وەرن یاران ئەجەل ڕەهبەرمە ئەمشەو
فیراقە ئەووەڵی ئاخرمە ئەمشەو
خەیاڵی بەزمەکەی قەیسەرمە ئەمشەو
سەدای سەمتووری کەللەم گەرمە ئەمشەو
چریکە و بانگی دڵ بێ شەرمە ئەمشەو
تەبیعەت بەرزە زاهیر گەرچی پەستم
نەوەی ئەو شێرەکەی ڕۆژی ئەلەستم
لە باڵا بۆ بەڵا پشتێن ئەبەستم
بە نینۆک کاری فەرهاد دێ لە دەستم
وەها شاهۆ لە ناڵەم نەرمە ئەمشەو
شەوی هیجرە دڵم زامار و مەحزوون
دەروونم ئاگری بەردایە گەردوون
نەماوە ڕاحەت و عەقڵ و سەبر چوون
لە تەنیایی بە یادی ڕووحی مەجنوون
خەیاڵی گەشتی دەشت و دەرمە ئەمشەو
لەسەر عەقڵ و لە دڵ ڕاحەت کە دەرچن
ئیتر نامێنێ فەرقی ژین و مردن
حەقی وایە کە عاشق دەربەدەر بن
ئەگەر چی یار و یاوەر بوونە دوژمن
غەمی بێ یاوەریی یاوەرمە ئەمشەو
ڕەقیب و ناحەزت مەسروور و خەندان
ڕەفیق و دۆستانت مات و حەیران
منیش سووتاوە جەرگم بۆتە گریان
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان
تەمای سنعاتەکەی ئازەرمە ئەمشەو
بە کوشتن عاشقانت کرد سەرەفراز
منت هەر هێشتەوە بۆ عیشوە و ناز
وەکو کەو خۆی دەکا (حەمدی) فیدات باز
سەرم شۆڕی ویساڵی کەوتە سەر باز
دیسان (کوردی) کە دەردی سەرمە ئەمشەو