوێ بیت ئەویش لەوێ سەردەردێنێ
ببیت بە ئاو، دەبێت بە بەرد
تۆ هه‌ڵوه‌دای دوای ده‌رمان بیت
ئه‌و زۆر خێرا ده‌بێت به‌ ده‌رد
باڵندە بیت، باڵت دەکا
له‌ كاتی خه‌یاڵكردندا
ده‌ستكاریی خه‌یاڵت ده‌كا
بیرته‌ وتت:
ئەو کەسە قه‌ت
بێزار نابێ لە کوشتنت
لە تەفروتوناکردنت
لە ڕاونانت
دەیەوێت بەو دەستانەی خۆی
هەڵیکێشێ ڕەگی گیانت
بیرت ماوه‌
کە سەیری بنی فنجانی قاوەکەت کرد
وتت: ئەها ئەوە وێنەی ئەو کەسەیە
کە ژیانی تۆی لەت لەت کرد؟
وەرە پێشێ با تۆیش وێنەکەی ببینی
کە سەیرم کرد
وتم كوا من هیچ نابینم
به‌ڵام نه‌خێر، به‌ درۆم بوو
وێنەی بنی فنجانەکە، وێنەی خۆم بوو
٢٠١٦