Notice: PDO::__construct(): Setting mysql connection to use "hemin.dk.mysql.service.one.com" in /customers/2/7/1/hemin.dk/httpd.www/mla/core/modules/mysql/src/Driver/Database/mysql/Connection.php on line 189 ئەرێ بە ڕاست دنیا کاول دەبێت کاتێک کەسێک "خیانەتی هاوسەری" ئەنجامدەدات؟ | ماڵێک لە ئاسمان
ئەوەی کە بە "خیانەتی هاوسەری" ناودەبرێت، بە یەکێك لە گەورەترین جۆری بێوەفاییەکان لەقەڵەم دەدرێت لە پەیوەندی خۆشەویستیدا.
سەیر لەوەدایە کە ئەم تێڕوانینە دیدێکی زۆر کورتبینانەیشە. ئاروزووی سێکسی ئینسان وزەیەکی هەتا بڵێی بەهێزە. هەربۆیەش ئیمکانی ئەوە هەیە کە هاوکات کێکەیش بخۆیت و لێیشت بمێنێتەوە. ئەمە پوختەی پەیامی "ڤێسنا پرێکۆڤیچ"ە لە لاپەرەی کولتوری " داگێنز نیهێتەر"دا. دەربڕینی ئەوەی کاتێک کیك هەمووی خورا ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە هیچی لێ نامێنتەوە . بەلام خواردنی کێکەکە و مانەوەی کەمێکی لە زمانی سویدیدا، وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی ئەگەری هەڵبژاردنێکی دیکە لە دۆخێکی واهیدا لێکدەدرێتەوە.
بەر لە خوێندنەوەی ئەم وتارە
دەربڕینی "خیانەتی هاوسەری" وەک چەمکێک بۆ سەرنجلێدان لەوەی کە کەسێک لە پەیوندییەکی خۆشەویستیدا ، کە لە زمانی کوردیدا ڕیک پەیوەستدەبێتەوە بە پەیوەندییەکی هاوسەرییەوە، مەیلی بەلای کەسی سێیەمدا دەچێت، هەتا بڵیی دەربڕینێکی بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای نێگەتیڤ. "خیانەت" ئاماژەکان دەباتەوە بۆ سەر جەنگ ، ئەنجامدانی کارو کردەوەیەک کە ژیانی خەلکی دی پێوە تا ئاستی مردن و کوشتن نزیکدەخاتەوە. لادان لەو پەیامە کۆمەلایەتیانەی کە لادان لێی، ئینسان ڕووبەڕووی سزای توونددەکاتەوە. کاتێکیش جەندرمە بینراو و نەبینراوەکانی پارێزەرانی شەرەف لە پشتەوە ئامادەییان هەبێت، ئیدی دەربڕینەکە هێندەی دی خوێناوی دەکات بەرلەوەی بڕگەیەکی یاسایی لە ناوپەرەگرافی سزاکانەوە خۆی نیشاندابێت.
لە کاتێکدا لە زمانە ئەوروپییەکاندا، دەرئەنجامەکانی ئەم کردەیە وەک لای ئێمە بارگران ناکەوێتەوە و زیاتر لە پەیمانشکێنییەک نزیکدەبێتەوە کە لە خراپترین دۆخەکاندا بە جایبوونەوە تەواو دەبێت.
من کاتێک گوێم لە گۆرانییەکەی ماملێ دەبێ کە شیعرەکەی هێمن دەچڕێ:
لە نێو کوردا نەبوو پەیمانشکێنی
لەکوێ فێر بووی گوڵم پەیمانشکاندن.
هەستدەکەم کە دەربڕینی "پەیمانشکێن"ی دەربڕینێکی دروستتر بێت بۆ "خیانەتی هاوسەری". چونکە لە ڕاستیدا دەربڕینەکانی وەفاداربوون و بێوەفایی کرۆکی باسی خیانەتی هاوسەریی پێکدەهێنێت و لە کۆمەلگای کوردیدا جگە لە توورەبوونێکی رۆمانسیانەی ناو گۆرانی و شیعری ئاشقانە هیچ زرنگانەوەی خیانەت بەو دەرئەنجامە نیگەتیڤانەوە لەلای کەس بەرهەمناهێنێ.
بەلام "خیانەتی هاوسەری" کە لە ڕاستیدا جۆریک لە پەیمانشکاندنە لەبەرانبەر بەڵێندانێکدا بە یەکتری لە پرۆسەی پێکەوەنانی خێزانیدا، ئەگەر کەمێک ئاقلانە مامەلەی لەگەڵدا بکرێ، دەکرێ بەجایبوونەوەیەکی سادە کۆتایی پێ بێت بێ ئەوەی دەمانچە و تؤلەسەندنەوە و ستیگمای کۆمەلایەتی بەرهەم بێنێ: "ژنەکەی فلانە کەس لەگەڵ کوڕەکەی فیسارە کەسدا دەستی تێکەڵکرد و بۆی دەرچوون" .
من لە وەرگێرانی ئەم وتارەدا، "خیانەتی هاوسەری"م بەکارهێناوە لەبەرانبەر ئەو کردەیەدا کە لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا، لایەنێکی پەیوەندییەکە بە ئاشکرا یان بەنهێنێ، پەوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بەرقەرار دەکات. ئەویش ڕێک لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە هیچ دەربڕێنێکی تر شک نابەم بۆ وەرگێرانی چەمکەکە. ئەگەرچی من پێموایە لە زمانە خۆرهەلاتیەکاندا و لە یاساکانی ئەم ولاتانەدا چەمکی خیانەت بەکاردەبرێت. ئەم وتارە ڕەنگە کۆمەککەر بێت بە تێروانینێکی نادراماتیکیانە بۆ سەرنجدان لە کردەیەکی واهی.
ڕەنگە "خیانەتی هاوسەری" هیچ شتێک نەبێت جگە لە کۆتایی خۆشەویستیەک و دووبارە دەستپێکردنەوەی خۆشەویستیەکی دی. ئەوەی کە لەم نێوەدا وندەبێت، تەرەفێکی ئەم هاوکێشەی پێکەوەییە، واتە یەکێکیان. بەلام خۆشەویستی درێژە بە ژیانی خۆی دەدات لەگەڵ کەسێکی تردا. ئەو پرسیارانەی لەم وتارەدا دەکرێن، ئازاردەرانەیە بەوەی ئەم پرسیارە دەخاتە ئاستی کردنەوە و دانپێانانێکی ڕاشکاوانەیشی تێدایە کە زۆر کەس جورئەتی وەلامدانەوەی نییە.
لە زمانی کوردیدا دەربڕینی: بەشەرەفم لەگەڵ ئایش دا وەک خوشک و برامان لێهاتووە" باشترین دەربڕینە بۆ نەمانی هێچ ترووسکەیەکی سێکسی و حەزو ئارەزوویەک بۆ یەکتری سەرەرای مانەوە لە نێوان ئەم چوارچێوە پێکەوە ژیانییەدا.
دەکرێ مێردی ئایش ئەم وزە خۆشەویستی و حەزە سێکسییە لە کەسێکی دیکەدا ببینێتەوە؟ دەکرێ ئایش چاوی بەلای کەسێکی دیکەدا بچێت و هەستبکاتەوە کە کەسێک ئارەزووی بۆی هەیە و دەکرێ ئاشق بێتەوە؟
ئەوەی لەم وتارەدا دەستی بۆ دەبرێت، ڕێک ئەم باسەیە. بەڵام لە کۆنتێکستێکی سویدیدا. بەڵام لێرەیش لە سوید وەڵامەکان بەسەر بەرەکانی "بەلێ" و "نا" دا دابەش بوو بوون.
ئەم پرسیارە، بە وەلامەکانی ئا یان نا نادرێتەوە. بینینی وێنەیەکی واهی بە ڕەشی یان سپێتی، ئاستی جەدەلەکان قفڵدەکات. دەکرێ وەلامەکان ڕەنگی غەیری ڕەش و سپی لەخۆی بگرێت، ئەمەش لە ڕاستیدا، کۆتایی جەدەلی ئەم باسە بوو لە لاپەرە کولتورییەکانی ڕۆژنامەکانی سویددا. واتا بینینی نیگایەکی لەم جۆرە بۆ تێروانین لە پرسیارەکە.

ئەرێ بە ڕاست دنیا کاول دەبێت کاتێک کەسێک "خیانەتی هاوسەری" ئەنجامدەدات؟
نووسینی:Vesna Prekopic
وەرگێرانی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد
بلاوکراوە لە رۆژنامەی بەیانیان: Dagens Nyheter

لە باری تیۆرییەوە زۆر ئاسانە لە هەموو شتێک دڵنیا بیت. دواتریش لەو جیهانە واقعییە ئاڵۆزەدا ڕادەوەستیت و بۆت دەردەکەوێت کە هیچ نازانیت.
هەتا نەکەویتە دۆخێکی کۆنکرێتەوە لە پەیوەند بە هەڵبژاردنێکدا، کە تیایدا هەلبژاردنەکە نە ڕەشە و نە سپییە، بەلکو کەمێک خۆلەمێشییە، ئینسان بۆی دەرناکەوێت کە تۆ کێیت.
"خیانەتی هاوسەری" یەکیك لەو حاڵەتانەیە. کاتێک گەنج بووم، قەناعەتێکی بەهێزم هەبوو کە قەت لە "خیانەتی هاوسەری" نابوورم و سووریش بووم لەسەر ئەوەی کە قەت خۆم ئەو کارە ناکەم.
لەو کاتەوە تا ئیستا، هەم خیانەتم لێکراوە و هەمیش خیانەتم لە کەسانی دی کردووە.
هەتا چووبێتمە تەمەنیشەوە، زیاتر بیرم لەوە کردۆتەوە کە بۆچی "خیانەتی هاوسەری" تا ئێستاش بە یەکێک لە بێوەفاییە گەورەکانی ناو پەیوەندیی خۆشەویستی لەقەلەم دەدرێت؟
من تێدەگەم کە ئەمە دەربارەی جێگای خۆشەویستییە لە دروستکردنی پەیوەندی خۆشەویستیدا کە تیایدا پەیوەندی سیکسی بە تایبەت وەک پێشمەرجی پەیوەندییەکە سەیردەکرێت.
ئەمە ئەو دراوە گوومان هەڵنەگرتووەیە کە هەستە سیکسیی و چالاکییەکان، دەبێ تەنیا و تەنیا لەوێدا بن. ئەگەر ئەم چالاکیی و هەستە سێکسییانە، ڕوویانکردە شوینێکی دی، کەواتە هەڵەیەک لە پەیوەندییەکەدا هەیە وبەڵگەی کۆتای خۆشەویستییە.
سەیر لەوەدایە کە ئەم دیدە زۆر کورتبینانەیە، لەسەر بنەمای ئەو دیدە ڕۆمانسییەوە بنیاتنراوە کە ئەوە بە تەنها یەک ئینسانە کە دەبێ هەموو پێداویستییەکانی ئینسان ڕازی و جێبەجی بکات.
من پێموایە کە ئەمە ئیمکانی نییە و قەناعەت بەخۆمان دەکەین کە دەکرێ وابێ و ڕازیبوونی خۆمان ڕادەگەێنین بەوەی کە هەمانە.

سوید بە یەکێک لە سێکولێرترین دەوڵەتەکانی دنیا هەژماردەکرێت. بەشێوەیەکی گشتی، دۆگما ئاینییەکان دەستنیشانکەری ئەوە نییە شێوازی ژیانی تایبەتی خۆمان و بەها هاوبەشە کۆمەلایەتییەکان دەبێ چۆن بن. تەنانەت ماڵەکەی کڵێسایش، قبووڵكەری پێداویستییەکانی ئینسانی ئەمرۆی لەخۆیدا جێکردۆتەوە و بۆ کەسانێکی غەیری ئاینیش، لە رێگای رێکخستنی کۆڕی نووسەران و کۆنسیرتی جاز و کۆرسی فەلسەفە و تێراپی ئەنجیلەوە، کڵیسا بۆتە باخچەی کولتوری کاتی ئازادی ئینسانەکان. لەگەڵ ئەمانەیشدا، هەستدەکرێت کە قسەکردن لە "دە فەرمان"ەکەی موسا، هێشتاش لە وشیاری ئێمەدا بە تەواوەتی چەسپیوە و نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە. ئەمە بێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە کەسەکە هاوسەرگیری کردبێ یاخود نا.
مەبەست لە دوو لە دە فەرمانەکەی موسا:" تۆ نابێ خیانەتی هاوسەرگیری ئەنجام بدەیت" و" تۆ نابێ حەزت بچیتە سەر ئافرەتی نزیکی خۆت و ......هیچ شتێکی نزیکی خۆت". (وەرگێڕ)
ئەوەی کە سەرنجی منیش ڕادەکێشێ ئەم "حەز"ەیە. لەو رۆژەوەی کە وزەی ئارەزوو و حەز لە منی داوە ئەگەرچی لەناو پەیوەندی پێکەوەیی خۆیشمدا بووم، من بەشوێن ئەو پرسیارەوە بووم کە بۆ دەبێ ئەم ئارەزوو سێکسییە جلەوبکرێت کاتێک ئێمە بەشوێن ئازادی ناو پەیوەندیەکە و ئازادی ناو چەندەها کایەی دیکەی ژیانەوەین. من ڕۆژ بەرۆژ ئەو قەناعەتەم لا دروستدەبێت کە ئەم وزە و ئارەزووە دەبێ وەڵامێکی ئەرێنی پێ بدرێتەوە بە جیا لە کۆنترۆلکردنی.
هەموو ئەوانەی کە ئەم وزەیەیان تاقیکردۆتەوە، کە ڕەنگە کەسانێک بە عاشقبوون ناوی بەرن، دەزانن ئەم هێزە داوای تەسلیمبوونێکی تەواوەتیت ڵیدەکات. ئەم هێزە لەشەکان دەخاتە لەرزە و بێ هیچ بەربەستێک بەرەو لای یەکیان رادەکێشێ.

من زۆر جاران لە ئاخاوتن لەگەڵ هەندێک لە هاوڕیکانمدا باسم لەم ئەزموونی نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر دۆخەکەدا کردووە. یاخود ڕاستتر باس لە هەستی پڕبوون لەوەی کە دەبێ بڕیاردەرانە بەشوێن ئەم ئارەزووەوە بم.
بەڵام ئایا ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە من بێوەفایم لەبەرانبەر هاوژینەکەمدا ئەنجامدابێت؟ بێگوومان وەڵام بە ئەرێیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو نۆرم و بەهایانەی لە کۆمەلگادا هەن. بەلام بۆ من، وەلامەکە بە نایە ئەویش لەبەر ڕۆشنایی ئەو قەناعەتەی کە ئەم جازبییەتەی باسیدەکەم، لە ناو ئەو پەیوەندییەوە سەری دەرنەهێناوە کە من ئێستا تیایدام.
لە یەکێک لە بەشەکانی " دەربارەی خیانەتی هاوسەری" بەرنامەی" ماڵی فەلسەفە"ی کەناڵی یەکی ڕادیۆی سویددا، "کاترین ئەندێرسۆن" کە سۆسیۆلۆگ و لێکۆلەرەوەی پرسیارەکانی سیکسوالیتێتە، دەربارەی ئەو تێڕوانینە دەدوێ لە پەیوەند بە "خیانەتی هاوسەری"یەوە کە وەک بێوەفایی، پەیامنشکێنییەک سەرنجی لێدەدرێ. ئەو ئەم دیدو سەرنجدانە دەبەستێتەوە بە خەیال یان ئایدیای "پێنەگەیشتن"وە . بۆ ئەو، ئەوە شتێکی دیکەیە کە گەنجان دەیانەوێ و دەتوانن لەگەل کێدا سەرجێی بکەن، بەڵام کاتێک گەورە دەبن، ئامانجی بەرزی
"پێگەیشتن " یان گەوەرەبوون، دەبێتە پێکەوەبوونی دووکەسییانەیە. من پێموایە "کاترین" راستی هەیە کاتێک ئاماژە بەوە دەدات کە ئێمە داوایەکی کەمتر لە گەنجان دەکەین، بەڵام هاوکاتیش دەربڕینەکەی ئەو ، جۆرێک لەسادەکردنەوەی تێدایە لە پەیوەند بەوەی کە پێی دەوترێت، "پێگەیشتن" . چونکە ئەو ئەم پرۆسەیە لە جڵەوکردنی غەریزەکانی لەشدا دەبینێتەوە. کاتێک عەقڵ دێتە ژوور، پاڵیک بە حەزەکانەوە دەنرێت، ئەم دەربڕینە بەکوررتییەکەی ئەوە دەگەێنێت. ئیتر ئەم گەمە نابەرپرسیارانەیە دەگۆرێت بە یارییەکی جدی. بەڵام بۆ من دەربڕینی "پێگەیشتن" یان گەورەبوون ، وەک تێگەیشتنێکە لە پەیبردن وکەشفکردنی بوارە جیاوازەکانی دیکەی ژیان بە بێ گوێدانە ئەو سنووردارکردنانەی ئەوانی دیکە دەیانەوێ دایبنێن. لێرەدا خاڵێکی ئەخلاقی لە ئارادایە کە دەڵێ کارێکی هەلەیە بە ئاگاهانە ئازار بە کەسێکی دیکە بگەێنی. لە ڕاستیدا هەرواشە کاتێک وەفاداری لە پەیوەندییەکدا درزی تێدەکەوێت.
نووسەری دانیمارکی " لونی فرانک" لە کتێبەکەیدا:" خۆشویستن، سەبارەت بە سروشتی خۆشەویستی" دەنووسێ: بەوەی لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان لە لایەن خۆمانەوە هەڵبژێردراوە و لەسەر خۆشەویستی بنیاتنراوە، بێگوومان ئازارێکی سەختتر دروستدەکات بۆ ئەو کەسەی کە "خیانەتی" لەبەرانبەردا دەکرێ. بە کورتییەکەی، تۆ خۆت منت هەڵبژاردووە، من، لە ئێستایشدا کەسێکی دیکە هەڵدەبژێری. بۆیەش ئاسانە وەک بەسووک سەرنجدانێکی خۆشەویستی خۆت بۆ من سەیربکرێت."
بە تێروانینی فەیلەسوف " یاکوب ڤێرک مێستەر" لەهەمان پرۆگرامی "ماڵی فەلسەفە"ی رادیۆی سویددا، ئەمە جۆرێکی دیکە لە ئازارە کاتێک ئینسان پێیدەزانێ کە ئەوی دیکە "خیانەتی هاوسەری" لەبەرانبەردا کراوە بە بەراورد بەوەی کە ئەوی دیکە پەیوەندییەکە کۆتایی پێدەهێنێت و جیا دەبێتەوە.
ئەمەی دواییان لە باری مۆراڵەوە دروستە. ئاخر ئینسان هیچ بەرپرسیارێتییەکی مۆراڵی نییە کە لە پەیوەندییەکدا بێت، بۆیەش هیچ کارێکی هەلە ناکات کاتێک کۆتایی پێدەهێنێ. بەڵام کردەوەکە جیاوازە کاتێک کەسێک "خیانەتی هاوسەری" ئەنجامدەدات.
بەڵام ئایا ئەمە لە واقیعدا ڕاستە کە ئینسان بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی نییە لەبەرانبەر ئەو پەیوەندی یان خێزانەی کە هەڵیبژاردووە کە بەشێک بێت لێی؟
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم دید و بۆچوونانە هێشتا درێژە بەتەمەنی خۆیان دەددەن لە کاتیكدا نۆرمی دوانەیی پێکەوەبوون رۆژانە لە لاوازبوونی خۆیدایە. بۆ نموونە خێزان پێکەوەنان لەمڕۆدا کارێکی بێگووماناوی نییە، چ وەک وەک پرۆژەیەکی پێکەوەژیانی دووکەسی ژنێک بۆ پیاوێک.
لەمڕۆدا شیوازەکان هێندە زۆرن کە ناوهێنانی وەک خێزانێک کە لە منداڵانی پەیوەندییە پێشووییەکانی هەردوو تەرەف پیکهاتووە وهەموان پێکەوەن، یان مۆدێلی خێزانی هاورەگەزی هەردوو تەرەف یان ئەو دایکانەی کە منداڵیان لە رێگەی IVF وە دروستکردووە. سەیرەکە لەوەدایە کە هێشتاش کەسانێکی زۆر هەن کە پێیان سەختە کە جیاکاری لە نێوان ئارەزووی سێکسی وئەو پەیوەندییە مۆنۆگامییە کۆمەلایەتیدا بکەن کە هەیانە. (مۆنۆگامی بەواتای رێپێدان بەوەی کە پیاوێک تەنها بۆی هەیە ژنێکی هەبێت. پێچەوانەی پۆلیگامییە کە بە فرەهاوسەری ناسراوە و لە کوردوستاندا بە فرەژنی ناسراوە. لە کاتێکدا لە هەندێک کولتوری تردا پۆلیگامی فرەپیاوێش دەگرێتەوە.) وەرگێڕ.
دەوترێت کە پیاوان زۆر جار پەنادەبەنە بەر "خیانەتی هاوسەری" لەبەر پێداویستییە سیكسییەکانیان. لە کاتێکدا بۆ ژنان لە خراپی ئەو پەیوەندیەدایە کە لە ناویدان.
ئەگەر ئەمە بەمانای ئەوە بێت کە پیاوان دەتوانن جیاوازی لە نێوان ئارەزووی سیکسی و مانەوە لەنێوان هەمان پەیوەندیدا بکەن، من ئامۆژگاری ژنان دەکەم کە فێرببن و ئەوە ببینن کە ئەوانیش دەتوانن ئەم جیاوازییە بکەن، ئاخر هەردووکیان، ئارەزووی سیکسی و پەیوەندییەکە دوو پێداویستی جیاوازبەیەک پڕدەکەنەوە.
بێگوومان دەیەها هۆکار هەن کە وادەکات پەیوەندیت بە تەنها بە تاکە کەسێکەوە هەبێت. پەیوەندییەک کە تیایدا هەستەکان و سەقامگیری ئابووری، بەرپرسیارێتی و هۆگری بۆ پرسیارەکانی یەکدی بە تایبەت لەگەڵ کەسێکدا کە بە قوڵی خۆشەویستییەک لە نێواندایە و ئینسان دەیەویت تا کۆتا بێت. بەڵام وەک چۆن پزیشکی دەروونی وتێراپێفتی پەیوەندییەکان "ئێستەر پارێل" باسیدەکات، لەوانەیە ئەوەی کە خۆشەویستی و شەهوەتی حەزلێکردن بەرهەمدەهێنێ هەمان شت نەبن". ئەوەی کە ژیانەوە بە حەزی ئینسان دەبەخشێت و هەموو ئەو شتانەی دی کە ئێرۆتیک لەنێوان ئینسانەکاندا دەگەشێنێتەوە، لە زۆر کاتدا ئەو شتانەیە کە خێزان لە بەرانبەریدا سەرسەختانە خۆپارێزی لێدەکات.
ژیانی خێزانی، دووبارەبەرهەمهێنانەوە، رۆتین و دەرئەنجام دەخوازێ. لە کاتێکدا ئێرۆتیک، لەسەر ڕازونیاز، پێشبینینەکراوی و سۆپرایس دەژی. ئەمە بەشێک لە قسەکانی خانمی بەلجیکی "ئێستەر پارێل"ە لە رۆژنامەی "داگێنز نیهێتەر"ی رۆژی ١٠ دیسیمبەری ساڵی ٢٠١٧دا. ئەو ئاماژەش بەوە دەداتەوە کە بۆچوونی هاوسەرگیرییەکی پڕلە سۆزهەمیشە پڕ لە دژایەتی بووە.
لە کتێبی:" ترس لە فڕین"ی "ئێریکا یۆنگ:دا کە بە یەکێک لە کلاسیکییەکانی ئازادی سێکسی لەقەلەمدەدرێت لە ساڵی ١٩٧٣دا، ئەو ڕێک و ڕەوان دەنووسێ: ئەگەر کەسێک پیاوەکەی خۆیشی خۆشبووێت، ناکرێ ئەوە نەهێنرێتە پێشچاو کە ڕۆژێک دێ سیکسکردن لەگەڵ ئەودا هیچ لەزەتێکی تیانامێنی و لە خواردنی پەنیرێکی شل دەچێت. خواردنی ،جێگایەک دەگرێ بەلام تەزوویەک بە گلاندەکانی تام و چێژدا ناهێنێت و تووشی لەرزلێهاتنت ناکات.دوای ئەوەش ئینسان ئارەزووی هاتنی رۆژێکی دیکە و تامێکی دیکەی لەزەتبەخش دەکات."
لەوە دەچێت ئێستا زۆرتان بڵێن: بیبڕەوە و تەوای بکە!
ئاخر پەیوەندییەکی خێزانی دەکرێ پڕ بێت لە ئیرۆتیکاش سەرباری منداڵ، جلشۆشتن، قاپشۆرین و هەموو ئەو ماندووێتیانەی دیکە کە دەکرێ وزە سێکسییەکان وەڕەزبکات. ئینسان دەکرێ کارێکی زیاتر لەگەل ئەوەدا بکات. لە راستیشدا هەروایە، ئینسان دەبێ بەتەنگ پەیوەندییەکەوە بێت و کاری بۆ بکات بەڵام چی دەکەیت کاتێک هیچ حەزێک لەیەکتریدا نابینرێتەوە؟ دەکرێ ئینسان جیا بێتەوە لە کاتێکدا ژیانێکی خۆشەویستانەیشیان پێکەوە هەیە؟ وەڵام بە ئایە ئەگەر ئینسان پییوابێ بەختەوەری لە پەیوەندییەکەدا لەسەر سێکس ڕاوەستاوە و بێ سێکس شایەنی درێژەپێدان نییە، باشرە کە جیابوونەوە هەڵبژێردرێت. ئەگینا رێگاچارەکە دەبێتە ئەوەی درێژەدان بە پەیوەندییەکە بەبێ سێکس و گەڕان بەدوای سێکسدا لەدەرەوەی پەیوەندییەکەدا. من پێموایە کە "ئێستەر پیرێل" ڕاستدەکات کە سۆزداری و پەیوەندییەکی درێژی پێکەوەیی ناکرێ بەیەکەوە ببەسترێن. لانی کەم هێشتنەوەی وەک ئەوەی کە دەبێ. من پێموایە کە ئێمە دەبێ وازبێنین لە گاڵتەکردن بەو خەیاڵەی کە ناکرێ پەیوەندییەکی سۆزداری بە هەمان شێوازی عاشقبوونەوە بهێڵرێتەوە کاتێک قۆناغی عاشقبوون بە یەکتری بەرەو کاڵبوونەوەی خۆی دەچێت. لەوە دەچێت ئەم سۆزدارییە توندوتوڵە لە دەرەوەی ئەم پەیوەندییە بەردەوامەی ئێستادا بێت.
هەر ئەمەشە کە وادەکات خەڵکانێکی زۆرلەم هەستپێکردنەدا بەشداربن. بۆ "لۆو فرانک"، رێژەی ئەوانەی کە جارێک ئەم کردەوەنەیان ئەنجامداوە- لە خۆرئاوادا دەگاتە نێوان ١٥٪ و ٧٥٪، بێگوومان بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن دەکرێ "خیانەتی هاوسەری" پێناسە بکرێت. ئاخر چەندەها هۆکاری جۆراوجۆر هەن ئینسان والێدەکات پەنا بەرێتە بەر "خیانەتی هاوسەری". ئەو لەپەیوەند بەوەی کە بۆچی خۆی "خیانەتی هااوسەری" ئەنجامداوە بەمجۆرەی خوارەوە تاقیکردنەوەی خۆی دەگیڕێتەوە: " لە دۆخی ئەمریکادا، کەیسەکانی خیانەتی هاوسەری زیاتر لەسەر حەز و تامەزرۆیی بۆ ئەوی دی بووە وەک لە سێکس و هەندێکی دییان لەسەر دۆخی هەستکردنە بەوەی دی لە کاتی سەرخۆشبووندا". من پێموایە ڕاستییەکی زۆر لە دەربڕینەکەی ئەودا هەیە و هاوکاتیش هەستێکی هەر ئاوا سەرخۆشانەیە کاتێک دەتەوێت کەسێکی دیکەت بووێت.لەوانەیشە هەر لەبەر ئەوەیە بۆ ئەوەی تۆ ببیت بە کەسێکی دیکە ، ئەوەی کە خۆتی ڕاستەقینەیت. یانی بوونەوە بە خۆ.
ئارەزووی سێکسی وزەیەکی هەتا بڵیی گەورەیە. ئێمە خۆمان پێ بەختەوەرترە کاتێک هەست بە وزەی خۆشەویستی دەکەین. بۆیە دەبێ خۆمان پێ بەختەوەر تر بێت کاتێک لە ژیاندا بۆ جارێکیش بێت هەست بەم وزە گەورەیەی خۆشەویستی بکەین. تۆ کاتێک کەسێک دەبینی کە ئارەزووی لێتە و تۆش بەهەمان شێوە، بە دوای ئەم تەوژمەدا بڕو. ئاخر ئەم هەستە بە هەموو کەسێک بێدارناکرێتەوە.
ئەوەش بزانین کە ژیان کورتە. لە تەمەنی درێژی ئینساندا، بێ هیچ دوودڵییەک کەسانێک پەیدا دەبن و دێنەسەرێ کە ئینسان ئارەزووی سیکسی بۆیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نامانەوێ ئەم حەزو ئارەزەووەی خۆمان بەجێبگەێنین چونکە پێمانوایە کارێکی نەکردەیە کە ئارەزووە ڕۆحی و جەستەییەکان دەکرێ ڕازی بکرێن. یان هەر لە بناغەوە پێمانوایە کە کارێکی وا ئیمکانی کردنی نییە، چونکە ئەمە یەکێک لە گوناحەکانە. بەڵام وەک چۆن ئیمکانی هەبووە و هەیە کە نۆرمەکانی خێزان دەبێ چۆن چۆنی بێت و تیكبشکێنرێت، بە هەمان شێوەیش دەرفەتی ئەوە هەیە کە شەبەقێکی گەورە بکرێتە جەستەی ئەو تێروانینەی کە پێیوایە ناکرێ کێکەکە بخۆیت و لێت بمێنێتەوە. بەلام بۆچی ناکرێت؟.

لینکی وتارەکە لە رۆژنامەی DN

Är det verkligen hela världen att vara otrogen? - DN.SE