بۆ بەڕیزان:
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی وەزیران لە هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
 
 
ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم تا لەم ڕێگەیەوە قسە و ڕای خۆمتان پێ بگەیەنم سەبارەت بە دۆزی دەستگیرکردنی کارزان کەریم لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە و تاوانبارکردنی بەپێی ماددەی یه‌ك لە یاسای ژمارە‌21ی ساڵی 2003.
 
دەستگیرکردنی کارزان کەریم و هێشتنەوەی لە تەوقیفدا بۆ ماوەی نۆ مانگ بێئەوەی ئەو تۆمەتانە ڕابگەیەنرێت کە ڕووبەڕووی کراونەتەوە، وە هەواڵی ئەوەی کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە کراوەتە، ئەمانە هەموو بۆ من جێگەی قەلەقیی گەورەن و ئه‌و تەسەڕوفانەی دەزگای ئاسایش و پشتگیرییکردنی ئێوە بۆ ئەو تەسەڕوفانەیان جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی تونده‌.
 
دادگاییکردنی ئاشکرا وەک زەمانەتی دادپەروەریی و دەوڵەتی یاسا
هەر کەسێک کە داواکاری گشتیی تۆمەتباری دەکات، مافی ئەوەی هەیە بە زووترین کات لە هەموو ووردەکاریی ئەو تۆمەتانە ئاگادار بکرێتەوە کە ڕووبەڕووی کراونەتەوە و مافی هەیە ئاشنا بکرێت بەو بەڵگانەی کە تۆمەتنامەکەی لەسەر بونیاد نراوە. ئەمە جگە لەوەی کە پرەنسیپی «دادگاییکردنی ئاشکرا» وادەخوازێت کە تۆمەتەکان و بەڵگەی قەناعەتپێکەر بخرێتە بەرچاوی خەڵکیش.
 
ئێوە دەبێت ئەوە بزانن کە دادگاییکردنی ئاشکرا هەموو پرۆسەی تۆمەتبارکردن و لەدادگاییدان، بە قۆناغی لێکۆڵینەوەشەوە هەر لە یەکەم ڕۆژی تۆمەتبارکردن و دەستگیرکردنەوە دەگرێتەوە، نەک هەر تەنها ڕۆژی بردنی تۆمەتبار بۆ دادگا. ئەمە چونکە ئەوە تەنها داواکاری گشتیی و پۆلیس و ئاسایش و دەزگای هەواڵگریی و دادوەرەکانی دادگا نین کە دەبێت گومان یان قەناعەتیان هەبێت کە ئەو کەسە تاوانبارە، بەڵکو پرەنسیپی دادگاییکردنی ئاشکرا بەو مانایەیە کە دەبێت سەرەتا تۆمەتنامەکە و دواتر، ماوەیەکی زۆر بەر لە بردنی تۆمەتبار بۆ دادگا، هەموو بەڵگەکان کە پۆلیس یان ئاسایش دژ بە تۆمەتبار هەیەتی، لەبەردەستی خەڵکیشدا بن و ڕای گشتیی ئەو گومان و ئەو قەناعەتەیان لەسەر ئەساسی دروستیی و مەعقوڵییەتی بەڵگەکان لا دروست بێت، نەک لەسەر ئەساسی ئیدیعاکانی دەزگای ئیدیعای عام و دادگاکان. هەر ئەمەیە ناوەڕۆک و کرۆکی پرەنسیپی «دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی» کە وڵاتانی دیموکراتیی لەپێناو دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتداران، لەوانە دادگاکان، لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان، بە یاسا جێگیریان کردووە. بیرۆکەی «دادگاییکردنی ئاشکرا» و مەرجی «دەستڕاگەیشتنی فەزای گشتی بە زانیاریی» بۆ هیچ غەرەزێکی تر دانەنراوە بە غەیری ئەوەی کە هاوڵاتییان ببنە چاودێر بەسەر جۆری کارکردنی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و داواکاری گشتیی و دادگاکانەوە. ئەمە لەپێناو ئەوەی هاوڵاتیی سادەی تۆمەتبارکراو لەوە بپارێزرێت کە ببێتە قوربانیی دەستی بەدئیستیفادەی دەسەڵاتداران لە دەسەڵاتدارێتیی خۆیان بەسەر خەڵک و بەسەر دادگاکاندا.
 
لە کەیسی کارزان کەریمدا کاتێک ئێوە ئاوا ئەو کەسە بە ڕفاندن دەڕفێنن و ئەو هەموو ماوەیە لە زینداندا ڕایدەگرن و ئەشکەنجەی دەدەن و چۆنییەتیی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵی و چییەتیی بەڵگەکان لە دژی بە نهێنیی ڕادەگرن، وە کاتێکیش من دەزانم کە بە ئیحتیمالی زۆر ئەو کەسە لەپشت کەشفکردنی ناڕێکیی و گەندەڵیی گەورەی ناو فڕۆکەخانەی هەولێرەوەیە، هەموو ئەمانە بۆ من ئەوە دەگەیەنێت کە ئێوە ئەو کەسەتان لە زیندانێکدا و دوور لە چاوی ئێمە بۆ خۆتان تاک کردۆتەوە بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەو کەشفکردنانەی لێ بکەنەوە. لێرەوەیە کە هەر تۆمەتێکی تر کە ڕووبەڕووی دەکەنەوە یان بە تەمان لە داهاتوودا ڕووبەڕووی بکەنەوە، لای ئێمە جێگەی بڕوا نییە.
 
بەکورتیی من پێموایە ئەو دەستگیرکردن و نیازی دادگاییکردنەی کارزان کەریم، خراپبەکارهێنان و بەدئیستیفادەیەکی تەواو خەتەرناک و نایاسایی ئێوەیە لە دەسەڵات و پایەی حکومیی خۆتان، لەپێناو سزادانی کەسێکدا کە هیچێکی نەکردووە بە غەیری ئەوەی وەک هاوڵاتییەک کە هەست بە بەرپرسیارێتیی دەکات، ویستوویەتی بەشدارییەکی بچووک بکات لەپێناو سنووردانانێک بۆ بەدئیستیفادەی ئێوە لە دەسەڵاتدارێتیی خۆتان. جگە لەمە من باوەڕ بە هیچ هۆکارێکی تر ناکەم بۆ گرتنی و هیچ هۆکارێکیش ڕێگە بە ئێوە نادات ئەو جۆرە زیادەڕۆییانە بەرامبەر بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
 
خستنەژێرداری کەسێک بۆ ئەوەی ناوی پەیامنێرەکانی ماڵپەرێکی ئینتەرنێتیی ڕەخنەگری دەسەڵاتدارێتیی خۆتانتان بداتێ، ئابڕوچوونێکە کە من تێیناگەم ئێوە چۆن ڕووتان دیت لەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و لەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و لە مێژوودا بیکەن بە ماڵ بەسەر خۆتانەوە. ئێوە دەتانەوێ بەم جۆرە سەرکوتگەرییە، بە ناوی یاساوە هەموو دەلاقەیەک داخەن کە مومکین بێت لێیەوە بەشێک لە گەندەڵیی و بەدئیستیفادەی ئێوە لە دەسەڵات ببینرێت. ئەوەی ئێوە دەیکەن تۆڵەکردنەوەی کەشفکردنی کارزان کەریمە بۆ هەندێک گەندەڵیی گەورە کە ئێمەی هاوڵاتییان، لەم حاڵەتی گەندەڵییە بەربڵاوەی ئیستا لە کوردستاندا هەیە، جگە لە کەناڵی کارمەندانێکەوە کە هەست بە بەرپرسیارێتیی دەکەن، هیچ کەناڵ و دەرفەتێکی ترمان نییە بۆ کەشفکردنیان. 
 
نەشکاندنی نهێنیی کار لەپێناو بەنهێنییهێشتنەوەی یاساشکێنیی؟
ئەو بیانووەی ئاسایشی گشتیی کە دەڵێ کارزان کەریمیان لەسەر ئەوە دەستگیر کردووە گوایە پابەند نەبووە بە پاراستنی نهێنییەکانی کارەکەیەوە و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا نهێنیی سەر کارەکەی خۆی بڵاو کردۆتەوە، بەهەڵەلێکدانەوەی ئێوەیە بۆ پرەنسیپی زەرورەتی پاراستنی نهێنییەکانی کار.
 
ئەرکی پاراستنی نهێنییەکانی کار بۆ ئەوە نەهاتووە گەندەڵیی و یاساشکێنیی و کاری تەخریبکردنی ژێرخانی وڵاتی پێ داپۆشرێت. ئەسڵەن خۆی پرەنسیپی پاراستنی نهێنییەکانی کار ڕێک بۆ ئەوە دانراوە کە ڕێگە لەم جۆرە تاوانانە بگرێت و نەهێڵێت گەندەڵکارانێک کە باکی پێشێلکردنی یاساکان و باکی داڕوخانی وڵاتیان بەسەریەکدا نییە، بۆیان بڕەخسێت کارێکی وا بکەن.
 
ئەوەی ئێوە دەیکەن هەوڵی بەکارهێنانی پرەنسیپی پاراستنی نهێنیی کارە وەک ئامرازێک بۆ تێپەڕاندنی چەندین یاساشکێنیی و گەندەڵیی گەورەی بەپرسانی حکومیی و حیزبیی و بۆ دەستبەستنەوەی ئێمەی هاوڵاتییان و کارمەندانی ناو دەزگا حکومییە گەندەڵەکان لە وەستانەوە لە بەرامبەریاندا. بەم شێوەیە ئێوەی دەسەڵاتدار سەنگەری هاوپشتییتان لەگەڵ گەندەڵکاران و تەخریبکاراندا گرتووە و، بە ئیدیعای داکۆکیی لە ئاسایشی هەرێم، دەستتان داوەتە سزادانی ئەوانەی مەسئولییەت دەنوێنن و گەندەڵیی و بەدئیستیفادەی ئێوە و هاوەڵانتان لە دەسەڵاتدارێتیی لێ قبوڵ ناکەن.
 
دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی و پۆلیس لە ئەسڵدا بۆ قەلاچۆکردنی ئەو جۆرە جەریمانە هەن کە کارزان کەریم بۆ ڕێپێگرتنیان، بەناچاریی، پەنای بردۆتە بەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن، نەک ئەوەی پۆلیس و ئاسایش بۆ قەلاچۆکردنی ئەو کەسانە بێت کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم تەخریبی وڵاتدا. بەم پێناسەیە بێت بۆ پیشەی ئاسایش، ئەوە هەر تەنها کارزان کەریمە کە ئەرکی خۆی وەک ئاسایشێک بەجێ گەیاندووە و ئێوە لە هەوڵی جیددیدان بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو ئەرکەی دەزگای ئاسایش.
 
دەوڵەتی یاسا و دادپەروەریی هیچ مانایەکی نییە ئەگەر هاوڵاتییانێک لەسەر کارێک کە لەپێناو قایمکردنی پایەکانی دەوڵەتی یاسا و دادپەروەرییدا دەیکەن سزا بدرێن. ئەمەی ئێوە دەیکەن بنکۆڵکردنی دەوڵەتی یاسا و دادپەروەرییە لە هەرێمی کوردستاندا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی دەسەڵاتدارێتیی خۆتان و هاوەڵانتاندا. ئێوە بەم جۆرە کارانەتان زەمینەسازیی خەتەرناک دەکەن بۆ موعەرەزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و مەدەنیی ئێمەی دانیشتووانی ئەم هەرێمە بە خەتەری گەورە. بەم مانایە، ئەوە ئێوەن کە شایان بەوەن ببرێنە بەر دادگا لەسەر ئەوەی داکۆکیی لە داڕوخێنەرانی ژێرخانی وڵات دەکەن، نەک ئەوانەی کە «جورئەتی مەدەنیی» و بەرپرسیارێتیی لەئاست چارەنووسی وڵات دەنوێنن.
 
هاوڵاتییانێک کە، سەرباری ئەوەی ئێوە وڵاتتان کردووە بە دەوڵەتی پۆلیسیی و دەزگا هەواڵگرییە ناوزڕاوەکانتان بەرداوەتە گیانی خەڵک، هێشتاش ڕیسکی ئەوە دەکەن هەواڵی گەندەڵیی و یاساشکێنییەکانی دەسەڵاتداران لەڕێگەی میدیاکانەوە دەگەیەننە گوێی ئێمە، هاوڵاتییانێکن لە هەموومان خەمخۆرترن بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی ئێوەی حوکمدار بەو کەناڵەدا نەڕوات کە وەک دەوڵەتە ئۆتۆریتارە ناوزڕاوەکانی مێژوو ببێتە ئیمپراتۆرییەتی تاقمە مافییەکان. تکایە سەیرێکی ئەو زانیارییانە بکەن کە ئێوە لەسەر کەشفکردنیان، ئەو هەموو زیادەڕۆییە بەرامبەر بە کارزان کەریم دەکەن و ئینجا ماددەی یه‌ك لە یاسای ژمارە‌21ی ساڵی 2003 بخوێننەوە بزانن کێ شایان بەوەیە بەپێێ ئەو یاسا و ئەو ماددەیە سزا بدرێت.
 
«ئاگادارکەرەوە» نابێت سزا بدرێت، بەڵکو دەبێت بە یاسا بپارێزرێت
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە دوایین ڕوونکردنەوەی خۆیدا دەڵێت ئەوان کارزان کەریمیان وەک کارمەندێکی ئاسایش دەستگیر کردووە نەک ڕۆژنامەنووسێک. بەڕای من ڕۆژنامەنووسبوون یان -نەبوونی کارزان کەریم هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەو نابێت لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە سزا بدرێت. ئەو ئەگەر وەک ڕۆژنامەنووسێک ئەو زانیارییانەی بردووبێتە دەرەوە یان هەر تەنها وەک کارمەندێکی ئاسایی، لە هەردوو حاڵەتەکەدا هەر هەمان شتی کردووە، ئەویش ئەوەیە کە لەپێناو پەردەهەڵماڵین لەسەر چەند کارێکی نایاسایی و نائێتیکییانە، پاراستنی نهێنیی سەر کارەکەی بە پلە دوو زانیوە و خەڵکانێکی دەرەوەی ئەو دەزگایەی کاری لێ دەکات، لەو ناڕێکییانە ئاگادارکردۆتەوە. ئەم جۆرە کردارە لە زمانی ئینگلیزییدا پێی دەوترێت (Whistleblowing)، بە واتای (ئاگادارکردنەوە) لە ناڕێکییەکی نایاسایی یان نائێتیکیی، وە بەپێچەوانەی ئەوەی کە ئاسایشی گشتیی لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەیڵێت گوایە لە هەموو وڵاتانی جیهان سزای هەیە، لە نزیک بە سەرجەم ئەو وڵاتانەدا کە دیموکراتییەت و مافەکانی مرۆڤ تا ئاستێک جێگەیان گرتووە، مافی بردنەدەرەوەی زانیاریی سەبارەت بە کاری نایاسایی و نائێتیکیی لەسەر کار، لەلایەن کارمەندانەوە، بە یاسا ڕەسمییەتی پێدراوە و زەمینەی لەبار بۆ مومارەسەکردنی ڕەخسێنراوە. هەر ئێستا دەیان وڵاتی ڕۆژئاوا و ئەفریقیا و ئەمریکای خواروو و ئاسیا ئەوەیان لە یاسادا جێگیر کردووە کە کەسی ئاگادارکەرەوە (Whistleblower) نابێت بە هیچ شێوەیەک لەسەر دانەدەرەوەی زانیاریی سەبارەت بە ناڕێکییەک لەسەر کارەکەی، نە لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە و نە لەلایەن دەوڵەتەوە سزا بدرێت، یان زەرەرێکی بەر بکەوێت، یان لە کارەکەی دەربکرێت. ئەمە جگە لەوەی کە چەندین دەزگای حکومیی و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی دامەزراون تەنها بۆ هاندانی ئاگادارکردنەوە و پاراستنی ئاگادارکەرەوەکان. بۆ نموونە وڵاتی بریتانیا لە ساڵی ١٩٩٨ یاسای کەشفکردن لە بەرژەوەندیی گشتیی (Public Interest Disclosure Act) دەرکرد بۆ پاراستنی ئاگادارکەرەوەکان لە سزا و لە زەربەپێکەوتن، وە هەروەها بۆ هاندانی کارمەندانی کەرتی حکومیی و کەرتی تایبەت بۆ بێدەنگەنەکردن لە گەندەڵیی و ناڕێکییەکان. لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا چەندین بڕیار و یاسای جیاواز هەیە بۆ پاراستنی کەسی ئاگادارکەرەوە، تەنانەت لەناو دەزگای پۆلیس و لەناو سوپاشدا. هەروەها چەندین ڕیکخراوی گەورەی داکۆکیی و پاڵپشتیی لە کەسانی ئاگادارکەرەوە هەیە، بۆ نموونە ڕێکخراوی (National Whistleblowers Center - NWC). تەنانەت چەندین وڵات لە وڵاتانی جیهانی سێیەم وەک غانا و ئۆغەنداش ئێستا یاسا و دەزگای حکومیی تایبەت و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی تایبەتیان هەیە بۆ پاراستنی کەسانی ئاگادارکەرەوە. دواترینیی وڵاتان پەرلەمانی وڵاتی ئیرلەندا بوو کە مانگی یەکی ئەمساڵ یاسایەکی درێژ و ووردکراوەی بۆ ئەم مەبەستە دەرکرد.
 
کاری ئاگادارکردنەوە گرنگیی گەورەی هەیە بۆ پتەوڕاگرتنی پایەکانی دەوڵەتی یاسا و قەلاچۆکردنی گەندەڵیی، چونکە دەزگای پۆلیس و دەزگای نەزاهە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی بۆ دژایەتیی گەندەڵیی و داکۆکیی لە مافەکانی مرۆڤ، ئەمانە بە تەبیعەتی حاڵ ناتوانن لە هەموو شوێنێکی کاری حکومیی و تایبەتدا مەوجود بن و چاودێریی ناڕێکییەکان بکەن. بۆیە ئەوان و کۆمەڵگا بەگشتیی، تەواو ئیعتیمادیان لەسەر ئەوەیە کارمەدانێکی چاونەترس هەبن کە مەسئولییەت بنوێنن و ناڕێکییەکان سەر ئاو بخەن.
 
«ئاگادارکردنەوە» وەک مافی ڕادەربڕین
دیارە کاری ئاگادارکردنەوە هەر لەبەر ئەوە بە یاسا پارێزراو نەکراوە کە بۆ پتەوڕاگرتنی پایەکانی دەوڵەتی یاسا و قەلاچۆکردنی گەندەڵیی گرنگە، بەڵکو هەر خودی کرداری ئاگادارکردنەوە وەک جۆرێک لە مافی دەربڕین چاو لێدەکرێت و دەوڵەت مولزەمە ڕێگەی لێنەگرێت، چونکە مافی دەربڕین لەپاڵ ئەوەوەی کە بە مانای هەبوونی ماف بۆ ووتنی هەر ڕایەکە کە هەتبێت، مافی وەرگرتن و دانی زانیارییش دەگرێتەوە (بڕواننە ماددەی نۆزدە، خاڵی دوو لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنیی و سیاسییەکان، کە وڵاتی عێراق ولەوێشەوە هەرێمی کوردستان ئیمزای کردووە و خۆی مولزەم کردووە بە ڕەچاوکردنی). بە مانایەکی تر، سەرباری ئەوەی کە ڕێگەدان بەوەی کە کەسێک زانیارییەک بگەیەنێت، وەک «وەسیلە»یەک، گرنگیی گەورەی هەیە بۆ قەلاچۆکردنی گەندەڵیی، لەهەمانکاتدا هەبوونی مافی گەیاندنی زانیاریی، خۆی «ئامانج»ێکیشە، چونکە ئازادیی دەربڕین یەکێکە و لەو ئازادییە گرنگ و بنەڕەتییانەی کە لە چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتییدا جەخت لەسەر ئەرکی دەوڵەت لە دەستبەرکردنی بێمەرجی ئەو ئازادییە بۆ هاوڵاتییان کراوەتەوە.
 
کەیسێکی هاوشێوەی ئەم کەیسەی کارزان کەریم کە دەکرێت وەک نموونەیەکی گرنگ بۆ پاڵپشتیی ئەم قسەیە بیخەینە بەرچاو، کەیسێکە کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپیی لە ستراسبۆرگ ساڵی ٢٠٠٨ بڕیاری تیادا دا و بە کەیسی فەرمانبەری دەزگای داواکاری گشتیی گوجا بەرامبەر بە حکومەتی مۆڵدۆڤیی ناسراوە (لە ئینتەرنێت بڕواننە Case og Guja v. Moldova، یان بۆ خوێندەوەی دەقی تەواوی حوکمەکە بڕواننە لینکی http://ijc.md/Publicatii/mlu/ECHR/guja.pdf).
 
کەیسەکە ئەوەبوو کە ئەو کارمەندەی دەزگای داواکاری گشتیی وێنەی دوو نامەی دابوو بە ڕۆژنامەیەک کە پیشانی دەدا کە لە دۆزێکی جینائییدا کە بڕیار بوو دژ بە چەند ئەفسەرێکی پۆلیس بەڕیوە بچێت، تەداخولی سیاسیی کرابوو لەپێناو بەبێتاواندەرکردنی ئەو ئەفسەرانە. دوو نامەکە لەلایەن جێگری قسەکەری پەرلەمان و سکرتێرێکی سەرۆکوەزیرانەوە نووسرابوون. لەسەر دانەدەرەوەی وێنەی ئەو نامانە و بەو بیانووەوەی کە ئەو کارمەندە نهێنیی کاری شکاندوە و لەبری باسکردنی نامەکان لەگەڵ بەڕیوەبەرەکەی خۆیدا، دابوونی بە ڕۆژنامەکان، لەسەر ئەمانە گوجای کارمەند بەوە سزادرا کە لە کارەکەی لە دەزگای داواکاری گشتیی دەرکرا. ئەو کارمەندە دۆزەکەی بردە بەردەم دادگای ستراسبۆرگ کە دادگایەکە هەموو وڵاتانی ئەوروپیی و زۆرێک لە وڵاتانی تری جیهان ڕێز لە بڕیار و پاکانەکانی بۆ بڕیارەکانی خۆی دەگرن و دەیانکەنە ستاندارد بۆ دادگاکانی وڵاتەکانی خۆیان. ئەو کارمەندە لەوێ دۆزەکەی بردەوە و دادگا بڕیارەکەی خۆی بەوە تەبریر دەکات کە گەیاندنی زانیارییەکی وا بە ڕای گشتیی کە دەزگایەکی دەوڵەتیی هەوڵی نایاسایی داوە و کاری بۆ ئەوە کردووە گوشاری ناشەرعیی بخاتە سەر دادگایەک تا بە دڵی ئەو بڕیارێک بدات، کەشفکردنی زانیارییەکی نهێنیی لەم چەشنە گرنگییەکی وا گەورەی هەیە لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتییدا کە زۆر گرنگترە لە هێشتنەوەی متمانەی گشتیی بەو دەزگایە. دادگا لە حوکمەکەدا ئەوە دەنووسێت کە دەرکردنی ئەو کارمەندە لەسەر کارەکەی هەر ئەو زەربەیە نادات کە ئەو کەسە کارەکەی لە دەست دەچێت، بەڵکو کارێکی وا کارمەندانێکی تریش دەترسێنێت لەوەی کە لە داهاتوودا دەست بۆ ئاگادارکردنەوە و کەشفکردنی کاری نایاسایی ناو دەزگا حکومییەکان ببەن، لەکاتێکدا ئاگاداکردنەوەی لەو چەشنە گرنگیی گەورەی هەیە بۆ ڕاگرتن و پتەوکردنی پایەکانی دیموکراتییەت لەهەر وڵاتێکدا. هەروەها دادگا لە حوکمەکەدا دەنووسێت کە گەیاندنی ئەو زانیارییانە بە خەڵکیی لەلایەن ئەو کارمەندەوە، ''ئازادیی دەربڕین''ی ئەو کەسەیە بۆ ئەو زانیارییانەی دەیزانێت و هیچ زەرورەتێکی دیموکراتیی نییە بهێنێت دەوڵەت داوا بکات ئەو ئازادییە سنووردار بکرێتەوە، چونکە ئەسڵەن گەیشتنی زانیارییەکان بە خەڵک گرنگیی گەورەی هەیە بۆ دیموکراتییەت لە وڵاتدا. 
 
بۆیە دادگا بڕیاری دا ئەو کارمەندە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی و وەک ڕەد ئیعتیبارێک دەوڵەتی مۆڵدۆڤیی دەهەزار یۆرۆی بداتێ و وەک قەرەبووی ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانەشی لێیکەوتووە، هەشتهەزار و چوارسەد یۆرۆی بداتێ. ئێستا لە هەموو وڵاتانی ئەوروپییدا ئەم کەیسە و بڕیاری دادگا وەک نموونەیەک بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوە بەکار دێت کە دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە زانیاریی، بۆ نموونە سەبارەت دەستێوەردانی دەسەڵاتدارانی یاسادانان و جیبەجێکردن لە کاروباری دەسەڵاتدارانی لێکۆڵینەوە و دادوەرییدا، وە موناقەشکردنی ئەو دۆزانە لەناو فەزای گشتییدا، ئەهەمەییەتی گەورەی هەیە بۆ دەوڵەتی یاسا، وە کارمەندان نابێت لە مومارەسەی ئەو مافەیاندا چاوترسێن بکرێن کە قسە و زانیاریی خۆیان بگەیەنن بە فەزای گشتیی.
 
مایەوە بڵێم کە جیاوازیی کەیسی کارزان لەگەڵ ئەم کەیسەدا ئەوەیە کە ئەو کارمەندە مۆڵدۆڤییە ئەو ڕێگەیەشی لە بەردەستدا بووە بچێت بە بەڕێوەبەرەکەی خۆی بڵێت. بەڵام بۆ ئەو زانیارییانەی کارزان کەشفی کردوون، ئێوە لە ئێمە باشتر دەزانن کە ناڕەزاییەکی لەو چەشنە لەناو دەزگای ئاسایشدا یان هیچی لێ بەرهەم نایەت یان سزای بەدوادا دێت. دواتر ئەو زانیارییانەی لای کارزان بووە، ڕێک بەپێچەوانەی لێکدانەوەی ئێوەوە، کەشفکردنیان بۆ خەڵک ، نەک نەکردنیان، خزمەتی گەورە بە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات. زۆر بە سادەیی، دانانی کەسانێکی گەندەڵ وەک بەرپرسانێکی خاوەن دەسەڵات لەسەر دەروازەیەکی سنووریی گرنگی هەرێم وەک دەروازەی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتیی و سزادانی خەڵک لەسەر ڕەخنەکردنی ئەم کارە، خەتەری فیعلییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و کارکردنە بۆ زەربەدان لەو ئاسایشە.
 
من دەزانم ئەوەی کارزان کردوویەتی لە خراپترین حاڵەتدا شکاندنی نهێنیی کارە یان تەشهیرە بەو کەسانەی ناویان هاتووە، ئەمە تەنها لەحاڵەتێکدا ئەگەر بسەلمێنرێت کە ئەو زانیارییانەی ئەو کەشفی کردون ڕاست نین. هەروەها من دەزانم کە چالاکیی ''ئاگادارکردنەوە'' و مومارەسەی مافی گەیاندنی زانیاریی، لەگەڵ ئەرکی پاراستنی نهێنیی کاردا ناکۆک دێتەوە. بەڵام لە وڵاتە دیموکراتییەکان لەئاست ئەم ناکۆکییەی نێوان مافی دەربڕین و ئەرکی پاراستنی نهێنیی کاردا، چوارچێوەی ئەو شتانەی کە نهێنیی کار دەیانگرێتەوە زۆر بەرتەسک دەکەنەوە، تەنها بۆ ئەوەی ڕووبەری مومارەسەی ئازادیی دەربڕین فراوانتر و فروانتر بێت. یەکێک لەو شتانەی کە یەکسەر لە چوارچێوەی زانیاریی نهینیی دەردەکرێت، زانیاریی ڕوودانی کاری نایاسایی و ناڕێکییە. دیارە لە وڵاتانی دیموکراتییدا بۆ ڕێگرتن لەو کارە نایاساییانە چەندین بڕیاری ناوەکیی لە دەزگا حکومییەکان و چەندین ئۆرگان هەیە کە کارمەندێک بتوانێت بەهیوای چارەسەکردنی زانیارییەکانی پێ بگەیەنێت، بەڵام لە کوردستانی ئێمەدا، هەر خودی ئەوەی کە ئێوە لەسەر ئاشکراکردنی کاری نایاسایی و گەندەڵگاریی زۆر گەورە، ئەو هەموو زیادەڕۆییە دەکەنە سەر کارزان، ئەمە زۆر دەڵێت لەسەر ئەوەی کە چۆن گەیاندنی باسی ئەو گەندەڵییانە لەلایەن کارزانەوە بە بەڕێوەبەرەکەی خۆی، هیچ سودێکی نەدەبوو، وە پیشانی دەدات کە کارزان تاکە بەدیلێکی دروستی گرتۆتە بەر کە لەبەردەستییدا بووە و ئەو کارەی ئەو کردوویەتی جێگەی ڕێزلێنانە نەک سزادان.
 
بەڵام ئێوە سزای دەدەن بۆ ئەوەی تۆڵەی لێ بکەنەوە. ئێوە سزای دەدەن بۆ ئەوەی ئیتر هیچ کارمەندێک لە کوردستاندا نەوێرێت لەبەرامبەر گەندەڵیی و سەرکوتگەریی ئێوەدا بێتە قسە. ئێوە سزای دەدەن بۆ ئەوەی تاکە تاکە خەڵک لە پاڵپشتییکردنی ماڵپەڕێکی ئینتەرنێتیی بکەن کە سەغڵەتیی گەورەی بۆ گەندەڵیی ئێوە دروست کردووە و ئەمەش ڕقێکی ئەستووری لای ئێوە لەو ماڵپەڕە دروست کردووە. ئێوە سزای دەدەن بۆ ئەوەی دۆزەکە بکەنە دۆزی شکاندنی نهێنیی کار لەلایەن کارمەندێکەوە و بەمە دۆزی ئەو گەندەڵییانە بیر بەرنەوە کە کارزان کەریم کەشفی کردوون. ئێوە سزای دەدەن بۆ ئەوەی ماوەیەکی تر سەرۆکی هەرێم بیکاتە جەژنانەی دەستی خۆی ودوای ئەوەی تۆبەی پێ دەکەن، وەک سەرۆکێکی دڵگەورە ئازادی بکات.
 
ئەم کارانە کارگەلێک نین کە جێگەی شانازیی بن بۆ ئێوە. تکایە کارزان کەریم بەردەن!