جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر

جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە ھەموو ڕاھی پڕ خەطەر
ئەی میروەحەی جەمالی مەھاسایی دولبەران
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیم بەر
جاڕووکەشی مەنازیلی جانان لە خەڵوەتا
فەڕڕاشی فەڕشی بەھاران، لە دەشت و دەر
ماڵش دەدەی بە دەم لە دەمی خوابی صوبحدەم
ھەم زوڵفی قیرگۆنەو و ھەم چیھرەیی قەمەر
باریی بە سروەکەت بە شنەی ئەنگەبینی، گەز
گرتوویە جونبوشت بە ھەم ئاغۆشی نەی شەکەر
وەقتی طەوافی عاریضی دولبەر، شنۆیی تۆ
لەغزش دەخا بە طوڕڕە لە سەر تا بە پێ کەمەر
کەی دێتە خەندە غونچە، دەمی، بێ وەزیدەنت؟
گەر تۆ نەبی درەختی چەمەن ناگرێ ثەمەر
ئیحیاکونی جەمیعی نەباتاتی عالەمی
ڕەعنا گوشا لە تەربییەتی قامەتت شەجەر
ئابی حەیات و ئاتەشی ئەفسوردەیە دەمت
تەحریکی تۆیە گڕ لە تەنوورا کە دێتە دەر
میحنەت ئەوەندە زۆرە، دڵم ھێندە تەنگ بووە
دوودی ھەناسەکەی سەحەرم ھەوری گرتە بەر
ھیممەت کە چابوکانە بە ئیجرایی مەطڵەبم
لەم سەر بڕۆ وەکوو بەرید و لەوێ بێ وەکوو تەتەر
بۆ موڵکی شامە نامەیی من سوویی 'نالی'یە
ھەر حەرفی ئەو لە وەضعی ویلایەت دەدا خەبەر
پرسیویە ظاھیرەن لە ڕەفیقانی یەک جیھەت
ئەحواڵی ئەهڵی شەھر و ڕەفیقانی سەربەسەر
لەوسایەوە کە حاکیمی 'بابان' بە دەر کران
نەیدیوە کەس لە چیھرەیی کەس جەوھەری ھونەر
تا بوو بە جایی مەطلەعی خورشیدی بەختی ڕۆم
سووتا گیاھ و تەشنەو و خوشکیدە بوو ثەمەر
ناکەن ھەوایی ھیچ کەبابێ زەلیلی شەھر
بوریانە بەس لە ناری غەما پارەیی جگەر
جوز گاھ گاهی ئاھ و ناڵە لە ئەییامی ڕۆمییان
نەمدیوە وا ببێ لە عەدالەت لەبی بەشەر
'سەیوان' پڕە لە شەخصی ستەمدیدە خوار و ژوور
ھەر قەبری پڕ غەمانە لە ھەر لا دەکەم نەظەر
جێی تورکەکانی ڕۆمە دەر و ژووری 'خانەقا'
غافڵ ھەموو لە جایی موریدانی با خەبەر
ئەو حەوضە پڕ دەبوو کە وەکوو چاوەکانی تۆ
تەغییرە ئاوی وەک دڵی مەردانی پڕ کەدەر
سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری 'سەرچنار'
لێڵاوە چەشمەساری وەکو چاوی بێ بەصەر
ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو
یەکسەر مەقامی ڕۆمییە ھەروەک تەھی سەقەر
زستانی ئەووەڵین بوو دڕا بەرگی 'شێخ ھەباس'
ڕۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخصیش دەخا ضەرەر
وەک پیری ساڵ‌خوردە، خەمە، داری 'پیرمەسوور'
مەشغووڵی لەغزشە ھەمە جا، پایی تا بە سەر
ئەو بەردەکانی ناوی نرا قصنی شەخصەکەی
دایان بە شاخی دارەکەیا تورکی بێ ھونەر
وەک چاوی بێ غەمانە ھەموو 'شیوی ئاودار'
بەس موشکلە لە چەشمەیی ئەو قەطرە بێتە دەر
ئەوسا مەکانی ئاسکە بوو کانی ئاسکان
ئێستە لە دەنگ و ڕەنگیی ڕۆمی پڕە لە کەر
تا دوزدی وەقتی نیمەشەبن تورکی بێ نیظام
دوزدن ھەموو لە خەرمەنی مونعیم وەکوو شەرەر
شارێکە پڕ لە ظوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ
ئەمڕۆ فەضایی بازیگەھی جایی ڕەھزەنە
لەو دەشتە دێ لە غەیبەوە ئاوازی 'الحذر'
سەربانی پڕ لە گەژدوم و دیواری پڕ لە مار
کۆڵانی پڕ لە ڕەھزەن و صەحرایی پڕ خەطەر
دڵ نایەڵێ بڵێم چییە سامانی حوجرەکەت
ھەر تاری عەنکەبووتە حیجابی بیرون و دەر
نایێ صەدا لە پەنجەرەکەی جوز فوغانی جوغد
غەیرەز شەقامی موور نییە شوێن و پێ گوزەر
تو خوا بڵێ بە حەضرەتی 'نالی' دەخیلی بم
بەم نەوعە قەط نەکا بە سولەیمانییا گوزەر
'سالم'صیفەت لە بێ کەسییا با نەبێ ھیلاک
من کردم، ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی ھەدەر
ئەم موڵکە نەظمی نابێ بەبێ ضەبطی واریثی
بێ ئەو بە قەصدی ئەم طەرەفە با نەکا سەفەر

 
------------------
سیمبەر: لەش زیو، جاڕووکەش: گەسک لێدەر، ئەنگەبین: هەنگوین، هەم ئاغووش: هاوبەش، ئەفسووردە: ژاکاو، تووشنە: تینوو، خوشکیدە: وشکبوو، جوز: بێجگە، چەشمەسار: سەرچاوە، ڕەهزەن: جەردە، بیروون و دەر: ژوورەوە و دەرەوە
 
تێبینیی: لەبەر خراپیی ئەو چاپەی دیوانەکەی سالم کە لەبەر دەستمانایە، لە دیوانی 'نالی'یەوە نووسراوەتەوە. جێگای باسە کە دەقەکە لەم دوو سەرچاوەیەدا لە زۆر جێدا جیاوازن.
'ماڵێک لە ئاسمان'