( هۆشمەندی بەڵایەکی گەورەی ئێمەی مرۆڤە، بەدەر لەوە دنیا بوونێکی تری هەیە، بوونیکی بێدەنگ و بێ پرسیار، بوونێک کەئاژەڵەکان تێیدا بەختەوەرن؟!)  وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان

بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە ئەمڕۆ لەناو نووسینی کوردیدا.. کەمن ئەو تێکستانەی خاوەنی دونیابینییەکی فراوان و گرژی و ئاڵۆزییەکی وەهان کەخوێنەر تووشی تێڕامان و پرسیار و ڕاڕایی و نیگەرانی دەکەن، ئەمەش پەیوەندی بەبازاڕیی بوونی نووسین و ئەو لێشاوە زۆرەی نووسینەوە هەیە، کەبوونی هەیەو ڕۆژانە لێرەو لەوێ گلەیی و ناڕەزایەتی خوێنەران و نووسەرانی لەبارەوە دەبیسترێت، بەڵام ئەمەش ناکاتەوە ئەوەی بڵێین تێکستی گرنگ و جددی بوونی نییە، چونکە نووسینی نەمر لەهەر سەردەم و قۆناغێکدا هەڵگری خەسڵەت و ناوەڕۆکێکی وەهایە کەڕۆحی نەمری پێدەبەخشێت.
هەڵبەت ئەم نووسینەی ئێمە نەدەچێتە قاڵبی لێکۆڵینەوەیەکی وردی تەواوی ڕەگەز و پێکهاتەکانی ئەم ڕۆمانەوە، نەدەشچێتە پێداهەڵدانی کوێرانەو بێئاگاییانەوە، بەڵکو تەنها ڕانانێکە لەدیدی خۆمەوە وەک خوێنەریکی ئەم ڕۆمانە، چونکە ڕۆمانەکە قسەو باسی زۆر هەڵدەگرێت و دەکرێت لەلایەن کەسی دیکەو لەکات و شوێنی دیکەدا قسەی لەبارەوە بکرێت، لێرەدا بەکورتی لەسەر چەند لایەنێکی دەوەستین و شتێکی کەمی لەبارەوە دەڵێین.
سەرەتا
سەرەتای ڕۆمانەکە بەهاتنە گۆی کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە دەست پێدەکات وهەر خۆشی شتێک لەمەودای کەسایەتییەکەی ڕوون دەکاتەوەو دەڵێت: 
من فەرهاد تانجووری دووەمم....
دەبینین نووسەر لەڕێگەی گێڕانەوەوە لەزاری کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەوە دەست دەکات بەچوونە نێو گێڕانەوەکەوە، کەئەمەش ئەگەرچی تەکنیکێکی نامۆ نییە لەڕابردوودا؛ بەڵام بەشێوەیەکی هونەرییانە نووسەر توانیویەتی بەکاری بخات، بۆ زیاتر جوانکردنی شێوازی گێڕانەوەکان، دواتر و هەر لەقسەکانی ئەم کاراکتەرەوە؛ وا دەردەکەوێت کەشتێک ڕوویداوە، کەئەمەش جارێکی دیکە دەبێتە سەرەتایەکی کاریگەر و سەرنجڕاکێش، زۆرینەی کات ئەم جۆرە تەکنیکە لەسەرەتای ڕۆماندا توانای ڕاکێشانێکی زۆری خوێنەری هەیە بۆ نێو جیهانی ڕۆمانەکە.
بیرۆکە
ئەگەر تەماشای کارەکانی پێشووی (یوسف) بکەین، دەبینین هەمیشە تێکستەکانی هەڵگری بیرۆکەو ئامانجگەلێکی گرنگن ونووسەر زۆر بەئاگایی و وریاییەوە هەڵیبژاردوون بۆ کارکردن، واتە مەبەستی نووسەر تەنیا نووسین نییە، بەڵکو ئامانج و بیرۆکەیەکە و دەیەوێت لەڕێگەی نووسینەوە بیخاتەڕوو، زۆرینەی کات کارکردنی ئەم نووسەرە، کارکردنەوەیە لەنێو مێژوودا، واتە گۆڕینی مێژووە بۆ ئەدەب، لەنێو ئەدەبی جیهانیدا ( بۆرخیس) نمونەی هەرە دیاری ئەم جۆرە کارکردنەیە.
ئەم ڕۆمانەی ( یوسف عزەدین) دەچێتە خانەی شێوازی دووبارە کارکردنەوە لەمێژوودا و لەم ڕۆمانەدا نووسەر گەلێک بابەتی گرنگی مێژوویی دەهێنێت و لەدید و ڕەهەندی جیاوازەوە کاریان تێدا دەکاتەوەو لەهەندێ شوێنیشدا خوێندنەوەی جیاواز بۆ مێژوو دەکاتەوەو سەرجەمی ئەو بەشە نووسراو و دەماو دەم و مێژووییانە هەڵدەوەشێنێتەوەو سەر لەنوێ بونیادیان دەنێتەوەو مانای دیکەیان پێدەبەخشێت.
کاتێک خوێنەر بەر وشەو ڕستەو واتاکانی ئەم تێکستە دەکەوێت، دەبینێت هەندێک ڕووداوی مێژوویی بەجۆرێکیتر دەگێڕدرێتەوە، جیاواز لەو گێڕانەوانەی پێشوو، لەبەر یەکترازاندنی مێژوو و دروستکردنەوەی لەم تێکستەدا بەجۆرێک لەگەڵ فەنتازیا و تەکنیکی ڕۆمانەکەدا یەکانگیر بووە کەهەرگیز هەست بەلەنگی و ناڕێکی ناکەیت لەنێوانیاندا، واتە بیرۆکە.. وەک خوێن بەتەواویی دەمار و موولوولەکانی فۆرم و ناوەڕۆک و تەکنیکی ڕۆمانەکەدا بڵاوبۆتەوەو پێكڕا مانا و دەلالەتەکان پێکدەهێنن، ئەگەرچی خوێنەر لەهەندێ شوێندا هەست بەلەتبوون و پچڕ پچڕبوونی گێڕانەوەکان دەکات، بەڵام ئەوەش نابێتە کەموکوڕی و دواتر دوای خوێندنەوەی تەواوی تێکستەکە هەست دەکەیت جۆرێکە لەتەکنیکی نوێی گێڕانەوەو تێکستە تازەکانیش زۆرینەیان بەم شێوەیەن کەئەویش پەیوەستە بەزەینی پەرش و زاکیرەی تەفروتونا بووی مرۆڤی تازەوە؟!
گرنگە نووسەر بەر لەوەی دەست بەنووسینی هەر تێکستێک بکات، بزانێت ئامانجی چییەو دەیەوێت چی بنووسێت؟ واتە نووسین ئامانجێکی لەپشتەوە بێت، کەنووسین خۆی نەبێت، یان بەمانایەکی تر نووسین لەپێناو نووسیندا نەبێت، بەڵکو نووسین لەپیناو ئامانجدا بێت. گەلێکجار بەر ئەو تێکستانە دەکەوین کەئامانج لێیان ڕوون نییەو نازانین نووسەر دەیەوێت چیمان پێ بڵێت، یان بیرۆکەیەک لەپشت نووسینەکەوە هەیە، بەڵام نووسەر ناتوانێت بەڕێگایەکی دروست بیگەیەنێتە خوێنەر، ئەمە ئەو جۆرە لەنووسین دەگرێتەوە کەئەقڵیکی باشی لەپشتەوە نییە، ئەگەرچی پرۆسەی نووسین پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لەکێشمەکێش و ڕاڕاییە، بەڵام کەنووسەر توانای کردنەوەی گرێ و نەزانراوەکانی نەبێت و هۆشیار نەبێت بەرامبەر بەنووسین، دەکەوێتە هەڵەی گەورەوە، بەکورتی دەمانەوێت بڵێین زۆرجار بوونی بیرۆکە بەس نییە بۆ ئەوەی نووسەر بتوانێت تێکستێکی باش بەرهەمبهێنیت، بەڵکو قودرەتی ئەو بەسەر نووسیندا گەلێک گرنگە.
گومان لەنووسیندا هەوڵێکە بۆ گەیشتن و نووسەر هەتاکو خاوەنی گومان و قەلەق بێت لەنووسیندا، زیاتر دەتوانێت لەکردەی نووسین تێبگات و نهێنییەکانی کەشف بکات. خۆشبەختانە هەر لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم لاپەڕەی ئەم ڕۆمانە، نووسەر هێندە بەئاگاییەوە سەرەتایەکی گرنگ بۆ بیرۆکەی نووسینەکەی دەخوڵقێنێت کەخوێنەر نەتوانیت هەر وا بەئاسانی دەستبەرداری بێت، ئەمەش خاڵێکی گرنگی نووسینی سەرکەوتووە، بەش بەش و لاپەڕە بەدوای لاپەڕەدا بیرۆکەکان زیاتر ڕوون دەبنەوەو ڕووداوە بچووکەکان ڕاماندەکێشن بۆ لای ڕووداوە گەورەکان و لەوێوە بەکێشمان دەکەن بۆ ترۆپکی ئاڵۆزی بابەتەکە.
ئەتمۆسفێر(کەشی گشتی)
ئەتمۆسفێر لەم ڕۆمانەدا ناجێگیرەو واتە کەشێک نییە لەسەرەتاوە تاکۆتایی خوێنەر لەگەڵ خۆیدا پەلکێش بکات و گۆڕان و جێگۆڕکێ بەخۆیەوە نەبینێت!؟ کەشی ئەم ڕۆمانە کەشێکی جیوەییە، واتە هەر دەمەو لەبارودۆخێکدا یاری دەکات!؟ ئەمەش جارێکی تر لەخزمەت گەیاندن و باشتر گێڕانەوەی بیرۆکەی سەرەکیی ڕۆمانەکەدایە..چونکە هەر کات ئەتمۆسفێر چەقیبەست و گۆڕان و جیاوازیی بەخۆوە نەبینی، ئەوا خوێنەر ناتوانێت لەخوێندنەوە بەردەوام بێت و ئەو دەم دەستبەرداری تەواویی ڕەگەزەکانی تری تێکستەکە دەبێت کەئەمەش چەندین جار ڕووبەڕوومان بۆتەوە!؟ ئەگەرچی هەر تێکستێک خاوەنی کەشی خۆیەتی، بەڵام گرنگە نووسەر بتوانێت کەشێکی پڕ لەبەها و ئیستاتیک بخوڵقینێت و خوێنەر بەکەشێک ئاشنا بکات کەپێشتر پێی ئاشنا نییە.
ئەم ڕۆمانە خاوەنی کەشێکی هێندە ئەفسووناویی و جاودووییە کەخوێنەر هەست دەکات لەبەردەم جیهانێکدایە کەپێشتر دەرکی پێنەکردووە؟! دواتریش لەڕێی تێکشكاندن و پەرشکردن و لەتکردنی زەمەن و ئاڵوگۆڕکردنی ڕووداوە مێژووییەکان..یاریکردن بەمانا تەقلیدییەکەی مێژوو.. هاوکات لەهەندێک جێگەشدا بەئێستاکردنی مێژوو، یان ڕابردوو، دیسانەوە جوانی و بەهای ئیستاتیکی دەگێڕێتەوە بۆ تێکستەکەو چێژێکی باش دەبەخشێت..پاشان ئەم جوانییەش دەبێتە کەرەستەیەک بۆ خزمەتکردنی ڕاستەوخۆی گێڕانەوەی بیرۆکەکان و گەیاندنیان بەخوێنەر.
کۆتایی
کۆتایی ڕۆمانەکە کۆتاییەکی داخراو نییە، واتە سەرجەمی گێڕانەوەو ڕووداوەکان کۆتایی پێنایەت تا خوێنەر بگەیەنێتە دڵنیایی..بەڵکو نووسەر چارەسەری تەواوی گرفت و ئاڵۆزییەکان ناکات و پرسیارگەلێکی زۆر بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە..چەندین گومان و ڕەهەندی نەدۆزراوە دەمێنێتەوە کەدەکرێت لەلایەن خوێنەرەوە خوێندنەوەو ڕاڤەی جیاوازیان بۆ بکرێت، دواجار ئەمەش دەبێتە خەسڵەتیکی بەرچاوی تێکستەکەو دەبێتە هۆکارێک بۆ زیندوویی کۆتایی ڕۆمانەکەو تەواویی تێكستەکە.

 

ژێدەر: ڕۆمان-وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان/بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی/چاپخانەی شڤان٢٠٠٩