هەموو جارێك ترسێكی گەورەم هەبووە لەوەی بتوانم خوێندنەوەیەك بۆ ڕۆمانێك بكەم و نەتوانم مافی خۆی بدەمێ، قسەكردن لەسەر ڕۆمانێك دەبێت هێندە ورد بێت كە كاتێكی زۆر بۆ لێكۆڵینەوەی تەرخان بكەیت و دواتر بەدرێژی لەسەری بدوێیت.
چەندین ڕۆمان هەبووە خۆشمویستوون و هیواداربووم لەسەری بنووسم بەڵام وەك لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ كرد هەمیشە هەمان ترسی سەرەوە رێگای لێ گرتووم و لە بری خستنە سەر كاغەز لە قوڵاییەكانی دڵما بۆ هەمیشە هێشتومەتەوە.
ئەمەش خوێندنەوە نییە هێندەی ئەوەی چەند هەستێكی خۆمە دوای خوێندنەوە بۆم دروست بووە  كە بۆ یەكێكە لەو تازەترین ڕۆمانانەی كە تازە كەوتۆتە بازاڕەوە و زۆر بە چێژەوە خوێندمەوە رۆمانی ( دڵێك بۆ مارییا) یە كە (گرێتێلسە هۆڵم) نووسیویەتی و (نەوزاد باراوی) لەسودییەوە كردویەتیە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاویكردۆتەوە.
نووسەری ئەم رۆمانە خەڵكی دانیماركە و ساڵانێكی زۆر خەریكی كاری رۆژنامەنووسی بووە، هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهانی زۆر بەناوبانگ نییە وبڕواش ناكەم بەرهەمی دیكەی كرا بێت بەكوردی جگە لەم بەرهەمە بەڵام ئەم ڕۆمانەی دەكرێت بە یەكێك لە بەرهەمە جوانەكان ناوزەد بكەین.
مارییا كچێكی چواردە ساڵانە و پێویستی بە دڵێك هەیە بۆی دابنرێت، ئەم نەخۆشییەش وەهای لێ كردووە هەمیشە لە ژێر چاودێری دایك و باوكی و تەنانەت پزیشكەكان بێت.
مارییا سەرەڕای ئەوەی چاوەڕێی دڵێكی دیكەیە كەچی هەمیشە دەست لەیەخەی ژیان ناكاتەوە و لە شەڕكردن لەسەر بەها جوانەكانی وەك خۆشەویستی و دادپەروەریی و ئاشتیی و پێكەوەژیانی  كەسەكان كۆڵ نادات.
باوكی مارییا كە كاری فیتەری دەكات هەمیشە بە دەگمەن قسە دەكات و دڵیشی پڕیەتی لە خۆشەویستی، دایكی مارییاش كە پاكوتەمیزی توشی نەخۆشی دەروونی كردووە هەمیشە لە خەمی پاككردنەوەی ماڵەكەیدایە.
جەنگی مارییا جەنگكردنە لەگەڵ كاتدا، دەیەوێت لە رێگا نووسینەوەی یادەوەرەییە رۆژانەییەكانی خۆیەوە بۆ خوشكە یەك ساڵانەكەی پێمان بڵێت هەرچەندە مردن نزیكتر بێتەوە و من دڵێكی دیكەم دەست نەكەوێت من زیاتر شێلگیرترانە دەبم بۆ ژیان، من لەبری دڵی كەسێكی دیكە دڵی كەسێكی دیكەم دەوێت!.
كتوپڕ ماركۆس دەناسێتـ، ماركۆس كە بە (تاوانبارەكە) ناسراوە و پێشتر تۆمەتی دیكەی بەسەردا ساغبوەتەوە و هێشتا پانزەساڵی پڕ نەكردۆتەوە لە كۆپنهاگنەوە دێت و سەرلەنوێ دڵێكی دیكەی پێ دەبەخشێت.
ماركۆس رۆژێك خۆی دەكات بە ماڵی مارییا بۆ ئەوەی هەندێك پارەی بۆ سەفەر دەستكەوێت و ئەو شارە بەجێبهێڵێت، چەكمەج و سەررەفەی مێزەكان دەگەڕێت، مارییا كە پێی دەزانێت پێی دەڵێت مەگەڕێ جگە لە ئاگاهێنەوەیەك بۆ ئەوەی هەركاتێك دڵێكی نوێم دەستكەوت زەنگ لێ بدات هیچی دیكەی لێ نییە.
پاشتر لەقوتابخانە مارییا عاشقی ماركۆس دەبێت و لەنامەیەكدا هەستی خۆی بۆ دەردەبڕێت.
هاوتەریب بەنزیكبوونەوەی مەرگی مارییا عەشقیش تا دێت پەرە دەسێنێت.
مارییا سەرەڕای نەخۆشی و عەشقەكەشی كەچی كاتێك مامۆستاكەیان كە بە گرێبەست دامەزراوە لەسەر ئەوەی چەپخوازە و پشتگیری كۆچبەران و داوای ئاشتی و ئازادی دەكات لە كارەكەی دووردەخرێتەوە لەگەڵ هاوڕێكانیاندا خەریكی كۆكردنەوەی ئیمزا و نارەزایی دەربڕینە دژی ئەو كارە.
ئەم رۆمانە سەرەڕای ئەوەی رۆمانێكە پڕە لە عەشق پڕپڕیشە لە خەباتكردن بۆ مافی كۆچبەران و جیاوازینەكردن لەن ێوان هاوڵاتیانی دانیماركی و كۆچبەران كە هەندێك كەس وەك (قەشە)ی شارەكە بە مەترسیان دەزانن چونكە زۆربەیان موحەمدین و داهاتوی دانیمارك دەخەنە مەترسیەوە.
ئەم رۆمانە رۆمانێكە بۆ گێڕانەوەی خۆشەویستی و دوركەوتنە لە سێكس لەو تەمەنەدا هەر بۆیە كاتێك مارییا و ماركۆس شەوێك پێكەوە دەخەون و ئاننا و عومەریش لە ژورێكی دیكەدا دەخەون دواتر مارییا بە ئاننا دەڵێت (من و ماركۆس جوتبوونمان نەبووە!)
ئاننا دەڵێت (ئەی خەریكی چی بوون؟) مارییا دەڵێت (ماچمان كرد و دوایش نووستین).
ئەمە لەو شەوەدا ڕوی دا كە هەموو شتێكی تیادا قڵبویەوە و ریتمی رۆمانەكە و ژیانی مارییاش دەگۆڕێت.
رودواوەكەش بەم شێوەیە بوو: باوك و دایكی مارییا بریاردەدەن بڕۆن بۆ شارێكی دیكە و بۆ ئەوەی مارییاش بەتەنیا نەبێت ئاننای هاوڕێی لەلا جێدەهێڵن، مارییاش هەرچەندە (خۆی بەتاوانبار دەزانێت كە بەدایكی نەوتووە) بریار دەدات ماركۆس بانگ بكات بۆ ماڵ خۆیان، ئانناش كە بەدزیی ماڵ خۆیانەوە عاشقی كۆچبەرێكە بەناوی عومەر ئەویش بانگ دەكات بۆ ماڵی مارییا.
شەو دواتر كە هەریەكەیان دەرۆنە ژوورێكەوە كتوپڕ درەنگانێك دایك و باوكی مارییا بەهۆی ئەوەی كچە یەك ساڵانەكەیان توشی سورێژە دەبێت دەگەڕێنەوە هەمویوان لە ناو جێگادا دەگرن.
هەر ئەو شەوە دایك و باوكی ئاننا كە خۆیان بە پێشكەوتنخواز و بەرپاكەری شۆڕشی سێكسی دەزانن ئاننا بە زللە دەبەنەوە و دایك و باوكی مارییاش عومەر دەردەكەن.
دواتریش دایكی مارییا دەروات بۆ لای ماركۆس و دەڵێت ئەم شارە جێنەهێڵیت لای پۆلیس شكات دەكەم، ئیدی سەرلەنوێ دڵەكەی مارییا نەخۆش دەكەوێت و چەند رۆژ دواتر بریار دەدات دوای رۆشتنی ماركۆس ئەمیش بڕوات.
بەڵام دڵی هێندە بواری پێ نادات زۆر دووركەوێتەوە و كاتێك بەئاگادێتەوە لەنەخۆشخانە دایكی و باوكی بەسەریەوە وەستاون........

جوانی ئەم رۆمانە زمانە سادەكەی و پرسیارە قووڵەكانیەتی ، بەراستی ئەم رۆمانە رۆمانی مێردمناڵانە
من خۆم تەمەننام دەكرد لە مێردمنداڵیمدا بمخوێندبایەتەوە بەڵام حەیف! هەرچەندە تام وچێژێكی تایبەتی هەیە بۆ گەورەكانیش، ناكرێت ئەوەش لەبیربکەین زمانی وەرگێڕانەكەی زمانێكی جوان و خۆش و سەركەوتووە.
ئێمە دەبێت لەبری ئەوەی داوای دڵێك بكەین بۆ مارییا هەق وایە ئەم رۆمانە بخوێنینەوە بەدوای دڵێكی نەخۆشی وەك ئەوەی مارییادا بگەڕێین بۆ هەمووان.!.