پاتاڵیزمی ستوون نووسیین لە ژورنالیستی کوردیدا..

چەند ساڵێک لەمەوپیش حیکایەتێکی سەرنجڕاکێش و کۆنی کازاخییم خوێندەوە.. کە چیرۆکەکە دەستپێدەکات؛ گەلەسەگێک لە کەنار ڕوبارێک سەریان داژنەویوەتە بەردەمیان، لەژێر تریفەی مانگەشەودا ڕووەو وێنەکانی خۆیان، وەک لە تابلۆیەکی زەیتییدا بن، هەردوولایان ئاو دەخۆنەوە، ئەوەی تابلۆکە دەشێوێنێ؛ حەپەیەکی داچڵەکێن، شڵپەیەکی لە ناکاوە و جێی خاڵیی سەگێک.. جگە لەوەی جێگای سەرسامیم بوو، هەر ئەوکاتە بۆ من چیرۆکەکە شتێکی تێدابوو کە دەمزانی ڕۆژێکی تر لێی تێدەگەم.. ئەو ڕۆژە نەدەهات گەر موسڵمانێک لێرەو لە (ڕەخنەی چاودێر) ئەو هەموو سوکایەتییەی بەناوی ناسوکایەتییەوە بە سوکایەتیی و کارێکی هونەرییش کە گوزارشتە لە بەرگی کتێبەکەی ئێمە، لە وتارۆکەیەکدا نەکردبایە.
 لای من -بەتایبەت لەم کارانەی دواییدا- هەمیشە فۆرم خودی ناوەڕۆک بووە، دەمێکە پێم وایە لە ژیاندا شتی تازە نییە.. لە ژیاندا فۆرمی تازە هەیە.. فۆرمێک کە نووسەر و هونەرمەندەکان دەتوانن بەهۆی ئازادیانەوە بیدۆزنەوە، ئازادییەک کە پێشمەرجی سەرەتایی هونەر و نووسینە.. مرۆڤ چۆن دەتوانێ پەیوەندیی سەمیمی نێوان ئازادی و نووسین، ئازادی و هونەر، لە کلاسیکیەتی تێگەیشتنی دوو کۆنسێپت بە جەوهەرێکەوە کە خودی ئازادییە لەیادبکات..؟ چۆن دەکارێ مافی بەلاڕێدابردن، مافی بردنی خەیاڵ بۆ شوێنێکی تر، لە هونەر و لە ئەدەبیش بستێنێتەوە..؟ ئەوە چ جەسارەتێکە لە نێوان ستایشی جوانیی و دادوەریکردنی بە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی باودا، تۆ بەسکەی ژەنگاوی سێ سەدە لەمەوبەری وەهمی خۆتدا تابلۆیەک ڕابکێشیت..!
هەمیشە خەیاڵ بەخەتیکدا دەڕوات و کۆمەڵگا بە لاینێکی ترا (زۆرجار مێژووی خەیاڵ بە کۆنکرێتی دەبێت بە مێژووی ئیسفتیزازکردنی کۆمەڵگاش) کە ئەم دوو خەتە گەیشتنە یەک، یان ئەدەب و هونەر دەمرن، یان کۆمەڵگایەکی نموونەیی ئایدیال دروست دەبێت -کە هێشتا لەسەر زەوی دروست نەبووە-. ئێمە بەنیاز نەبووین و نین هەموو کەسێکمان لێڕازیبێت، ئەمە زیاتر لە تەمەنای نووسەر، ئیشی ئیماندار و مەلا و کەشیشە..! کتێبە چكۆلانەکەی من؛ (سەگێک لە ئاوێنەدا) لە دونیای هونەری هاوچەرخی بەرگسازیی مۆدێرن و تەنانەت وڵاتانی دراوسێشدا شتێکی نوێ نییە، بەڵام لە ماوەی ٢٠٨ ساڵی ڕابردوودا، نوێترین و بەکوالیتترین و هونەرییترین فۆرمی ڕووبەرگە، لە مێژووی کتێبی چاپکراوی کوردیدا.
لە هونەری نوێدا تێگەی تێگەیشتن نییە.. خاڵ، سایز، هێڵ و فەزا و فۆرم و ڕووبەر و ڕەنگ و ڕووناکی هەیە.. کە تۆ لەپێش خۆیدا و بۆ ڕامان ڕادەکێشێت.. ئیتر پرسیاری (مەبەستت چییە لەم کارە..؟) پرسیارێکی پێکەنیناوییە، کە بینەری ئەکتوال نەک نایکات، بەڵکوو شەرم لە بیرکردنەوەشی دەکات. خوێندنەوی هونەر بە دابەزاندن بۆ ئاستی نزمی مانا، واتا ئەوەی هەمیشە ڕووبەڕووی پرسیاری تەقلیدی و وێرانی (مەبەستت چییە لەمە..؟) بکاتەوە، لە چاپە مۆدێرنەکەی خوێندنەوەی هونەردا؛ ئەوە سەیر کردنێکە بە چاوێکی نوقاو و بە دیدێکی کزی تدرادشێۆنییەوە، ئێمە لە جەریانێکی هاوشێوەدا کێشەی هونەر-مان وەکو هونەر نییە، بەڵکو لەبەردەم ڕێسپەسێۆنێکی پاسیڤ داین کە نە نیگای هونەریی، نە ڕوانگەی ستاتیکیی، نە تەکنیکی داڕشتی ڕەخنەی هونەریی.. نە هۆشێکی کەمی ڕەخنەییشی نییە!
هونەر وەک ئەتۆمێکی ستاتیکی نیگا دەکرێت، نەک بە ستانداردی زانستی کردار، ئەگەرنا شڵپەیەکی خێرا و بەسەردا کەوتنە ئاوەوە، ئەو تابلۆیە دەشێوێنێ کە دووبارە نیگارکردنی لەتوانای دروستکردن و درککردنی تۆدا نییە. هونەری نوێ دروستکردنی میکانیزم نییە، بەڵکو خۆی درکی ئامانجەکەیە، خۆی ئەو شتەیە کە دەیڵیین نەک ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین. ڕووبەرگی کتێبی (سەگێک لە ئاوێنەدا) تەنیا فۆرمێکی ئەبستراکت و جیهێڵراو نییە.. بەڵکو پەیوەندییەکی جەدەلی و قژقژیشی لەگەڵ ناوەڕۆکیدا هەیە، ناو کتێبەکە چیرۆکەهایەکن ئینسان بەو وێنە باوەی هەیە، تێیدا ونە.. چیرۆک لەو کتێبەدا هەیە پاڵەوان و ناونیشانەکەشی (سەگ)ـە، کاراکتەرەکانی ناو چیرۆکەکان بونیامی ئاسایی و کۆلێکتیڤی دەرەوە نین.. بەڵکو شتێکن کە کێشەی وجودی گەورەیان لەگەڵ خۆیان و ئایدێنتی و فۆرمیشیاندا هەیە.
لە قسەکردن لە کۆنتێکستێکی وەک ڕەخنەی هونەرییدا ((ڕای من))! نییە، ڕای زانستیی هەیە، مەعریفە هەیە، پسپۆڕیی هەیە.. ئەمە تەنیا ئەو پاشاگەردانییەی دونیای ڕۆشنبیری ئێمەیە، کە لە کوێدا کورتی هێنا و نەیتوانی دیفاع لە زانستیی بوونی قسەکەی بکات، بە ئارەزووی دڵی و تا سەری هەڵدەگرێ هەڵە بفەرموێت و زوو زووش بڵێ ((بە ڕای من))!!. هەرچۆنێک بێت کاری نوێ، لە داوی خەیاڵی قەوزەکردووی هێجگار لۆکاڵی و کڵۆڵی ستوونوسێکدا و بەو پارادیمە هیلاکە.. کوا چاوەڕێی خۆشویستن و قەبووڵکردن دەکات..؟! مێژووی ئەدەبی باڵا و هونەری زیندووی دونیا، مێژووی ڕەفزکردنە.. هونەری نوێ نەک هەر لەگەڵ واقیعدا ناڕوات، بەڵکو ئیشی یەکەم و کۆتایی؛ هەڵوەشاندنەوەی واقیعە لەڕێگای مەسخەرە پێکردنیەوە. هەرخۆی کاری تەوژمی پاش نوێگەری و هونەرەکەشی ئینکاریکردنی هەموو ئەو حەقیقەتانەیە کە بانگەشەی ڕەهایی دەکەن، لەحاڵێکی وەهادا چۆن هونەری ناو ئەو تەوژمە بە چاویکلکەیەکی یەکچاوی لێڵی یەکتەفسیرەرەوە، تەماشا دەکرێت..! لە هونەر و ئەدەبی هاوچەرخدا، وەرگر لەبەردەم ئەنجامدا نییە، بەڵکو لەبەردەم کێشەدایە.. ئەوەی پرۆبلەم و چارەسەری بۆ لەیەک جیانەکرێتەوە، لە لیڤڵە نزمەکانی وەرگرە، کە بەداخەوە نوسەر و هونەرمەند لە ئاستی داماوی ئەم خواندیدگایە، هیچی لە کۆمەکدا نییە.
لە هونەردا هەموو شێك هەیە و حوکمدان نییە.. من هەر بەجۆرێك ڕێز لە خوێنەرەکەم دەگرم، تەنیا ٢٦٠ لاپەڕە چیرۆک بە سێ پێشەکی سێ نووسەری گەورەی کوردەوە نا، بەڵکوو بە کارێکی هونەریی باڵاشەوە کە ڕووبەرگەکەیەتی، پێشکەشی دەکەم.. بەرگێک؛ کە لانی کەم ١٠٠ چرکە دەتوەستێنێت.. ئەم وەستانەی خوێنەرەکەم ئەو پەیوەندییە تەواوکارییەیە لەگەڵ نوسەر.. نەک تەقلیدیەتی مردنی من لای بارت کە بۆجێگایەکی ئاوها نمونەیەکی ئەوەندە کوڵ و کوێرە، ئینسان تاقەتی نییە پێکەنینیشی پێی بێت..!
ئەوەی کە کتێبێک کورت دەکاتەوە بۆ ڕووبەرگەکەی و ئەویش بەو لێڵی و داماوییە هونەرییە دەبینێ، لە ئێسکەنەرمەی نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتنی خۆیدا لوول دەخوات و مێنتاڵیتیەکی هەیە لە قوڕقوشمی هیچ نەبینین و هیچ نە بیستن. بۆ هیچ خوێنەر-ڕێسپەسێونێک ئەوە مانای خۆدیتنەوەیەکی زبر و کۆنکرێتیی نییە، ئاوێنەی ناو بەرگەکە ئاوێنەی سەرتاش و ژووری نووستن نییە، جگە لەوەی هەر لەخۆیدا مێنتاڵی ئاوێنە نییە و ئەلیکلیکە، شوێنگەکەشی شوناسێکی تری دەداتێ لە دەرەوەی ئاوێنەی ئاسایی، هەر ڕوانینێکی ئاوها کوشتنی مانای هونەرە بە مانای وشە، ئەم چاوە کز و کەمتینە نیگایەکی داماوکلتورییە کە نە ئەیجوکەیشنێکی هونەریی هەیە و نە چاوێکی هونەرساز، ئەوەی لەم دیدە کاڵ و فەقیرەدا ئیش دەکات ڕاگواستنی هونەرە بۆ دادگای کۆمەڵایەتی سەرجادە..
 من لەپشت ئەو ستونە شکاوەوە تەنیا هەژاری بنوسەکەی نابینم، بەڵکو هەژارییەکی کلتوریی دەبینم، کە دەڕوات و خوێنی لێ دەتكێ.. دەڕوات و لای وایە هەرچی لەگەڵ ئەقڵی داماوی ئەودا نەهاتەوە و بۆی نەهاتە ژێر تەفسیری بچووکی خۆی؛ (سوکایەتییە)!.. ئەگەرچی مەسخەرەکردن یەکێکە لە ڕەگەزە بنچینەییەکانی ئەدەبیات و هونەری پۆست مۆدێرن، بەڵام هونەر لەم چاپەی سەروەدا کە ئێمە لێی تێدەگەین سوکایەتیکردن نیە بە مرۆڤ، بەڵکو سوکایەتیکردنە بە دیدێک کە ناتوانێ مرۆڤ جگە لە دوو دەست و دوو قاچ و یەک سەر.. وەک ئۆبژێکتێک بۆ کارێکی هونەری و وەک فۆرمێکی تری جیاوازیش چاو لێبکات.
سەیرکردنی هونەر وەک دیاریدەیەکی سێنسی، مەرجی ئەوەیە بەسەردا نەکەویتە ئاوەوە، هیچ یەکێ لە سەگە کازاخییەکان، خۆیان لە ڕووبارەکەدا نەدیبوو، ئەوەی ئەوان دیبویان سەگی تر و مانگی تر و ئاسمانی تربووە، تەنیا ئەوەیان نەبێت، کە بۆی قووتنەچووبوو ئەوە خۆی بێت لە ئاوەکەدا و وەک حیکایەتی ئەشکەوتی گریکییەکان، کەوتبووە داوی ڕاستییەکی شکاوەوە، ڕاستییەک؛ کە دوژمنی ڕاستەقینەی خەیاڵە.