داگیرکردنی تاریکی
بەختیار عەلی
ڕانانی: بەکر ئەحمەد

20210103

کاتێک (تشارلی مارلۆ)ی پالەوانی "دڵی تاریکی" (جۆزیف کۆرنارد) لەسەر کەشتی هەڵمینی "یاوڵین"، بە ناو ڕووباری کۆنگۆدا بەڕێوەیە بۆ وێستگای سەرەوەی کۆمپانیای کۆڵۆنیاڵی یەکێک لە کۆلۆنییە ئەوروپییەکان، ئەو مەبەستییەتی چاوی بکەوێ بە نوێنەری کۆمپانیاکە کە میستەر کۆرتزە و لەوێ نیشتەجێیە. بەڵام وردە وردە هەست دەکات کە شتەکان لەشوێنی خۆیاندا نین. لەوێ چی دەگوزەرێت و چی دەکرێ، دەبیتە کرۆکی  وەسفکردنی کۆرنارد بۆ ئەم سەفەرەی کە لە کتێبێکی بچووکدا، گۆشەیەکی کەمی ئەم کۆلۆنییالیزەکردنەی بەشێکی ئەفریقامان نیشان دەدات.   
"دڵی تاریکی" بە یەکێک لە کلاسیکە گەورەکانی ئەدەب لە قەلەم دەدرێت بۆ نیشاندانی جومگەیەکی بچووکی پرۆژەی کۆلۆنیالیزم لە کۆنگۆدا. پرۆژەیەک کە لەسەر دەستەمۆکردن و بنبڕکردنی  "ئەوی دی" کێویە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپای سپی و شارستانیدا نیشتەجێیە، تا بە پێی تێڕوانینەکانی پیاوی سپی، دەستەمۆ بکرێ و بکرێتە کەسێکی شارستانی.      
میستەر کورتز:" پاڵنەرێکی سەرەکی هەیە کە ڕق و ئاروزووە لە بەرانبەر ئەوی دی کێوییدا. ئەو  نزیکی خۆی  لەگەڵ دانیشتوانی خۆماڵی ناوچەکەدا وەک ئاکتێکی سێکسی سەیر دەکات و تەنانەت سنوورەکانی ئارەزوویەکی ڕێپێدراوانە دەبەزێنێ. ئەو بەرلەوەی سەفەری کۆنگۆ بکات، لە وتارێکدا دەنووسێ کە چۆن پیاوی سپی دەتوانێ ژیانی ئەفریقا و هاولاتییەکانی بگۆریت. بەڵام لە دوا بەشەکانی ڕۆماندا، پێشنیارێک بۆ میتۆدێک دەخاتە بەردەم. میتۆدەکەش هیچ نییە جگە لە سێ وشە:  Exterminate all the brutes. . بە کوردی: هەمو شەیتانەکان بنبڕ بکە!" (1)
"سڤێن ڵیندکڤیست" لە کتیبە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە هەمان ناونیشانی پەیامەکە سێ وشەییەکەی میستەر کورتزی کۆرناردە لە دڵی تاریکیدا، جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پرۆسەی هۆلۆکۆست لە ئاوشویتزەوە دەست پێ ناکات و ئەم تێروانینە بۆ ئینسان کە لە کوورەکانی ئینسانسووتاندندا جێی بۆدەکرێتەوە، قووڵ بە مێژووی ئەوروپادا ڕۆچووە. 
بە کورتی: "دڵی تاریکی" کۆرنارد، نیشاندانی دید و تێروانینێکی ڕاسیستی کۆلۆنیالیستەکانە لە بەرامبەر ئەوی دیدا، ئەوی کێوی، ئەوی ناشارستانی کە من لە خوێندنەوەمدا بۆ (داگیرکردنی تاریکی) بەختیار عەلیدا پێویستم دەبێت. 

 

"بەختیار عەلی" لە (داگیرکردنی تاریکی)دا  (2) وەک جۆزیف کۆرنارد، ئەم پرۆسەی سەرنجدانە "لەوی دی" لە شوێن و جوگرافیایەکی دیکەدا دەکاتە تەوەری یەکێک لەو ڕۆمانە گرنگانەی کە پرسی کەمایەتییەکی ئەتنی و کۆشش بۆ سڕینەوەی شووناسی ئەو لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی نوێدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستی تورکیادا، بە هەمان پێوەرە ئایدیۆلۆژییەکانی میستەر کورتزەوە، دەخاتە بەردەستی خوێنەر. بە کورتییەکەی: ئامادەیی پرۆژەیەکی "ڕاسیستی زانستی" بۆ ماڵییکردن و دانانی "ئەوی دی" یان ڕاستتر "ئەوانی دی" لەودیو سنوورەکانی پێکەوەبوونێکی کۆمەلایەتیدا کە دروستکردنی جمهورییەتی تورکیای نوێ دەیهێنێتە پێش. بە بڕوای من، ئەم گۆشەنیگایە بۆ سەرنجدان لە کەیسی کوردەکان لە تورکیادا وەک ئەوەی لە "داگیرکردنی تاریکی"دا نیشان دەدرێ، دیدێکی تازەیە و دەچێتە دەرەوەی ئەو تێروانینە باوەی کە لەسەر ناسیونالیزمی کوردە. ئەم خاڵە دەکرێ وەستانی زیاتری لەسەر بکرێت و ڕوونکردنەوەی زیاتر بەشوێن خۆیدا بێنێ.    
ئەمجارەیان "تاریق ئاکانسۆ" دەبێتە جێگرەوەی "میستەر کۆرتز" و خۆرهەڵاتی تورکیاش دەبێتە ڕووباری کۆنگۆ. بەڵام سەفەر هەر هەمان سەفەرە و دوا ئامانجیش هەر هەمان  شت.

بورجی بابل
"هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.
ئینجا بە یەکتریان گوت: وەرن با خشت دروست بکەین و تەواو سووری بکەینەوە. ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان : وەرن با شارێک بۆ خۆمان دروست بکەین لە گەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروست دەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین. بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لە لایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن  با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین. بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات. ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیاتنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناو نرا بابل. چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرتی کردن" (3)  
ئەمەی سەرەوە یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی تەوراتە لە پەیوەند بە دروستکردنی بورجی بابلەوە. لەم چیرۆکەدا خوا پەیوەندییە زمانەوانیەکانی نێوان ئینسان دەشێوێنێت و "بەلبەلە" دەخاتە نێوان ئاخاوتنیانەوە تاکو لە یەکتری تێ نەگەن. بە مەبەستی، وەک لە تێکستەکەدا ئاماژەی پێ دەکات، بڵاوەپێکردنیان و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی دیکەدا تا فرەزمانی و دروستکرنی تیرە و قەبیلەی جیاوازتر بێتە بەرهەم. بێگوومان ئەمە لەبەر ڕۆشنایی تێکستێکی مێژووی نووسراودا کە لە پیرۆزی ئاینەوە دەئاڵێنرێت. 
بەڵام چەندەها سەدە لە دوای لافاو و نیشتنەوەی کەشتی نوح وەک دەڵێن لە کێوی "ئارارات" و بلاوەپێکردنی خواوەند بۆ ئینسانەکان کە لە ئێستادا بە زمانی جۆراوجۆر قسە دەکەن، لە ڕۆژگاریكی واهیدا، دەسەڵاتێکی سیاسی دێت و ئەم ڕیسەی خواوەند دەکاتەوە بە خوری و بە نیازە دۆخەکە بگێڕیتەوە بۆ ئەو زەمەنەی یەکزمانی باڵی بەسەر زەویدا کێشا بوو. 
"داگیرکردنئ تاریکی"، چیرۆکی کۆششی دروستکردنی یەک زمانییە لە تورکیای کەمالییەکاندا لە ڕێگەی لێسەندنەوە و بیربردنەوەی زمانی کوردییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لەم وڵاتەدا. 
ئەوەتانێ ڕێک لە مایسی ساڵی 1945دا، "تاریق ئاکانسو"، یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکییەکانی (داگیرکردنی تاریکی) بە مەئمورییەتێکی تایبەتی لە ئەستەنبوڵەوە ڕەوانەی باشووری خۆرهەلاتی تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی، یەکزمانی بکاتەوە بە ئامرازی ئاخاوتنی تیرە و قەبیلە جیاوازەکانی مەملەکەت.    
ئەو بەرلەوەی بێت: " چاوی بەسەرۆک کۆمار عیسمەت ئینۆنۆ کەوتبوو، دانیشتنێکی درێژ و داخراوی لەگەڵیدا سازکردبوو، فەرمان و هێزی لێ وەرگرتبوو زمانی تورکی لە هەموو خۆرهەلات و باشووری خۆرهەلاتدا بچەسپێنێت. " 
تاریق ئاکانسۆ بە وەرگرتنی ئەم مەئموریەتە تازەیەی، بەرپرسیارێتی وەک بەڕێوەبەری لیژنەی ئەمنیەتی زمانەوانی کۆتایی پێ دەهێنێت. ئەو لە کارە کۆنەکەیدا وەک فەرمانبەری لیژنەکە، فەرمانی بوو لە "ڕێگای پاککردنەوەی زمانی تورکییەوە لە هەموو وشەگەلێکی بێگانە، زەمینە بۆ دروستکردنی وڵاتێک ساز بکات، ڕەگەزێکی سافی تورک تێیدا نیشتەجێ بێت ، بێ هیچ ڕەگەزێکی تێکدەر و خوێنی پیس و عەقڵێکی جوداخوازانە."
ئەو کاتێک لە ئەستەنبوڵەوە بەڕێ کەوتبوو، بەو هەست و زانیاریانەوە هاتبوو کە : " لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە سەختەکانی خۆرهەڵاتی تورکیادا هێشتا ئەو خێلانە دەژین کە گەشە و ئیرتیقای تەواویان نەکردووە. " 
فێرکردنی ئەم خێڵە نیشتەجێبووانەی خۆرهەڵاتی تورکیا بۆ شارستانی نوێ و ئیرتیقاپێدانیان، ئەو هێڵە سوورەیە کە بە جەستەی ئەم ڕۆمانەدا دەچێتە خوار و لەگەڵ چوونەپێشەوەی ڕووداوەکاندا، ئەم دیدە ڕاسیستییەی ئاکانسۆ ڕۆشنتر دەبێتەوە و خوێنەر هەستی پێ دەکات. 
ئەوەتانێ، "عەدنان عاریف پاشا" لە دانیشنێکی هاوڕێیانەدا لەگەل ئاکانسۆدا، پێی وایە هەر بەتەنها سڕینەوەی زمانی جانەوەرەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا کۆتایی بە گرفتەکە ناهێنێ و بەڕوونی ئەو پەیامەی بۆ دەردەخات:" گەر دەتەوێت خۆت و منداڵەکانت لەم مەملەکەتەدا گیان بە باشی دەر بکەن ،ئەوەیان تێبگەێنە، پیشانیان بدە دیوارێکی ئەستوور لە نێوان ئێمە و ئەواندایە، دیوارێک دەبێ هەتا هەتایە بمێنێتەوە. هاتووم پێت بڵێم متمانە بە کەسیان مەکە،..... یەک یاسای دیکەش ڕەچاو بکە ، یەک شتی دیکەش بزانە، ئەمانە خۆیان چین شتێکی ترە، خۆیان مارن، دووپشکن، پشیلەن، کەروێشکن، کۆترن گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆ دەبێ وەک جانەوەر تەماشایان بکەیت. تاریق ئاکانسۆ! فریو نەخۆیت، ئاگاداربە، جانەوەر دەستەمۆ ناکرێت، جانەوەر ڕاو دەکرێت. " 
لەپاڵ ئەم ئامۆژگارییەی عەدنان پاشادا، ئیتر ئاکانسۆ دیدە فاشیستیەکەی خۆی بە ئاستێکی باڵاتر دەگەێنێت و ڕاسیزمێکی پەتی دێتە ناو دیدگا و هەڵسوکەوتی ئەوەوە. چیرۆکی ڕاوشکاری ئاکانسۆ و گرتنی پڵنگی تینوو ورچی هەکاری بۆیە دێتە ناو داگیرکردنی تاریکییەوە و جێگایەکی تایبەتی لە هەڵسوکەوتی پاڵەواندا داگیر دەکات، چونکە ڕاسیزمی ئاکانسۆ پێویستی بەسەرنجدان "لەوی دی" هەیە وەک کێویەک، وەک دڕندەیەک یان "ئەوی دی کێوێ" کە لە ئینسانییەت خراوە، تاکو سنوورەکانی نێوان ئەمی شارستانی و ئەوی کێوی هەمیشە بە تۆخی بهێڵرێتەوە. پەیامێک کە تا کۆتایی ڕۆمان ئاکانسۆ وەفاداری دەبێت. 
لێرەوە ئیتر بە تەنها سیاسەتی تواندنەوەی کوردەکان لە ناو دەسەڵاتی تورکیای ناو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکدا، قەدەغەکردنی زمانەکەیان و تورکاندنییان، ئەوان ناکاتە هاوڵاتییەکی تورک، بەڵکو هەمیشە ئەوانی کێوی کە دەکرێ بە زمانی تورکیش بپەیڤن، هەڕەشەیەک بن و دەبێ ڕاو بکرێن. 
ئامادەیی ئەم ترسە گەورەیە کە بە ماڵیکردنی نێچیرەکەیشی ڕازی نییە، بە ڕۆشنی ناونیشانی داگیرکردنی تاریکیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئیدی دەبێ ئەو ڕووبەرەش لە تاریکی داگیر بکرێت کە دڕندەکان تیایدا ئازادن. ئایا کارێکی وا دەکرێ ئەنجام بدرێت، پرسیارێکە و خوێنەر خۆی دەتوانێ لە دووتووێی ڕۆمانەکەدا بەشوێنییەوە بێت. 

بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا،  زەمەنی ئەم ڕۆمانە دابەش دەکاتە بەسەر دوو هێڵێ زەمەنی جیاوازدا کە لە 12ی تەمووزی ساڵی 1977وە دەست پێ دەکات و خوێنەریش لە چوونەناوەوەی ڕووداوەکانی دوای ئەم مێژووەوە ئاشنای مێژوویەکی دیکەی پاڵەوانە سەرەکییەکانی دیکەی ڕۆمان دەبێت کە سەروکارێکی گرنگی لەگەڵ ناوەراستی ساڵەکانی 1945دا هەیە. لەگەڵ چنینێکی وەستایانەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەدا، ئەم دوو زەمەنە جیاوازە بەیەک دەگەن و لە ساڵەکانی نێوان 1978 و 1994وە، ئەم دوو مێژووە تێکەڵ دەبن.

12ی تەمووزی ساڵی 1977
"عیسمەت ئۆکتای"، بەیانییەک خەبەری دەبێتەوە و بە زمانێکی دیکە قسە دەکات کە زمانی دایکیی خۆیی نییە. ئەو لەمرۆوە تورکی بیردەچێتەوە و بە زمانی ئەو جڕوجانەوارانە قسە دەکات کە تاریق ئاکانسۆ لە ئیستەنبوڵەوە هاتووە تا لەبیریان بەرێتەوە.
بەڵام ئەو تەنیا نییە. لێرە و لەوێ، هەواڵی ئەم پەتایەی کە خەڵکانێک زمانی تورکییان بیر نامێنێت و بە زمانی کوردی دەپەیڤن، ئەو سیحرە ئەدەبییە جوانەیە کە بەختیار عەلی "ساراماگۆ"ئاسا لە خوێنەری دەکات. ئەگەر دروستکردنی جمهورییەتی تازە: یەک وڵات، یەک زمان، یەک ئاڵا، پەیامی ئاکانسۆیە کە نوێنەرایەتی تێروانینی دەسەڵاتی سیاسی جمهۆرییەتە، ئەوا لەبیرچوونەوەی زمان لای ئەو هاوڵاتیانەیشی کە خوێنی تورکی بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێ، کاردانەوەیەکی هیستیریکی لای دەوڵەت و دەسەڵاتە نهێنییەکەی دەخوڵقێنێ کە تەواو شێتانەیە. شێتانە بەوەی کە هاوڵاتییانی تووشبوو بەم واگرەیە دەبێ لە کەرەنتینە بکرێن و وەک شێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئاخر دەرکەوتنی زمانی کێوییەکان لە سەر زمانی هاوڵاتییانی ئەم وڵاتە تەواوی پرۆژەی: یەک دەوڵەت، یەک زمان، یەک ئاڵا دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەوە.  
لێرەوە، عەلی ئیحسان ئاکانسۆ، کوڕی بچووکی ئاکانسۆ دێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان وەک وەرگێڕێک کە پێشووتر بە فەرمانی باوک فێری زمانی جانەوەرەکان کراوە، جێگایەکی گەورە لە ڕووداوەکانی ناو ڕۆماندا داگیر دەکات.
 

زەبروزەنگ وەک برینێک لە ناخدا
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا ، بە تەنها زەبرەوزەنگی کردەی داگیرکردن لەسەر جەستەی قوربانییەکان جێ ناهێڵیت، بەڵکو بارە سایکۆلۆژییەکەی ئەم بێزمانکردنەی ئینسانەکان لە ڕیگای بەشێک لە پاڵەوانەکانەوە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە نمایش دەکات.
زەکی ڕەزا باکلان، باشترین نموونەی خوێندنەوەی کاریگەری دەروونی ئەم پرۆسەی لەبیربردنەوەی زمانە کە خوێنەر کێش دەکاتە ئەودیوو سنوورەکانی ئازاری جەستەوە و لە ناخەوە ڕای دەچڵەکێنێ. :"بەڵام من هیچ کەس نازانێت تورک نیم، هیچ کەس نازانێت. من هەموو تورکەکانم خەڵەتاند، هەموو وا دەزانن تورکی ڕەسەنم، تەنیا کەسێک ناتوانم بیخەڵەتێنم خۆمم. من هیچ کەس بە بچووکی سەیری نەکردووم، کەس پێی نەگوتووم تۆ مەخلوقێکی کەمتری لە ئێمە، چونکە لە منداڵییەوە باوکم فێری کردم چۆن وەک تورکێکی ڕەسەن خۆم دەربخەم، ئەو قسانە بکەم تورکەکان پێیان خۆشە. ڕۆژێک بووم بە میت بۆ ئەوە بوو خۆم لەخۆم ىشارمەوە، بۆ ئەوە بوو فێل لە خۆم بکەم و بڵێم زەکی ڕەزا تۆ تورکێکی ڕەسەنیت.....من کەس وەک شتێکی نزم سەیرم ناکات، خۆم نەبێت. بەڵام ڕاستی من بۆیە خۆم نزم سەیر دەکەم چونکە خۆم بە شتێک سەیر دەکەم ئەوە نیم، وەک شتێکی ڕاستەقینە لە مندا هەبێت و شاردبێتمەوە، وەک ئەوەی هەموو ژیانم دەمامکێکم لەسەردا بێت و نەتوانم دای بکەنم. عەلی ئیحسان گەر ئەو زمانە فێر نەبم، ناتوانم دەمامکەکە دابکەنم."

پرسیاری شوناس 
خاڵێکی تر کە دەکرێ ئاماژەی پێ بدرێ، ئەوەیە کە بەشێک لە پرسیارە گرنگەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لە داگیرکردنی تاریکیدا لەسەر ئەوەیە کە کێ تورکی ڕەسەنە و کێ وا نییە، هەندێک لە پاڵەوانەکانیش لە نێوان  پرسیارەکانی من کوردم یان تورکدا دێن و دەچن. بۆیەش  دەکرێ پرسیاری شوناس بکرێت بە یەکێک لەو پرسیارانەی دی کە داگیرکردنی تاریکی لە دەووری دەسوڕێتەوە. بە بڕوای من، مەراقی عیسمەت ئۆکتای و ڕەزا باکلان، بۆ ئەوەی یەکەمیان بێتەوە بە تورک و دووەمیشییان بە کورد لەسەر بناغەی فڕێدانی شوناشێک و بەدەستهێنانی شووناسێکی دیکە نییە وەک لە ڕووکەشدا خوێنەر دەکرێ بەو دەرئەنجامە بگات. ئەگەرچی لە هەردوو دۆخەکەدا جەبرێک ئامادەیی هەیە کە بۆ ئەوەی یەکەمیان (عیسمەت ئۆکتای) تورکی بە ناچاری بیر دەچێتەوە و دووەمیشیان (ڕەزا باکلان) بە شوێن خەونی بەدەستهێانی ئەو زمانەوەیە کە لە ناخیدا چەپێنراوە و بیریان بردۆتەوە. بەڵکو پرسیاری شووناس لەم ڕۆمانەدا لەسەر بەدەستهێنان و قبووڵکردنی گەرانەوەیە بۆ زەمەنێکی بەر لە شوناس،  زەمەنی ڕووتبوونی ئینسان و بێبەرگی ئەو. دواتریش چ بەرگ و ڕەنگێکی دیکە بەسەر ئەم شوناسە ئینسانییەدا دەدرێت، جێگایەکی ئەوتۆی نییە چونکە لە بناغەوە ئینسان، ئینسانیبوونی خۆی دۆزیوەتەوە و دووچاری دووکەرتبوونێکی سایکۆلۆژیی نابێت. ئەم تێروانینە بۆ پرسیاری شوناس، کردنەوەی پرسیاری شوناس و دانەخستنی وەک ئەوەی لە تێروانینی دەسەڵات و بەشێک لە کاراکتەرەکانی ڕۆماندا بەرجەستەیە، خاڵێکی درەخشاوەی ڕۆمانە و  وا دەکات خوێنەرێکی کورد یان تورک کە ئەم دیدەی بۆ لەخۆڕوانین پێ قبوڵ نەبێ، بەڵام ئاگاهییەکی تازەی پێ دەگات کە دەتوانێت بگەرێتەوە سەری. دۆخێک کە خوێناویبوونی کۆمەلگا بەهۆی تەسکبوونی بەرگی شوناسەکانیانەوە، ئەم ڕووتبوونەوەی ئینسانی لە هەموو شتێکی دیکە بۆ پێویستتر دەکات. 
ئەوەتانێ لەبەرابەر هات و هاواری ڕەزا باکلاندا بۆ ئەوەی مرۆڤە لەبیرکراوەکەی خۆی ببینێت و فێری زمانی کوردی ببێتەوە، عەلی ئیحسانی بەچکە میت و جەلادی زیندانەکانی دیاربەکر، لە ئاخاوتنێکی هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشدا، گوومانی لە کردەوەیەکی واهی هەیە کە ئەگەر چین دوای چینیش ئەو مەخلوقە بشکێنێت دەوڵەوت لە منداڵییەوە لە ناویدا دروستی کردووە، دەکرێ لە ژێر دوا چیندا چی هەبێت:" گەر وابێت خۆت وێران دەکەیت و ناگەیتە هیچ. من باوکم وا هەستی دەکرد لە ناخی مندا، لە قوڵایی قوڵایی مندا تورکێکی ڕەسەن هەیە، وا دەکات من تورکێکی ئەبەدی بم، من خۆشم تا ماوەیەکی زۆر هەر وام هەست دەکرد، بەڵام ڕاستی هیچ لە ناخمدا نییە، تۆش هیچ لە ناختا نییە، لە ناخی مرۆڤدا تەنیا مرۆڤ هەیە، تورک و کورد و ئەرمەنی بوونیان نییە".

گیاکەڵەکانی دیکە
لە داگیرکردنی تاریکیدا ئەوە بە تەنها جڕوجانەوەرەکانی خۆرهەلاتی ئەنادۆڵ نین کە دەبێ ڕام بکرێن و بکوژرێن، بەڵکو گرێکییەکان، ئەرمەنییەکان، سۆشیالیستەکان و سەندیکالیستەکان... بەشێکی دیکەی ئەو گیاکەڵانەن کە جمهورییەتی تازە ناتوانێت لە ناوخۆیدا جێیان بکاتەوە. ئاخر ترس لەوی دی و دەوڵەتێک کە یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت بە شوێنیەوەیەتی، هەموو ئەوانە دەکاتە ئەو مەترسییە نەبینراوەی کە هەمیشە دەبێ دەوڵەت لە ئامادەباشییدا بێت لە بەرابەریاندا. 
لاکردنەوە لەم گرفتە جۆراوجۆرانەی دی ناو هەناوی جمهورییەت کە قەوارەی ئەم ڕۆمانە هێندەی دی گەورەتر دەکات، تابلۆیەکی گەورەتر پیشانی خوێنەر دەدات تا ڕۆشنتر ئەو مۆزایکە ببینێت کە سیاسەتی ڕەسمی دەوڵەت دەیەوێ فرەرەنگی لێ بسەنێتەوە. ئەم وێنەیە، دەموچاوی "ئەوانی دیکە"ی ناو تورکیا زیاتر دەر دەخات و دیمەنێکی ڕۆشنتر بەدەسەڵات و ناوەڕۆکی ئەو دەدات.  
هێنانەناوەوەی خەون و مەراقی گروپە ئەتنی و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی ناو تورکیا بەو زانیاریانەی بەختیار عەلی لە ڕۆمانەکەدا پێشکەشی دەکات، دەرخەری ئەوەیە کە نووسەر چ ڕەنج و ماندووبوونێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی زانیاریدا بە خەرج داوە. بەختیار بەم کۆششە نوێیەی، کۆکردنەوەی کۆمەڵی بابەتی گرنگتر کە هەریەکەیان دەکرێ کەرەستەی ڕۆمانێکی سەربەخۆ بێت لە دوو تووێی کتێبێکدا، تواناییە شەخسییەکانی خۆی هێندەی دی دەباتە سەر و نیشانی دەدات کە هیچ جوگرافیایەکی تایبەتی ناتوانێ ڕێگری ئەوەی بۆ پێک بێنێ تا بیکاتە سەرزەمینی ڕۆمانێکی نوێ. ئاخر خوێنەر لەم کتێبەدا هەر ڕووبەرووی زانیارییەکی هاکەزایی نییە لە بەرانبەر ناوی شوێن و گۆرانی و کەسایەتی سیاسی و هونەری کۆمەلگایەکی دیکەوە کە هی خۆی نییە، بەڵکو بەشێکی شاراوەی مێژووی قەتلوعامی گرێکییەکان و سۆشیالیستەکانی ئەم وڵاتە زیندوو دەکاتەوە و ئەم مێژووە  گرنگەی ناو تورکیا، لە ڕێگای پاڵەوانەکانی ناو داگیرکردنی تاریکییەوە، تیشکی دەچیێتە سەر.  

کاتێک جەللاد دەدوێت
بەختیار عەلی یەکێک لە نووسەرانی کوردە کە زۆرترین پەڕەی لەسەر پەیوەندی نێوان سەردار و کۆیلە، جەللاد و قوربانی ڕەش کردۆتەوە. دووبارە جەختکردنەوە لەم بابەتە، دەکرێ هەستی خۆدووبارەکردنەوەی نووسەر لای خوێنەر بەجێبێڵێ، بەڵام لە ڕۆمانێکدا کە دەربارەی سەردەستیی و ژێردەستەییە، ڕاسیزم و کێویە و دەربارەی یەکێک لە خوێناویترین جومگەکانی مێژووی نوێی تورکیایە، ناکرێ ئەم بابەت و پەیوەندییانە نەبنە تەوەری ڕۆمانەکە، ئەگەر بڵێم، شاتەوەری ڕۆمانەکە. بەڵام بەوەی بەختیار هەژموونییەکی گەورەی لە پەیوەند بە کارکردن لەسەر ئەم پرسیارانە هەیە، هەموو تواناییەکانی خۆی لە ئاستێکی باڵاتردا لەم ڕۆمانەدا تەرخان دەکات بۆ دووبارە سەرنجدانەوە لەم پرسیارە کە بە بڕوای من، دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە لە بەرانبەر خوێندنەوەی داگیرکردنی تاریکیدا لە تورکیادا کە لە کۆمەلگای کوردستان زیاتر پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ بە نیگایەکی دیکەوە سەرنج لە خۆی بدات. 
نووسینی داگیرکرنی تاریکی بۆ بەختیار عەلی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مافی زمانداری و نەبوونی ئەو مافە لە کۆمەڵگای تورکیادا، وەک ڕۆیشتن وایە بە ناو کێڵگەیەکی میندا. نەبوونی دیدێکی هیومانیستانەی بەهێز لە کاتی تێپەڕین بە ناو ئەم کێڵگەی مینەدا، دەکرێ نووسەر بخاتە ناو بازنەکانی نەبوونی متمانەی خوێنەرەوە، کاتێک ئەگەری تاوانبارکردنی ئەو بۆ ئینتیما بۆ گروپی زمانلێزەوتکراوەکان وەک تارماییەک بەسەرییەوە، سێبەردەکات. بەڵام بەختیار عەلی لەم تاقیکردنەوەیەدا، بە بڕوای من زۆر سەرکەوتووانە دێتە دەر.   
با سەرنجێک لەم ئاخاوتنە سەرنجڕاکێشەی نێوان دوکتۆر سینان و عەلی ئیحسان بدەین لە جێگایەکی ڕۆمانەکەدا: (ڕاستی زۆر دەترسم، بەشی ئەوە گوناهی گەورەم هەیە کوردەکان لێم نەبوورن. هەندێ جار هەست دەکەم ڕۆژێک تۆڵەم لێ دەکەنەوە، ترسێکی گەرەم لەوە هەیە. دەزانیت چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەفسەرێک چی پێ گووتم؟ گووتی: ترسناکترین ساتی مێژوو ئەوەیە کە قوربانی جەللادەکەی دەکوژێت". لێم پرسی بۆ وا دەڵێت، وەڵامەکەی ئەوە بوو:" چونکە ئەو ڕقەی لە مەچەکی قوربانییدایە کاتێک تەورەکەی دەکێشێت بەسەری جەللادا، زۆر لەو ڕقە گەورەتر کە لە دەستی جەللاددا بووە".    
داگیرکردنی تاریکی ناکرێ وەک تۆلەی قوربانی لە جەللاد سەرنجی بدرێتێ، بە تایبەت لە بوونی ئەگەرێکی وادا کە گوایا ڕۆمان لە زمانی زمانلێزەوتکراوەکانەوە دێتەگێڕانەوە. بەڵکو ئەم ڕۆمانە کۆششێکە بۆ ئەوەی جەللاد و قوربانی لە دوای میراتی ئاکانسۆ و جەنەراڵەکانی دین و سوپاوە، پێکەوە لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا ڕاوەستن و لە ڕووخساری یەکدی ورد ببنەوە. 

تاقی ناو دیوارەکە (4)
ڕۆژگارێک لە مەیدانی سەرەکی گەورەی پایتەختی عوسمانییەکاندا، لەسەر دیوارێکی نزیکی مەیداندا، تاقێک لە ناو دیوارەکەدا دروست کرا بوو.  لەو تاقەدا، کەللەسەری ئەو یاخیی و شۆڕشگێرانەیان دا دەنا تا خەڵکی سەرنجی لێ بدەن و بزانن دەرئەنجامی سەربەرزکردنەوەیان لە بەرانبەر دەسەڵاتی خەلافەتدا ، سەریان بە کوێ دەگەێنێ. ئەم تاقە، هیچ کاتێک بێ کەللەیەکی سەربڕدراو نەبووە. ئەوەتانێ "تونجی هەتا" لە دەشتاییە تاریکەکانی ناو بالکانەوە، بە خۆیی و عەرەبانەی ئەسپەکان و سندوقی پڕ لە سەهۆڵ و کەللەسەرێکەوە، بەڕێوەیە تا سەری بڕدراوی "عەلی پاشا"، کە نوێنەری سوڵتانی عوسمانی بووە لە ئەلبانیا بگەێنێتە پایتەخت.
"تونجی هەتا" بۆ گەیاندنی کەللەی عەلی پاشا بۆ پایتەخت، بە ناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی ژێر دەسەلاتی خەلافەتدا دەڕوات و ئەو تاریکی و بێدەنگییە دەبێنێت کە دەسەڵاتی سوڵتان لە سڕینەوە و زمانلێسەندنەوەی هاوڵاتیانی ناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی مەملەکەتدا، دروستی کردووە. 
ئەمەی سەرەوە کورتەی ڕۆمانی" تاقی ناو دیوارەکە"ی (ئیسماعیل کادارە)ی نووسەری ئەلبانیایە بۆ دەرخستنی ئەو بەربەرییەتەی کە دەسەلاتی سوڵتانەکان لە بالکاندا خوڵقاندبوویان.
ئەو بە وردی ئەو سیستەمە نیشانی خوێنەر دەدات کە چۆن سڕینەوەی زمانەکان و ئەو دەستگا و ئیدارانەی لە دەوری سازکرا بوو کار دەکات. 
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەم نەخشەی سڕینەوەی زمانە لە مەملەکەتی بچووکبووەوەی دوای خەلافەت و دروستکردنەوەی جمهوریەتی تازەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تازەوە، بەشێوەیەکی فراوانتر و وەستایانە، لە بەرانبەر زمانێکی تایبەتیدا، دەکێشێت و ئەو ترس و بێدەنگی و بێزمانییەی ناو کۆماری ترس، لە ئەفسانەیەکی مۆدێرندا پیشانی خوێنەر دەدات. 
دەڵێن: نیگارکێشی چینی "هو تاو تزو" ڕۆژێک لە زەمەنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی "تانگ"ەکاندا، سەرنج لە تابلۆیەکی تازەکێشراوی سەر دیوارەکەی بەردەم خۆی دەدات. لە پڕێکدا دەستی دەدات بە یەکدا و دەرگای پەرستگاکانی ناو نیگارەکە دەکرێنەوە، ئەویش دەچێتە ناو تابلۆکەی خۆیەوە و ون دەبێت.
من کاتێک لە خوێندنەوەی "داگیرکردنی تاریکی" دەبمەوە، ئەو کاتەی کتێبەکەی بەردەستم دادەخەم، هەست دەکەم ئەم کتێبە دەبێتە تابلۆیەکی گەورەی بەردەمی من و بێ هیچ ئەرک و زەحمەتلەخۆکردنێک، تەنانەت بێ هیچ چەپڵەلێدانێک کە "هو تاو تزو" پێویستی بوو بۆ ئەوەی دەرگای ناو تابلۆکەی بۆ بکرێتەوە،  دەچمە ناو تابلۆی " داگیرکردنی تاریکی"یەوە. ڕاستتان دەوێت، من خۆیشم نازانم، کەی تیایدا دێمە دەر.

1. http://www.litteraturmagazinet.se/joseph-conrad/morkrets-hjarta/recensi…  

2. بەختیار عەلی، داگیرکردنی تاریکی ناوەندی ڕەهەند 2020
3. کتیبی پیرۆز بیبلیکا لاپەرە 12 2017
4. Nischen i muren Ismail Kadare Bonniers 1986
5. Myten om Wu Tao-tzu Sven Lindqvist Norhaven Paperback A/S 200